وەلید بووەوە بە پێشمەرگە

پۆڵەتیك: سپۆڕت
زۆرن ئەوانەی لە مێژووی بالەی كوردستان و عێراق ناوی زێڕین بوون و تا ئەمڕۆش بە پاڵەوان و ئەفسانە ناو دەبرێن و بینەری یاری بالە لە خۆشەویستی ئەوان دەچێتە نێو هۆڵەكان و بەردەوام هانیان دەدەن و خۆشحاڵ دەبن بە ئەفسونەكانیان كە دەیكەن.

وەلید بەرامبەر 3 بلۆكینی پێشمەرگەی سلێمانی

وەلید عارەب یەكێكە لە یاریزانە ناوازەكانی كورد كە ماوەی چەندان ساڵە لە نێو هۆڵەكانی كوردستان و عێراق و وڵاتانی عەرەبی ئەسپی خۆی تاوداوە و بەردەوام ژمارەیەكی ناوازە بووە و هەمیشە لە نێو پێكهاتە بەهێزەكاندا ناوی وەلید بە یەكێك لە ناوە دیار و ناوازەكان هێندراوە.

وەلیدی تەمەن 39 ساڵ پارساڵ لەگەڵ یانەی پاسەوانانی قەڵای هەولێر بوو كاپتنی تیپەكە بوو لەگەڵیان جوانترین و ناوازەترین سەنفۆنیاكانی خۆی نماییش دەكرد و ئەوەی لە توانایدا بوو لە هێزی جەستە و ئەزمونی پێشكەش بە یانەی شارەكەی كرد لە ئەمساڵیشدا و ماوەی 3 هەفتەیە لە شاری سلێمانی یە لەگەڵ هاوڕێكانی عەلی تەها مەشق و ڕاهێنان دەكات وەك Politic sport پرسیارمان ئاراستە كرد ئاخۆ گەڕاوەتەوە یانەی پێشمەرگە یاخود هەر بۆ مەشق كردن و نەوەستان هاتۆتە سلێمانی و لەگەڵ هاوڕێ‌ كۆنەكانی مەشق دەكات لە وەڵامدا وتی: (بەڵێ‌ ماوەی 3 هەفتەیە لە شارە حەیاتەكەم هاوڕێیان پەیوەندییان پێوە كردم وتیان پێشمەرگە پێویستی پێتە منیش وتم باشە و هاتم تا ئێستا ئەوە سێ‌ هەفتەیە لێرەم باسی هیچمان نەكردووە هەر مەشق دەكەم لەگەڵ هاوڕێیان و تەواو).

وەلید لەگەڵ یاریزانانی بالەی یانەی هەولێر

سەبارەت بە واژوو كردنی بۆند و ماوەی یاری كردنی بۆ پێشمەرگە كاپتن وەلید وتی: (پێ‌ دەچێت سبەی پێنج شەممە واژوو لە سەر بۆندی نوێ‌ بكەم لەگەڵ ئیدارە ئەگەر نا یەك شەممەی داهاتوو بە دڵنیاییەوە بۆندەكە واژوو دەكرێت و ئیتر بە دەریش دەكەوێت بۆ چەند بەشدارییە، چونكە لە بۆندی ئێمەدا باس لە خولی عێراق دەكرێت دواتر ئەگەر بەشداری عەرەبیمان هەبوو ئەوا بەشداری یانەكانی عەرەبیش قسەی ترمان دەبێت، بەڵام خۆی بۆندەكەمان زیاتر بۆ وەرزێكە و دواتریش دەبینین بزانین چی دەبێت).

سەبارەت بەو بڕە پارەیەی وەری دەگرێت بۆ ماوەی ئەو وەرزە وەلید بە پۆڵەتیك سپۆڕتی ڕاگەیاند: (بۆ ئەوەش قسەمان نەكردووە، چونكە من پێشتر یاریزانی پێشمەرگە بووم و یاریم بۆ كردووە هەرگیزاو هەرگیز كێشەمان نەبووە ئەمجارەش دڵنیان نابێت و بۆیە ئەوەش كێشەیەكی ئەوتۆ نییە).

دواتر سەبارەت بە شێوازی ڕێكەوتن بۆ یاری پێ‌ كردنی پرسیاری ئاراستە كرا لە وەڵامدا وتی: (ماوەی مەشق و ئامادەكاری بڕیار دەدات شێوەی تیمەكە چۆن دەبێت تۆش كە یاریزانێك دەبێت و ئەزمونت دەبێت و لە شێوازی یاری كردنی ڕاهێنەرەكەت تێگەیشتوویت بە دڵنیاییەوە كاریگەری دەبێت لە سەر شێوازی یاری كردنت ئیتر یەدەگ بیت یان سەرەكی ئەوەیان لە كۆتایی ماوەی ئامادەكارییەكاندا ڕوون دەبێتەوە، بەڵام ئێمە زیاتر پابەندین بە نەخشە ڕێگای ڕاهێنەرەوە بۆیە زۆر كێشە نییە چۆن و كەی یاری دەكەیت گرنگ ئامانجی باڵای یانەكەیە كە بیپێكین و هەموانیش لە سەر ئەو شتە هاوڕاین).

پاڵەوانی خولی نایابی بالەی عێراق لەگەڵ پێشمەرگە

ئەگەر چی تا ئێستا بە ڕەسمی چالاكییەكانی بالەی عێراق دەستی پێ‌ نەكردۆتەوە دوای وەستانی لەگەڵ تەشەنە كردنی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، بەڵام هەواڵی گەڕانەوەی سەرجەم چالاكییەكانی وەرزش لە عێراق لە لایەن عەدنان درجالی وەزیری وەرزشەوە وای كرد یەكێتی یە وەرزشییەكان بكەونەوە خۆیان و هەوڵی دەست پێ‌ كردنەوەی چالاكییە وەرزشییەكانیان بدەنەوە و یانەكانیش لەو چوار چێوەیەدا ئامادەكاری چڕ و پڕ دەكەنەوە پێشمەرگەی سلێمانیش كە یەكێكە لە یانە گەورە و ناوازەكانی بالەی عێراق هەوڵی دروست كردنی تیپێكی بەهێز و تۆكمە دەدات بە مەبەستی كێبڕكێ‌ كردن لە پاڵەوانێتییەكاندا.

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا