دۆڕاندان لە نێوان جۆن مەکاین و دۆڵاند ترامپ دا

ئەم بابەتە 49 جار بینراوە

ئەم نووسینە باس لە جوانکارییەکانی دۆڕاندن دەکات لەناو سیستمی دیموکراسیدا. نموونەکەشی دۆڕاندنی ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٨ جۆن مەکاین بە باراک ئۆباما. نووسینەکە بەو بۆنەیەوە و لەھەمان ساڵدا نووسراوە.

”جوانکارییەکانی دۆڕاندن

ڕەنگە ھیچ شتێک هێندەی دۆڕاندن ناخۆشنەبێت، ئینسان بوونەوەرێکە حەز بە بردنەوەی بەردەوام دەکات‌ و دۆڕاندن بە ویستی ئەو بۆ سەرکەوتن‌ و پێشکەوتن ‌و گەشەکردنی بەردەوام، ناکۆکە. بەڵام دۆڕاندن بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیان بەگشتیی ‌و لە ژیانی سیاسیی بە تایبەتی. بە تایبەتیتریش بەشێکە لە ژیانی سیاسیی ئەو کۆمەڵگایانەی دەیانەوێت خۆیان وەک کۆمەڵگای دیموکراسیی بناسێنن ‌و وەک کۆمەڵگای دیموکراسیی بژین. لە ڕاستیدا ھیچ شتێک لە سیستمی دیموکراسیدا بە ئەندازەی ”ئامادەگیی بۆ دۆڕاندن“ گرنگ نییە، دیموکراسیەت سیستمێکە پێویستییەکی گەورە ‌و گرنگ ‌و بەردەوامیی، بە هێزگەلێک هه‌یە لە هه‌ڵبژاردندا، واتە لە گرنگترین میکانیزمی ناو سیستمی دیموکراسیدا، بدۆڕێت ‌و ڕازیبێت واز لە دەسەڵات بهێنێت، بۆ ئەو هێزەی دەنگدان ‌و هه‌ڵبژاردن دەباتەوە. دۆڕاو یەکێکە لە بکەرە سیاسییە هه‌رە گرنگەکانی ناو سیستمی دیموکراسیی، بەبێ بوونی دۆڕاو دیموکراسییەت ناتوانێت کاربکات‌ و بژیی. بێگومان ئەرکی دۆڕان لە دیموکراسیەتدا تەنها ئەوە نییە نیشانیبدات کێ بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەسەڵات بگرێتەدەست ‌و کێ بۆ هه‌مان ماوە بچێتە دەرەوەی دەسەڵات. واتە تەنها بۆ ئەوە نییە کارێکبکات گەمەی دیموکراسیی بەردەوامبێت‌ و ڕێ لەدروستبوونی سیستمێکی نادیموکراسیی، بگرێت. دۆڕان ئامرازێکیشە بۆ بەخۆداچوونەوە ‌و لەخۆپرسینەوەی سیاسیی. دۆڕاندن وادەکات ئەو هێزەی ئەدۆڕێت بەخۆی ‌و سیاسەت ‌و بەرنامە‌ و شێوازی کارکردنیدا بچێتەوە، واتە دەبێتە ئامرازێک بۆ تازەبوونەوە‌ و تێگەیشتن لەو خاڵانەی کە بوونەتە ھۆکاری دۆڕاندن ‌و پلاندانان بۆ چارەسەرکردن‌ و باشترکردن‌ و بنبڕکردنی ئەو ھۆکارانە. بەم مانایە دۆڕاندن نەک تەنها پێداویستییەکی گرنگە بۆ شێوازی ئیشکردنی سیستمی دیموکراسیی، بەڵکو ئامرازێکی گرنگیشە بۆ تازەبوونەوەی سیاسیی بە شێوەیەکی گشتیی. بەڵام دۆڕاندن لە دیموکراسیەتدا دۆڕاندنێکی هه‌میشەیی نییە، لەعنەتێک نییە بۆ هه‌میشەیی ڕووی لە هێزێک ‌و پشتی لە هێزێکی دیکە بێت. دۆڕاندن لە دیموکراسیەتدا ئەبەدی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی کاتییە، ئەوەی ئەمڕۆ دەدۆڕێت دەشێت سبەینێ براوەبێت ‌و ئەوەی ئەمڕۆ براوەیە دەشێت سبەینێ بدۆڕێت. بەبێ ئەم ئاسۆکراوەیە بۆ بردنەوە و دۆڕاندن دیموکراسییەت ناتوانێت بژیی. لۆژیکی کارکردنی دیموکراسییەت لۆژیکی دروستکردنی براوە ‌و دۆڕاوی جیاوازە، ڕێگرتنە لە دروستبوونی ”براوەی هه‌میشەیی“‌ و ”دۆڕاوی هه‌میشەیی“. کەس بۆ هه‌تاهه‌تایە لەسەر دەسەڵات نابێت ‌و کەسیش بۆ هه‌تاهه‌تایە لەدەرەوەی دەسەڵاتدا نابێت. ئەمە وادەکات وەکچۆن بردنەوە جوانکارییەکی تایبەتی هه‌بێت، بەھەمانشێوە دۆڕاندنیش خاوەنی جوانکاریی خۆی بێت. لەڕاستیدا ئەمیان ئەویان ئەسەلمێنێت‌ و ئەمیان بەبێ ئەویتریان، ناژیی. لە دیموکراسییەتدا جوانییەکانی دۆڕان گەر لە جوانییەکانی بردنەوە گەورەترنەبێت، بچووکتر نییە. ئەوەی وادەکات سیستمەکە بژیی ‌و بمێنێتەوە بردنەوەکە نییە، بەڵکو دۆڕان و ئامادەگییە بۆ دۆڕان.
تێڕامان لە دۆڕاندنی جۆن مەکاین، کاندیدی جمھورییەکان بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، لە دواهه‌مین هه‌ڵبژاردندا هه‌ندێک لە ڕەهه‌ندە جوانەکانی دۆڕاندنی سیاسیی ناو سیستمی دیموکراسیمان نیشانئەدات. چۆنێتی مامەڵەکردنی دۆڕاندن لەو ئەزموونەدا نموونەیەکی گەورەی بەرجەستەکردنی جوانکارییەکانی دۆڕاندنە بەو مانایەی من باسیدەکەم. جۆن مەکاین شتێکی سادە‌ و ئاسانی نەدۆڕاند، ئەم پیاوە هه‌ڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمه‌ریکای دۆڕاند، واتە گرنگترین ‌و بەهێزترین پۆستی سیاسی سەر ئەم ئەستێرەیەی دۆڕاند. هه‌موومان دەزانین پۆستی سەرۆکایەتی ئەمه‌ریکا چ دەسەڵاتێک بەو سەرۆکە ئەدات و چۆن ئەو سەرۆکە دەکاتە بەهێزترین ‌و خاوەن نفوزترین ئینسانی سەر ئەم ئەستێرەیە. سەرۆکی ئەمریکا کەسێکە دەسەڵاتێکی ئابوریی ‌و سیاسیی‌ و سەربازیی گەورەی ھەیە ‌و هێزی ئیمپراتۆرییانەی ئەمریکای لەبەردەستدایە ‌و دەتوانێت دەستنیشانی چارەنووسی چەندەها کێشەی گرنگی سەر ئەم ئەستێرەیە، بکات.

بێگومان جۆن مەکاین وەک هه‌موو دۆڕاوێک ناخۆشحاڵبوو بەرامبەر بە دۆڕاندنەکەی‌ و ئەمەشی نە لەخۆی ‌و لە هه‌واداره‌کانی ‌و نە لە دونیا، نەشاردەوە. ئەو بەئاشکرا لەبەردەمی هه‌وادارەکانیدا وتی ”من حەزمدەکرد ئەنجامەکان بەشێوەیەکی دیکە بوایە“. بەڵام کە وانەبوو وەک ”دۆڕاوێکی مەزن“ بەرپرسیارێتی دۆڕاندنەکانی گرتەئەستۆ‌ و وتی «دۆڕاندنەکە خەتای منە، نەک خەتای ئەوانەی کە هه‌واداری منن‌ و دەنگیان بۆ دام». بە بۆچوونی من یەکەمین کۆڵەکەی ”ئیستاتیکای دۆڕاندن“ لەم دانپیانانە گرنگەدایە، ئەوەی کە ئەدۆڕێت خۆی بەرامبەر بە دۆڕاندنەکەی بەرپرسیار ببینێت، نەک دۆڕاندنەکەی بخاتە پاڵ لایەن و کەسانی تر. تاوانبارکردنی کەسانیتر ڕاکردنە لە بەرپرسیاریەت، بەرپرسیاریەتێک کە ڕێزگرتن لێی لەناو هه‌ناوی ئیستاتیکای دۆڕاندایە.

لەدوای ئەم داننانە بە بەرپرسیاریەتدا، جۆن مەکاین هاتە سەر باسکردنی باراک ئۆبامای ڕکابەر و سەرۆکی تازە هه‌ڵبژێردراوی ئەمه‌ریکا. مەکاین وتی «من ڕێزێکی هێجگار گەورەم هه‌یە بۆ توانا ‌و هێزی کۆڵنەدانی ئەو. من ئیعجابێکی زۆرم هه‌یە بە ئوسلوبی ئەو کە بەھۆیەوە توانی کار لەخەڵکانێکی زۆربکات‌ و بەلایخۆیدا ڕایانبکێشێت». دوای ئەم ڕێزلێنانە شەخسییە ئینجا ھاتەسەر کرۆکی باسه‌کەی‌ و ووتی: «ئۆباما ململانێکەری من بوو، بەڵام لە ئێستا بەدواوە ئەو سەرۆکی منە». لە درێژەی قسەکانیشدا بە هه‌وادارە توڕە ‌و دڵشکاوەکانی خۆی ووت: «من کەمەکێک لەمەوبەر تەلەفۆنم بۆ باراک ئۆباما کرد ‌و بەبۆنەی سەرۆکایەتییەوە، بۆ ئەو وڵاتەی کە هه‌ردووکمان خۆشماندەوێت، پیرۆزبایم لێکرد».

مامەڵەکردنی براوە وەک براوە‌ و ڕێزگرتن لەو ئەنجامانەی کە لە بردنەوەوە دروستدەبێت، کۆڵەکەی دووهه‌می ئیستاتیکای دۆڕاندنە لە دیموکراسییەتدا. گۆڕانی بەرامبەر لە ڕکابەر‌ و ناحەزەوە بۆ سەرۆکێک کە ڕێزیدەگیرێت، خاڵی هه‌رەقووڵ ‌و هه‌رە گرنگی سیستمی دیموکراسییەتە. سیستمێک تێیدا خۆشەویستیی بۆ نیشتیمان لە خۆشەویستی بۆ دەسەڵات گەورەتر ‌و گرنگترە. لەڕاستیدا خۆشەویستیی نیشتیمان ئەو سەرزەمینە سیاسییە هاوبەشەیە کە هه‌م براوە ‌و هه‌م دۆڕاو بەیەکەوە کۆدەکاتەوە ‌و سنوورێک بۆ مەبەست‌ و ویست ‌و هه‌ستە تاکەکەسییەکانیان دادەنێت.

کۆڵەکەی سێهه‌می جوانکارییەکانی دۆڕان لە دیموکراسییەتدا پەڕینەوەیە لە دۆڕان خۆیەوە بۆ کارکردنی هاوبەش بۆ باشترکردن ‌و جوانترکردنی ژیانی گشتیی ‌و پێشخستنی نیشتیمان. لەم ئاسته‌دا جۆن مەکاین باسی ئەوەی کرد زۆر گرنگە یارمەتی ئۆباما وەک سەرۆکی وڵاتەکەی بدرێت ‌و کارێک بکرێت بتوانێت وڵاتەکە بەباشی بباتبەڕێوە. جۆن مەکاین وتی «ئێمە بە ساتەوەختێکی زەحمەت ‌و ناقۆڵادا تێدەپەڕین. من لێرەدا بەڵێن بە باراک ئۆباما ئەدەم کە بۆ چەند ساڵی داهاتوو هاریکاری تەواوی بکەم، هه‌موو شتێکیش دەکەم بۆئەوەی پێکەوە ڕووبەڕووی زەحمەتییەکان ببینەوە». هه‌روەها وتی «من داوا لە هه‌موو ئەو ئەمه‌ریکاییانە دەکەم کە هه‌واداری من بوون، ناکۆکی‌ی و جیاوازییەکانی نێوانمان (نێوان حیزبی جمهوریی ‌و حیزبی دیموکراتی) لەبیربکەن ‌و وەلایانبنێن. پێویستە ئێمە پێکەوە کاربکەین ‌و هاریکاری یەکدیبین بۆئەوەی ئەو وڵاتەی کە بۆ منداڵەکانمانی بەجێدەهێڵین، باشتربێت لەو وڵاتەی کە ئێمە تیایدا دەژین».
لەم دیدەوە دۆڕاندنی مەکاین بەقەد بردنەوەی ئۆباما گرنگە بۆ دیموکراسییەت. جوانکارییەکانی دۆڕاندن ھیچیان لە جوانکارییەکانی بردنەوە، کەمتر نییە.

 

مەریوان قانع

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک