نامەیەك بۆ دادوەرەكەی پایتەخت

دادوەری بەڕێز، نەدەبوو كە بكەویتە ژێرباری ئەو بڕیارە هەڵەیەوە؛ نەدەبوو خەباتی گەلەكەت كە سێ چارەكەسەدەیە تێكۆشان بۆ ئازادی و عەدالەت دەكات بكەیتە قوربانی رازیكردنی سەروخۆت كە روونە سیاسییەكی فیوداڵییە.

جەنابی دادوەر، دڵنیام لەوەی كە خۆش بڕوات بەو بڕیارەت نییە! كە لە بارەی پێنج چالاك و رۆژنامەنوسەكەی بادینان و هەولێر داو…

جەنابی دادوەر، ئەزانی مێژووت بە رەهای قڵپ كردەوە؛ هەموو خەبات و تێكۆشانی گەلەكەت خستە چوار چێوەی گومانەوە، بیرتە كە گەلەكەت تا پێش 2003 و 36 ساڵ بەدەستی جەلادەكانی بەعس لە دادگا كارتۆنییەكەی سەورە لە بەغداد چۆن ستەمیاندەكرد، 15 ساڵیان دەكردە 18 ساڵ و بە خواستی خۆیان تۆمەتیان ئاراستەئەكرد و دواتر بە بێ رەحمانە سزای رەمیی كردن و ئیعدامیان بەسەردا دەسەپاندن، بیرتە پارەی گولەی شەهیدەكانیان لە كەس و كاری شەهیدەكانی كوردستانیان دەسەندەوە و بەدزییەوە تەرمەكانیان پێ بەخاك دەسپاردن.

جەنابی دادوەر، ئەگەر ئەوانە هەربەراستی جاسوس و بەكرێگیراوی وڵاتانن، كەی حكومەكەیان بەخێوكردنە تا ماوەی شەش ساڵ! بەڵكو دەبوو سزای مەرگیان بەسەردا بسەپانایە، كوا لەم وڵاتانەی خۆمان جاسوس بەخێو ئەكەن!

یان لەخۆت بپرسیایە ئەگەر ئەمانە نزیكی وڵاتانی دەوروبەرن خۆ ئەوان بەفیعلی بەتانك و تۆپ و تەیارەوە لەبەردەم خۆتن و شارەكەت و وڵاتەكەت بستێكی نییە كە دەزگا نهێنییەكانی وڵاتانی لێنەبێت كواشتی نهێنی ماوە تا ئەوان لەبەرگروپی سۆشیال میدیا راپێچی زیندانبكرێن.

جەنابی دادوەر، تەماشای فرمێسكی ئەو كیژۆڵە دڵشكاوانەت نەكرد؛ نەدتدی كە چۆن بۆ بڕیارە ئاراستەكراوەكە، چۆن دەگریان و فرمێسكیان بۆ سەربەستی و كوشتنی ئازادی لەم وڵاتە دەڕشت كە دڵنیام لێی ناحەسێنەوە.

جەنابی دادوەر، چەند پرسیارێكت لێدەكەم؟
• سزای ئەوانەی چییە لە یاسادا كە بەرۆژی روناك شەنگالیان دایە دەست داعش و ئەویش بەهەزاران هاوڵاتی سڤیلی ئێزیدیی قەتلوعام و جینۆساید كرد و كچ و ژنەكانیانی كردە دەستكەوتی شەڕو لەناوخۆیان وەك كاڵا لە بازاڕەكان دەفرۆشت؟
• یاخود سزای ئەو كەسانە چییە كە تانكو زرێپۆشی بەعسیان لە 31 ئابی 1996 هێنایە سەرخاكی كوردستان؟
• دەپرسم سزای ئەوكەسانە چییە كە سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەیان بەهەدەرداوە و لەسەر لوتكەی چیایەكەوە تۆ و هەموو خەڵكی كوردستان بەكەیفی خۆیان ئاراستە ئەكەن؟
• سزای ئەوكەسە چییە كە ریفراندۆمێكی فاشیلیكردو میزاجی خۆی سەپاندوو لە %51 خاكی كوردستانی پێلەدەستدا؟

زۆر پرسیاری تر كەوەك ئەوەی ملۆسۆفیج، كەدەبوو دادگای پێگەرم كەیت نەك ئەم ئازادی خوازانەی تاوانیان هەر ئەوەیە وەك ئەوانی تر نەبوون.

شەو شاد… جەنابی دادوەر، ئەم شەو تۆ لە ماڵەوەیت و ئەوانیش بێ هۆ لە زیندان و منداڵەكانیش هەردەگرین بۆ مەرگی ئازادی .

رێبین عومەر

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا