پۆڵەتیك پرێس
تا ئێستا كێشەی بارهەڵگرەكانی مەرزی باشماخ چارەسەرنەبووە و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت، پێشتر كۆنووسێكیان واژۆكردووە و پارێزگاری سلێمانیش فەرمانی پێدەركردووە، بەڵام تا ئێستا ناوەڕۆكی كۆنووسەكە جێبەجێنەكراوە.
ئەكرەم شەریف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند: “كۆنووسێكمان بە پێنج خاڵ لە مانگی شوباتی 2020 دەركردووە و داومانەتە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگا ئەویش لە 9-3-2020 نووسراوی پێدەركردووە و ئاراستەی پارێزگای سلێمانی كردووە، لە 20-5-2020 پارێزگاری سلێمانیش فەرمانی پێدەركردووە و چەند جارێكیش نووسراوی كردووە و جەختی لە جێبەجێكردنی فەرمانەكە كردووەتەوە، بەڵام ناوەڕۆكی كۆنووسەكە تا ئێستا جێبەجێنەكراوە”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی:”ناڕەزایەتی شۆفێرانی مەرزی باشماخ و فرۆشیارەكانی عەلوەی سلێمانی هەیە لەسەر ئەو كۆنووسە، شۆفێرەكان دەڵێن ناوەڕۆكی كۆنووسەكە جێبەجێنەكراوە و فرۆشیارەكانیش دەڵێن لەكاتی جێبەجێكردنی كۆنووسەكە و رێگە نەدان بە هێنانی بارەكانمان هەڵوێستمان دەبێت”.
باسی لەوەكرد، “رێگەچارە لای ئێمە تەنها رێگەچارەی یاساییە كە بریتیە لە جێبەجێكردنی كۆنووسەكە، ئەو كۆنووسە وەكو گرێبەست ئەژمار دەكرێت گرێبەستیش هێزی یاسایی هەیە”.
بەپێی ناوەڕۆكی كۆنووسەكە كە وێنەی لای پۆڵەتیك پرێس پارێزراوە، نابێت خاوەن كەرتەكانی عەلوەی سلێمانی بارهەڵگری تایبەت بە خۆیان هەبێت كە كاری گواستنەوەیان بۆ بكات لە مەرزەكانەوە، هەر بارهەڵگرێك لەلایەن وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن مۆڵەتی هێڵی نەبێت نابێت بەهیچ جۆرێك بار بگوازێتهوه.