هیچ مەراسیمێك بەبۆنەی ساڵیادی كۆمەڵكوژكردنی ئێزدییەكانەوە ئەنجام نادرێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، بەهۆی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەكان هیچ رێوڕەسمێكی فەرمی لەسەر ئاستی باڵا بۆ ساڵیادی داگیركردنی شنگال و كۆمەڵكوژكردنی ئێزدییەكان لەلایەن داعش، بەڕێوەناچێت.

بە بۆنەی تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر داگیركردنی شنگال و كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان لەلایەن داعش، وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و لە بەشێكی بەیاننامەكەدا هاتووە: لە كارەساتی جینۆسایدی ئێزدییەكاندا، هەزاران هاونیشتمانی ئێزدی بوونە قوربانی و سەرنگوم و كۆمەڵكوژ كران و بە هەزاران كەسی تریشیان لە لایەن تیرۆریستانەوە ڕفێنران، ئەمە جگە لەوەی نزیكەی (360) هەزار لە دانیشتوانە ڕەسەنەكەی ئاوارەی شارەكانی هەرێمی كوردستان بوون.

ئەوەشخراوەتە ڕوو، داعش لەگەڵ هاتنیدا هەموو ئامراز و ڕێگەیەكی دژ بە بەها ئایینی و مرۆڤایەتییەكان گرتە بەر بۆ تێكدانی دیمۆگرافیا و شوناسی نەتەوەیی و ئایینی هەزاران ساڵەی ناوچەكە و تێكدانی پەرستگاكانیان و بە زۆر گۆڕینی ئایین و باوەڕی دێرینیان و كوشتنی بە كۆمەڵ و بە كۆیلە كردنیان و دەستدرێژی هەمەچەشنە، كەدواجار ئەم جۆرە تاوان و ڕەفتارە دزێوانە لە ژێر ڕۆشنایی یاسای نێودەوڵەتاندا دەچێتە خانەی تاوانی دژە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و جینۆساید.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا ستایشی دەركردنی بڕیاری(2379)ی نەتەوەیەكگرتووەكان كراوە كە تایبەتە بە پێكهێنانی تیمێكی نێودەوڵەتی بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش لە عێراق، ناسراو بە یونیتاد ، هەروەها دەستخۆشی لە بڕیارەكانی هەردوو پەرلەمانی( بەلجیكا و هۆڵەندا)ش كراوە، لە هەمانكاتدا داوا لە حكوومەتی عێراقیش دەكات لە چوارچێوەی ئەركی دەستووری خۆیدا هەستێ بە دیاریكردنی چارەنووسی ونبووان و رزگاركردنی زیاتری ڕفێندراوان و قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری قوربانیان و گەڕانەوەی ئاوارەكان و كەمكردنەوەی مەینەتییەكانیان و هەوڵدان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و ئاوەدانكردنەوەی دەڤەرەكە.

بەیاننامەكە روونیكردووەتەوە بە هۆی پەتای كۆرۆنا و پابەند بوون بە رێنماییە تەندروستییەكان هیچ مەراسیمێكی فەرمی لەسەر ئاستی باڵا بۆ ساڵیادی داگیركردنی شنگال و كۆمەڵكوژكردنی ئێزدییەكان بەڕێوەناچێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا