كامیان دەگەنە بەردەم بایرن میونخ

ئەم بابەتە 54 جار بینراوە

پۆڵەتیكسپۆڕت

ئەمشەو سەعات 10 وەك سێ‌ شەوی ڕابردوو دوا تاك یاری قۆناغی 8 ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپای ساڵی كۆڕۆنا و كۆڤید 19 بەڕێوە دەچێت.

یارییەكەی ئەمشەو لە نێوان دوو یانەدایە كە هەردووكیان دەزانن لە شەوی چوار شەممەی داهاتوودا ڕووبەڕووی چی دەبنەوە مانچستەر سیتی دواهەمین نوێنەری تۆپی پێی ئینگلتەرا بەرامبەر بە یانەی ئۆڵمپیك لیۆنی دووەم نوێنەری تۆپی پێی وڵاتی فەڕەنسا لە قۆناغی 8 یانە دەدەن بە یەكدا و هەردوولایان هەوڵ دەدەن خۆیان بگەیەننە قۆناغی چوار گۆشەی زێڕینی پاڵەوانێتییەكە.

ئەگەر چی تێمە پڕ جادووە شین پۆشەكەی گواردیۆلا لە سەر كاغەز نزیكترن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یانەی باڤاری بە هۆی ئەو هێزەی لە توانا هونەرییەكانی ڕاهێنەرەوە بۆ یاریزانان گواستراوەتەوە، بەڵام لە بەرامبەریاندا یەكێك لە یانە سەرسەختەكانی تۆپی پێی وڵاتی كەڵەشێرەكان وەستاوە ئەویش لیۆنە كە هەروا بە ئاسانی ئامادەیی تیادا نییە چۆكدا بدات لە بەردەم گواردیۆلا و كوڕانی.

بە هەر شێوەیەك بێت هەموو شتێك لە یارییەكەی ئەمشەویش وەك شەوانی پێشوو ڕوون و ئاشكرایە 90 خولەك لە كاتی یاسایی لە بەردەم هەردوو یانەیە ئەگەر دەخوازن خۆیان بگەیەننە بەرامبەر بایرن لە قۆناغی پێش كۆتایی دا، تەنها ئەوەندە ماوەتەوە ئەمشەو ڕووبەڕووی یەكتر ببنەوە ئیدی یان لە قۆناغی چوار گۆشەی زێڕین دوو ئەڵمانی و دوو فەڕەنسی دەبینین كێبڕكێ‌ دەكەن یاخود ئینگلیزێك و فەڕەنسییەك و دوو ئەڵمانی دەبینین ئەمەش لە پاش تەواو بوونی یارییەكەی ئەمشەودا ڕوون دەبێتەوە.

ئەمشەو سەعات 10
مانچستەر سیتی X ئۆڵمپیك لیۆن

ئاژانسەكان/ دانەر ئەسڵان

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک