کازمی: وڵات لە دەستی عێراقییەکاندایە

پۆڵەتیک پرێس

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە رەتیکردەوە وڵاتەکەی ببێتە مەیدانی ناکۆکییەکان و جەختی لەوەشکردەوە بڕیاری عێراق تەنیا لەدەستی گەلەکەیدایە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت کازمی وتی: ناتوانین بڵێین عێراق لەژێر چاودێریدا دەژی، جا چ چاودێری نێودەوڵەتی بێت یاخود هەرێمی، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە دەیەکانی رابردوودا گەلی عێراق هەڵەی بەرامبەر کراوە، وەکچۆن لە پێشووتردا وڵاتەکە بووەتە مەیدانی ناکۆکییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان.

لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان کازمی ئەوەی خستەڕوو، بەشێوەیەکی گەوهەری هیچ کێشەیەکی ئەمنی تا ئێستا دروست نەبووە، حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان رێکاری پێویستیان بۆ پاراستنی پاپا فرانسیس گرتووەتەبەر.

لەلایەکی دیکەوە ئاماژەی بەوەکرد، دەزگا ئەمنییەکانمان بەدوای ئەو کەسانەدا دەڕۆن کە لە یاسا دەرچوون و چەندین کەسیش دەستگیرکراون و تێوەگلاون و راپێچی دادگا دەکرێن، وتیشی: تاکە رێگای ئێمە رێگای دەوڵەتی عێراق و رێزگرتنە لە یاسا و رێککەوتن و بڕیارەکانی، بڕیاری ئاشتی یان جەنگ بڕیاری عێراقە نەک کۆمەڵە و تاکە لادەرەکان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەشێوەیەکی چڕ و پڕ لەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی دەستەی حەشدی شەعبی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، ماوە ماوە لەڕێی موشەکەوە ناوچەی سەوز و چەند ناوچەیەکی دیکەی عێراق کراونەتە ئامانج، ئەمریکاش میلیشیا شیعەکانی سەربە ئێران تۆمەتبار دەکات بەوەی لەپشت ئەو هێرشانەوەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا