ياداشتەکانی خانەی مردووان دۆزەخێکی واقیعیە

ڕێبوار ئەحمەد

هەندێک ئەم ڕۆمانە بەشاکاری دۆستۆفسکی دەزانن ، هەندێکیش ڕۆمانی برایانی کارامازۆڤ. ئەم ڕۆمانەی دۆستۆفسکی لەدوای چوارساڵ زیندانی و یادگاریە تاڵەکانی زیندان دەنوسێت هەموو ئەو عەزابانەی دیویەتی لێردا بەشێوازی ڕۆمان دەیگێڕێتەوە. هێند بەقوڵی نەهامەتی مرۆڤ دەگێڕێتەوە پیاوێکی وەک ئیمپڕاتۆر ئەلیکساندەری دووەم بە قووڵی گریاوەوفرمێسک بەچاوانیدا هاتۆتە خوارەوە. زۆرێک لەڕەخنەگران بە دانتێ ی سەردەمی نوێ و ئەم ڕۆمانەیان بەدۆزەخی ئەو چواندووە و ناوزەد کردووە.

بەڵام چ دۆزەخێک ئەمەی دۆستۆفسکی هەرخەیاڵێکی ئەدەبی نییە وەک دانتێ ، بەڵکوو دۆزەخێکی واقیعیە! ژیانی خۆیەتی لەزیندانی سیبریا بەڵام لەفۆرمی ڕۆمانێکدا دەیگێڕێتەوە.ڕۆمانەکە لێوان لێوە لەبیرەوەری تاڵ و ترسناک.

دۆستۆفسکی لەنامەیەکدا دەڵێت :ٚ ڕەنگە خودا منی بۆئەم زیندانە ناردبێت هەتا بەقووڵی لەجەوهەری ئازار تێبگەم و بیگوێزمەوە بۆخەڵکی ! بەڕاستی ئەمە ووتەیەکی پێغەمبەرانەیە ! لەتەواوی ئەم ڕۆمانەدا ڕۆحی مەسیحیەت بەرجەستەیە. تۆلستۆی دەربارەی ئەم ڕۆمانە لەنامەیەکدا ساڵی 1880 بۆ ستراخۆفی هاوڕێی دەڵێت: لەم ڕۆژانەدا هەستم بەدڵتەنگیەکی زۆرکرد بۆیە بۆجاری دووەم دەستم دایە و خوێندمەوە و ئەوقەناعەتەم لەلادروست بوو هیچ شاکارێکی مۆدێرن لەم باڵاتر نییە! تەنانەت پۆشکینیش! گەر دۆستۆفسکیت بینی ڕێزوحورمەتی منی پێبگەیەنە بڵێ خۆشمەوێت. شازادە و جەنەڕاڵێکی ڕووسی بەناوی نیکۆلای ئۆرلۆف لەنامەیەکدا بۆتزار ی ئیمپڕاتۆر داوای کرد ئەوسزایانە لەزینداندا نەمێنن کەدۆستۆفسکی ڕاستگۆیانە لەڕۆمانەکەیدا باسی کردووە. بۆیە سەرەنجام ئەم سزایانە بەتەواوی هەڵگیران. ئەوەی دەتتۆقێنێت لەم ڕۆماندا نەبوونی ئازادییە و بەناچاری ژیانی هاوبەشە لەگەڵ تاوانبارە گەورەکان.

دۆستۆفسکی لەنامەیەکدا دەڵێت: هاوبەشیکردنی بەردەوامی ژیان لەگەڵ ئەوانی تردا ئەوانی تاوانباری گەورە کاریگەری ژەهری هەبوو لەسەرم ، بەدرێژایی چوارساڵ هیچ ئازارێک بەئەندازەی ئەمە ئازاری نەدام کەتاقەتپڕوکێن و لەحەوسەڵە بەدەربوو. بەتایبەت ئەوەی سەخت بوو لەسەر دەروونم ئەو دژایەتیە سەختەبوو کەدەکرام لەلایەن تاوانبارەکانی ناو زیندان بەهۆی ئەوەی منیان بەخانەدان و سەر بەچینی دەسەڵات دادەنا، لەناو ئەوانەدا خۆی چەند تەبیعەتێکی تیابوو کە شەڕووخراپەی ڕەهاو بەرجەستەبوون!

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا