فەڕەنسا زیاتر لە كوردستان پشت بە بەغدا دەبەستێت

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید

رۆژنامەی ئەلعەرەب بڵاویكردەوە، نزیكبوونەوەی عێراق و فەڕەنسا مەودای بێزاری ئەنقەرە نیشان دەدات، بەتایبەت لەدوای دروستبوونی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی نێوان مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا كە عێراق وەك دەروازەیەك تەماشا دەكات، بۆ گەڕانەوەی نفوزی ئەو وڵاتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

رۆژانی رابردوو ئەو هەواڵە بڵاوكرایەوە، كازمی بەنیازە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا سەردانی پاریسی پایتەختی فەرەنسا بكات، یەكێك لە ئامانجەكانی سەردانەكەش داواكاری كڕینی چەكی فەڕەنسی دەبێت.

بەپێی راپۆرتەكەی ئەلعەرەب، كازمی لەسەر چەندین رێگای جیاوازی بەرنامەكانی چاكسازی كار دەكات، ئەوەش بەپێچەوانەی كەسانی پێش خۆیەتی، كە بەتەواوەتی پشتیان بەستبوو بە ئێران بۆ بەدەستهێنانی پێداویستییە ئابووری و ئەمنییەكانی عێراق.

رۆژی دووشەممە لێدوانێكی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بڵاوكرایەوە تێیدا هاتووە، فەڕەنسا ویستی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا هەیە، هاوكات بەغداش دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ پاریسدا بەهێز بكات، چەند پرۆژەیەكی ئابووریش پێشنیار كراون و قایلبوونی بەراییان لەسەر دراوە، ئەو پرۆژانەش پەیوەندییان بە ژێرخانی ئابووری و كەرتی وزە و نەوت، لەگەڵ ئەوانەشدا بابەتە ئەمنی و سەربازییەكانەوە هەیە.

سەرۆكی فەڕەنسا پشت دەبەستێت بە بەدیهێنانی نزیكبوونەوە لەگەڵ حكومەتی ناوەند لە بەغدا زۆر زیاتر لە بەدیهێنانی نزیكایەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان

سەرەتاكانی ئەم مانگە ئیمانوێل ماكرۆن سەردانی بەغدای كرد و چەند كاتژمێرێك لە پایتەخت مایەوە، ئەو سەردانە بێزاری و توڕەییەكی ئاشكرای لەلای توركەكان دروست كرد كە ماوەیەكی زۆرە بە بیانووی بوونی ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان، چەندین ناوچەی كوردی و سەر سنووریان بۆردومان كردووە و دەسەڵاتدارانی عێراقیان هەراسان كردووە.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە، سەرۆكی فەڕەنسا پشت دەبەستێت بە بەدیهێنانی نزیكبوونەوە لەگەڵ حكومەتی ناوەند لە بەغدا زۆر زیاتر لە بەدیهێنانی نزیكایەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كە بێدەنگە لە ئاست هێرشەكانی توركیا بۆ سەر فەرماندەكانی سوپای عێراق.

هەندێك پێیانوایە، ئەو نزیكبوونەوەیەی فەڕەنسا لەگەڵ بەغدا دوای بڕیاری كەمكردنەوەی سەربازانی ئەمریكا لە عێراق دێت

بەپێی راپۆرتەكەی ئەلعەرەب، هەندێك پێیانوایە، ئەو نزیكبوونەوەیەی فەڕەنسا لەگەڵ بەغدا دوای بڕیاری كەمكردنەوەی سەربازانی ئەمریكا لە عێراق دێت بەمەبەستی پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییانەی كە دوای كەمكردنەوەی سەربازەكان دروست دەبێت، هەتا فەڕەنسا ڕۆڵی بەرچاو بگێڕێت لە چالاككردنی ناتۆ لە عێراق ئەویش لەڕێی پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری راوێژكاریی بە سوپای عێراق.

بەشێك لە شارەزایان ئەم بۆچوونە پشت راست دەكەنەوە بە گەڕانەوە بۆ ئەو كاتەی ماكرۆن سەردانی بەغدای كرد بەڵام نەهاتە هەرێمی كوردستان، هاوكات، لە هەمان رۆژی سەردانەكەی سەرۆكە فەڕەنسییەكە بۆ بەغدا، رۆژی ٢ی ئەیلولی ئەمساڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم چووە بەغدا و لەگەڵ مستەفا كازمی كۆبووەوە و هەر لەوێش لەگەڵ ماكرۆن كۆبووەوە.

بە ماوەیەكی كەم دوای كۆبونەوەی لەگەڵ ماكرۆن، لە رۆژی ٤ی ئەیلول، نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئەنقەرەی كرد و چاوی بە ئەردۆغان سەرۆكی توركیا كەوت و بۆماوەی ٨٠ خولەك بە ئامادەیی هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا كۆبوونەوە، هەندێك سەرچاوە جەختیان لەوەكردەوە، سەردانەكەی ئیمانوێل ماكرۆن بۆ بەغدا بووەتە پاڵنەر بۆ ئەو كۆبوونەوە لەناكاوەی نێوان هەردوو سەرۆكەكە.

رەخنەی ئەوەش لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان گیرا كە نابێت هەرێمی كوردستان، فەرەنسای دۆستی كورد بە توركیا بگۆڕێتەوە

كۆبونەوەكەی نێچیرڤان بارزانی و ماكرۆن لە ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش كاردانەوەی لێكەوتەوە، هەندێك بەجۆرێك لێكیانداوەتەوە كە سەرۆكی هەرێم ناوەرۆكی كۆبونەوەكانی بەغدای بۆ ئەنقەرە گواستووەتەوە.

رەخنەی ئەوەش لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان گیرا كە نابێت هەرێمی كوردستان، فەرەنسای دۆستی كورد بە توركیا بگۆڕێتەوە، لەكاتێكدا فەرەنسا پشتیوانی دروستبوونی قەوارەی هەرێم بووە لە سەرەتای نەوەدەكانەوە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بە پێچەوانەوە توركیا رۆژانە دێ و ناوچە شاخاوییەكانی كوردستان بۆردومان دەكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا