هەڕەشەکانی تورکیا دۆخی شنگال ئاڵۆز دەکات

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

فەیسەڵ ساڵح، ئێزدییەکی تەمەن 46 ساڵە و لە یەکێک لە گوندەکانی شنگال لەگەڵ دایکی و سێ برایدا دەژی، ئەو بە ماڵپەڕی فرانس پرێسی وت: ئێمە لە دۆخێکی سەختدا و لەناوەندی هەڕەشەی جۆربەجۆردا دەژین.

ساڵح رۆژانە کاردەکات و دەیەوێت ماڵێک لە دەرەوەی قەزای شنگال بدۆزێتەوە تا لە حاڵەتی تێکچوونی بارودۆخی قەزاکە پەنای بۆ ببات.

ئەو بە فرانس پرێسی راگەیاند، زۆرترین شت کە خەڵکی شنگال لێی دەترسن ئەوەیە پێکدادان لەنێوان هێزە تورکییەکان و هێزە شیعەکان و پارتی کرێکارانی کوردستان لە قەزاکەیان رووبدات.

لەلایەکی دیکەوە مەحما خەلیل، قائیمقامی شنگال رایگەیاند، ئەو هێزانەی لەناو شنگالدان بوونەتە بەربەست لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاسایبوونەوەی دۆخی شنگال، وتیشی: پێویستە لەپێناو سەقامگیربوونی شنگالدا بگەینە رێگەچارەیەک و سود لە وانەکانی رابردوو وەربگرین.

لەدوای شەش ساڵ لە دەرکردنی رێکخراوی چەکداری داعش لە شنگال، ناکۆکییەکانی قەزاکە بەهۆی دەستوەردانی هەرێمییەوە بەردەوامە و ئەو توندوتیژییە نوێیانەش مەترسی لەسەر ژیانی کەمینە ئێزدییەکانی ناوچەکە دروست دەکەن.

ئەو هێزانەی لەناو شنگالدان بوونەتە بەربەست لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاسایبوونەوەی دۆخی شنگال

قەزای شنگال جێی کۆبوونەوەی کەمینە ئێزدییەکان و عەرەب و کەمینەکانی دیکەی وەک تورکمانەکانە، دەکەوێتە دووری 80 کیلۆمەتر لە باکوری موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا، ئەم قەزایە بە سێگۆشەیەکی ستراتیژی لەقەڵەمدەدرێت کە عێراق و تورکیا و سوریا پێکەوە دەبەستێتەوە، هەر ئەم هۆکارەشە وای کردووە گرنگیەکی ستراتیژی گەورەی هەبێت.

بەر لە ساڵی 2014، شنگال ناوچەیەکی کێشەلەسەری نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، دواتر کەوتە دەستی رێکخراوی چەکداری داعشەوە و بە هەزاران کچ و ژنی ئێزدییان رفاند و دەستدرێژیان کردەسەریان و بە سەدان پیاو و منداڵیشیان لەناوبرد.

سەرباری ئەوەی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2015 هێزە کوردییەکان بە پاڵپشتی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ئەو رێکخراوە چەکدارییەیان لە قەزاکە دەرکرد، کەچی هێشتا شنگال لە دۆخی ناجێگیری و ناسەقامگیریدایە و گونجاو نییە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.

لەلایەکی دیکەوە یاسین تەها، شیکەرەوەی سیاسی کە لە قەزای شنگال نیشتەجێیە بە فرانس پرێسی راگەیاند، ئەمڕۆ شنگال شوێنی کۆبوونەوەی ئەجێندا و لایەنە ناکۆک و دژبەیەکەکانە، وتیشی: لە ئێستادا شنگال لە دۆخێکی ئاڵۆز و پڕ ناکۆکیدا دەژی کە رەنگە لە هەر ساتێکدا بێت دۆخەکە بقڵیشێتەوە.

ئەمڕۆ شنگال شوێنی کۆبوونەوەی ئەجێندا و لایەنە ناکۆک و دژبەیەکەکانە

یاسین تەها لەبارەی رێککەوتنی ئاسایکردنەوەی شنگال کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمدا واژۆ کرا وتی: هەموو لایەنەکان لە شنگال رەتی دەکەنەوە دەستبەرداری هەژموونی خۆیان لە قەزاکە بن.

بەپێی بڵاوکراوەکەی فرانس پرێس، حکومەتی هەرێمی کوردستان شنگال بە بەشێک لە ناوچە خۆسەرەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەقەڵەمدەدات، بۆیە بە بوونی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” لە قەزاکە ئاسودە نییە.

لە قەزای شنگال پەکەکە چەند مۆڵگەیەکی هەیە، هەر ئەمەش تورکیای توڕە کردووە و هانیداوە بۆ ئەوەی لەپێناو هێرشکردنەسەر ئەو مۆڵگانە، سنورەکان تێبپەڕێنێت، لەوبارەیەوە یاسین تەها دەڵێت: تورکیا چاودێری دۆخی شنگال و زیادبوونی هەژموونی پەکەکە لەو قەزایە دەکات.

کانوونی یەکەمی رابردوو، تورکیا هەڕەشەکانی لەبارەی بۆردومانکردنی ناوچە شاخاوییەکانی نزیک شنگال زیادکرد و هەڕەشەی داگیرکردنی ناوچەکەی کرد، بەر لە چەند رۆژێکیش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا وتی: هەمیشە پەیمانی ئەوە دەدەم کە شەوێک لەناکاو دێین!

هێزە شیعەکان شنگال بە وێستگەیەکی گرنگ دادەنێن بۆ گەیشتن بە سوریا

لەلایەکی دیکەوە یاسین تەها باس لەوە دەکات، هێزە شیعەکان شنگال بە وێستگەیەکی گرنگ دادەنێن بۆ گەیشتن بە سوریا کە تێیدا چەندین هێزی دیکەی شیعە بوونیان هەیە و لەپاڵ رژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا دەجەنگن.

لایخۆیەوە بەرپرسێکی باڵای ئەمنی عێراق لە شنگال جەختی لەوەکردەوە، لە ناوچەکەدا هەمووان بەدوای بەرژەوەندییەکانیاندا دەگەڕێن، وتیشی: ئەندامانی پەکەکە لە ناوچەکەدان و کوردەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە شنگال ناسەقامگیرە هەتا دووبارە بگەڕێنەوە ناوچەکە، لەلایەکی دیکەشەوە هێزە شیعەکان دەڵێن سەقامگیری شنگالمان دەوێت.

لەماوەی رابردوودا مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەوڵیدا ناکۆکییەکان کەمبکاتەوە لەوبارەیەوە بەرپرسێکی باڵای سەرۆکایەتی وەزیران ئاماژەی بەوەکرد، پەیوەندی بەردەوام لەنێوان تورکیا و عێراقدا هەیە بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە دەستدرێژییەکی تورکیا بۆ ناوچەکە.

لایخۆیەوە نەسیبە یونس، توێژەر لە ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ پەیوەندییە دەرەکییەکان رایگەیاند، ئەگەر لە شنگال ناکۆکی دروست ببێت کازمی زۆر شت لەدەست دەدات.

بەپێی زانیارییەکانی عەلی عەباس، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، نزیکەی 90 هەزار خێزانی شنگال ئاوارەن و %90ی ئەو ئاوارانەش پەنایان بۆ کوردستان بردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا