یەكێتی پرسی یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك دەخاتەوە بەردەم پارتی

پۆڵەتیك پرێس:
یەكێتی نیشتمانی پرسی یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك دەخاتەوە بەردەم پارتی دیموكرات‌و دەیەوێت پێش هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق ئەو پرسە یەكلابكاتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ناو یەكێتی نیشتمانی دراوە بە “پۆڵەتیك پرێس”، لەدواین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی، باسی پرسی پۆستی پارێزگاری كەركوك كراوەو بڕیاریانداوە لەكۆبوونەوەكانی داهاتوو، ئەو پرسە تاوتوێبكەن.

هەر بەپێی زانیارییەكان، پارتی‌و یەكێتی لیژنەیەك بۆ ئەو مەبەستە پێكدەهێنن‌و بڕیارە لەو بارەشەوە بەم نزیكانە كۆبوونەوەیەكی باڵا ئەنجامبدەن.

لەو بارەوە محەمەد دوشوانی ئەندامی سەركردایەتی‌و بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی نیشتمانی لەكەركوك بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتی: لەكۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێـتی باسی ئەو پرسە كراوە، بۆ ئەوەی زەمینەسازی بكرێت بۆ كۆبوونەوەیەكی باڵای نێوان هەردوولا.

محەمەد دوشوانی وتیشی: ماوەیەكی گژی‌و ئاڵۆزییەكان لەناوچە كێشەلەسەرەكان بەردەوامەو ئێستاش زیاتربووە، بۆیە یەكێتی دەیەوێت بەوەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك ئەو كێشەو ئاڵۆزییانە چارەسەر بكات.

بەقسەی بەرپرسەكەی یەكێتی لەكۆبوونەوەی داهاتوویان لەگەڵ پارتی باسی كێشەی ناوچە لەسەركانی كەركوك دەكرێت‌و وتیشی: ئومید دەكەین هەڤاڵانی پارتی بێنە پێشەوەوە بۆ ئەوەی بتوانین رووبەرووی ئەو كیشانە ببینەوە.

لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكۆتبەری 2017 پۆستی پارێزگاری كەركوك كەوتە دەست راكان سەعید جبوری، كە عەرەبی سووننەیەو ئێستا بەهۆكاری كێشەكانی ناوچەكە تۆمەتبار دەكرێت.

هاوكات محەمەد خورشید بەپرسی لقی كەركوكی پارتی دیموكرات لەبارەی هەوڵەكەی یەكێتی بۆ كۆبوونەوە لەسەر پرسی پارێزگاری كەركوك بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتی: یەكێتی لەگەڵ نوێنەری لایەنەكان‌و تەنانەت نەتەوەیەكگرتووەكانیش گفتوگۆی كردووە، بۆ ئەوەی ئەو بابەتانە چارەسەر بكرێت.

محەمەد خورشید وتیشی: ئێمە پێمانوایە، ئەو گرفتەكان ئاسان نییە، بۆیە دەبێت بەگفتوگۆی هەموو لایەنەكان چارەسەری پرسی پۆستی پارێزگاری كەركوك بكرێت.

پێشتر پۆستی پارێزگاری كەركوك لای نەجمەدین كەریم بوو، كە لەپشكی یەكێتی ئەو پۆستەی وەرگرتبوو، بەڵام بەهۆی كێشەكانەوە لەپۆستەكەی دوورخرایەوەو دوای دوورخستنەوەشی تۆمەتی گەندەڵی درایە پاڵی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا