وەلید عومەر سێ پەرتووکی تری دەروونشیکاری وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی

پۆلەتیک پرێس

سێ پەرتووکی تر لە زنجیرەی پەرتووکەکانی دەروونشیکاری کە وەلید عومەر وەریگێڕاونەتە سەر زمانی کوردی لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەندەوە بڵاو کرانەوە.

لەبارەی یەکێک لە پەرتووکەکان بە ناوی هێڵە گشتییەکانى دەروونشیکارى(کە “پوختەيەک لە دەروونشیکاری”یشى پێدەوترێت)، وەلید عومەر دەڵێت: دوا بەرهەمى چڕ و یەکانگیرى فرۆیدە کە بەر لە ئاوارەبوونى بۆ لەندەن دەستدەکاتە نوسینى و ساڵێک پاش مردنى(واتە لە ١٩٤٠) بڵاودەبێتەوە. ئەم کتێبە کۆى دەستکەوتە تیۆرییەکانى دەروونشیکاریى فرۆید لەخۆیدا کۆدەکاتەوە و زانیاریى ڕوون و بنەڕەتییشى تیایە. پێشەکییەکى درێژیش بۆ ئەم دەقە نوسراوە کە هەوڵدەدات بیرمانخاتەوە فرۆید هیچکام لەو وێنانەى نیە وا تا ئێستا لاى ئێمە وەرگیراوە.

No description available.

لەبارەی پەرتووکی دووەم دەروازەیەک بۆ خودئەڤینى(narcissism ), وەلید عومەر دەڵێت: دەقێکى چڕ و دەوڵەمەندى زیگمۆند فرۆیدە کە ساڵى ١٩١٤ بڵاویکردەوە. ئەم باسە تا ئێستا وەک ئاسۆ تێنەپەڕێنراوە, واتە قسەکردن لەسەر نەرجسیەت و خودشەیدایى مرۆڤ هەر لە ناو سنورەکانى ئەم باسەى فرۆیددا دەخولێتەوە(هەتا بەو هەمووە ئیزافە وردەى بلیمەتێکى وەک ژاک لاکانیشەوە, یان کتێبگەلى ناسراوى وەک کەلتورى خودئەڤینى-ى کریستۆفەر لاش). دەقەکە ئەو هەمووە شیعریەتە زیادەیەى چەمکەکە فڕێدەداتە لاوە و ڕاستەوخۆ لەڕێى هەندێک زاراوەى فرۆیدییەوە شیتەڵیدەکات وەک: لیبیدۆ, ئیگۆ ئایدیاڵ و پارافرینیا و هتد.

No description available.

لەبارەی پەرتووکی سێیەم بە ناوی دەروونشیکارى بۆ؟,  وەلید عومەر وتی: دەقێکى بیرمەند و دەروونشیکارى سلۆڤینى, ئەلێنکا زوپانچیچە کە ساڵى ٢٠٠٨ بڵاویکردووەتەوە. کتێبەکە سێ دەستێوەردانى سەرەکییە لە دەروونشیکاریى ژاک لاکان(و بەجۆرێکیش زیگمۆند فرۆید) کە بوونناسى و جوانیناسى و ئەخلاق دەگرێتەوە. زوپانچیچ لە هاوڕێ نزیکەکانى سلاڤۆى ژیژەک و میلادن دۆلارە کە هەرسێکیان پێکەوە ساڵانێکە پارتێکى تیۆرییان هەیە کە دەروونشیکارى و فەلسەفە گرێدەدات بەیەکەوە و زۆرجاریش لەپاڵ چەند هەوڵێکى تردا بە قوتابخانەى دەروونشیکاریى سلۆڤینیا دەناسرێت. هەر ئەو ساڵانە ژیژەک لە کۆڕى برینى هیگڵى(the hegelian wound)دا ئەوى بە «لاکانى‌ترین بیرکەرەوەى ئێستاى دونیا» ناوبرد. واتە هەر فەیلەسوفێکى بوێت, فڕێى دەداتە ناو مەنزوومە تیۆرییەکەى لاکانەوە و دەعبایەکى ترى لێ درووستدەکات کە بۆ ڕۆژگارى ئەمڕۆمان پتر دەستدەدات. هەر لەم کتێبەدایە بەڕوونى پێى وایە سێکسوالیتە قەت سێکسى نەبووە.

No description available.

وەلید عومەر لەبارەی وەرگێڕانەکەوە دەڵێت: وەک وەرگێڕانەکە بەشێوەیەکى سەرەکى و بەردەوام لەسەر دەقە ئینگڵیزى و فارسییەکان ئیشکراوە و بەشێوەیەکى لاوەکییش سود لە ڕیشەى عەرەبى و ئەڵمانیى چەمکەکان وەرگیراوە بۆ یەکلاکردنەوەى زاراوەکان یان هەندێ دەستەواژەى تایبەت. ناوەندى ڕەهەند چاپیکردووە و لە سبەینێوە بەردەستن. ئەم زنجیرەیە پێنج کتێبى ڕۆیشتووە و بەردەوام دەبێت, ئەویش بەو ئامانجەى کە زەمینەیەکى سەرەتایى بۆ تێگەیشتن لە دەروونشیکاریى فرۆید و لاکان بڕەخسێنێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا