پۆڵەتیک پرێس
(عەلی وەردی داکۆکی لە خۆی دەکات) و (سەرەتایەک دەربارەی سۆسیۆلۆژیای مەعریفە) دوو سەرچاوەی گرنگ و نوێی کۆمەڵناسی لە وەرگێڕان و نوسینی دکتۆر نەوزاد ئەسوەد لەلایەن دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان لە شاری سلێمانی بڵاو کرانەوە.
پەرتووکی (عەلی وەردی داکۆکی لە خۆی دەکات) گفتوگۆیەکی فرە ڕەهەند و کراوەیە لەگەڵ عەلی وەردی، کە حەمید ئەلمەتبەعی لەگەڵیدا سازیکردووەو د. نەوزاد ئەسوەد وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
لەم پەرتووکەدا و لە پێنج بەشدا، عەلی وەردی، بە وردی، زانیاری لەسەر زۆر بابەت و پرسی دیاریکراویی ئەدەبی و کۆمەڵناسی دەخاتە ڕوو، بەتایبەتیش پرسی سرووشتو ئاکاری مرۆڤ لە ژیان و هەڵسوکەوتی ڕۆژانەیدا، پرسی قسەکردن لەسەر شیعر وەک بونیادێکی سەرەکی بواری ئەدەبیات و ژانرێکی کاریگەریی ئەو بوارە، کە بێگومان بەدەر لە لایەنی ئەدەبی عەلی وەردی وەک سۆسیۆلژێکی قوڵ قسە لەسەر چەمکی شیعر دەکات.ئەمە جگە لەوەی وەک پیشەی پیشتری، عەلی وەردەی باس لە سرووشت و ڕەفتاری تاک بە گشتی و تاکی عێراقی بە تایبەتیی دەکات، لەگەڵ پڕۆفایلێکی ژیانی عەلی وەردی وکتێبەکەدا بڵاوکراوەتەوە.
سەرەتایەک دەربارەی سۆسیۆلۆژیای مەعریفە لەم پەرتووکەیاندا و لە حەوت بەشی جیاوازدا، نەوزاد ئەسوەد باس لە سۆسیۆلۆژیاو سۆسیۆلۆژیای مەعریفە دەکات. چ وەک چەمک و پێناسەی سۆسیۆلۆژیا، چ وەک چەمکێک لەناوکایە کۆمەڵایەتی و زانستییەکاندا.
نووسەر هەڵوێستە لەسەر سەرچاوەکانی مەعریفەی کۆمەڵایەتی و جۆر و شێوازەکانی مەعریفە و سۆسیۆلۆژیا دەکات. ئەمە جگە لەوەی جیاوازی دەکات لە نێوان مەعریفە وەک زانین و مەعریفە وەک تیۆری زانستی. کەئەم دوو چەمکەش، چەمکی نوێی زانستی کۆمەڵناسین و نووسەر لەو بوارەدا توێژەرە و خاوەنی بەرهەمی ئەکادیمیە .