پۆڵەتیک پرێس
جۆ بایدن، سەرۆکی نوێی ئەمریکا سێ فەرمانی جێبەجێکاری دەرکرد بەئامانجی هەڵوەشاندنەوەی ئەو سنورە توندانەی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ کۆچکردن دانرابوون.
لەوبارەیەوە تۆڕی ئێن بی سی بڵاویکردەوە، یەکێک لە فەرمانەکان بریتییە لە پێکهێنانی تیمێکی کارکردن بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆی ئەمریکا بۆ کۆکردنەوەی ئەو منداڵانەی بەهۆی سیاسەتی ترەمپەوە لە دایک و باوکیان جیاکرانەوە.
لەدوای واژۆکردنی فەرمانەکان بایدن بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ئەو یاسای نوێ دانانێت بەڵکو تەنیا کۆتایی بە سیاسەتی خراپ دەهێنێت.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی ئیدارەی بایدن سیاسەتی ترەمپی بە :شکستی ئەخلاقی” وەسفکرد و وتی: ترەمپ زۆر جەختی لە دیواری سنوریی لەگەڵ مەکسیک دەکردەوە و هیچ کارێکی نەدەکرد بۆ چارەسەرکردنی ئەو هۆکارانەی وا لە خەڵک دەکەن بێنە سنورەکانی باشوری ئەمریکا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ستراتیژی ترەمپ ستراتیژێکی ساویلکە و سنوردار بوو و شکستیهێنا، بەڵام ستراتیژی بایدن پیچەوانەیە، ئەو دەیەوێت بەشێوەیەکی گشتگیر و دادپەروەرانە و مرۆیی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی کۆچدا بکات.
لە ئێستادا کۆچبەران چاویان لە دەستی جۆ بایدنە بۆ کۆتاییهێنان بەو رێوشوێنە توندانەی لە ویلایەتی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی دۆسیەی کۆچەوە گیرانەبەر.