بابانەکان سلێمانییان درووست کرد یان سلێمانی ئەوانی درووست کرد؟

نووسینی: سۆران حەمەڕەش، مێژوونووس و خاوەنی کتێبی “کورد کێیە”

هەموو ساڵێک یادی دروستکردنی شاری سلێمانی دەکرێتەوە و هەندێک کەسیش پیرۆزبایی لەیەکتر دەکەن و تۆزێک مشتومڕیش لەسەر ڕۆژی یادکردنەوەی شاری سلێمانی دروست دەبێت، بەڵام هەرگیز گفتووگۆیەکی قوڵ لەسەر ناسنامەی سلێمانی و مێژووی زۆر دێرینی ئەو ناسنامەیە نایەتە کایەوە. وەک زۆر لە بۆنەکانی ترمان ئێمە لایەنی ڕووکەشی سلێمانیمان بۆ گرنگە وەک لە تێگەیشتنێکی قوڵ و وورد. ناسنامەی سەرەکی سلێمانی لە دووخاڵی سەرەکیدا خۆی دەبینێتەوە کە ئەویش یاخی بوون/هەڵمەت و قوربانی و ڕۆشنبیری بوونیەتی و ئەمڕۆ بنەچەی بەشێکی ئەو ناسنامەیە بە تەواوی بە بابانەکانەوە گرێ دەدرێت و زۆر جار ئاماژە بە سێ کوچکەی بابان دەکرێت کە شاعیران نالی و سالم و کوردین. وا ئەمساڵیش یادی دامەزراندنی سلێمانی دێتە پێشەوە و پرسیارێک گرنگە کە بیکەین ئەوەیە کە ناسنامەی ڕۆشنبیری و ملنەدانی ئەم شارە، بابانەکان دایانڕشتووە و لەوانەوە دەستیپێکردووە یان بنەچەیکی دێرنتری هەیە؟

ناوچەی شاری سلێمانی بەهۆی ئەو زنجیرە شاخانەی کە دەوری داوە، جۆرێک لە پاراستنی سروشتی هەبووە و سوپای بێگانە بە ئاسانی نەیتوانیوە دەستی بە ناوچەکە بگات. نزیکی چوار هەزار و دوو سەد ساڵ لەمەوبەر پادشای ئەکەدی لەوپەڕی دەسەڵاتیدا ئەمجا توانیویەتی دەستی بە ناوچەکە بگات و لۆلۆییەکان کە خەڵکی رەسەنی ناوچەکە بوون، بۆ ماوەیەک لەو ناوچانەدا بشکێنێت. شکاندنی سوپای ئەو دەڤەرە هێندە بۆ نارام سینی ئەکەدی گرنگ بووە، لە پەیکەرێکی مێژووییدا ئەو ڕوداوەی نەخشاندووە و ئەمڕۆ لە مۆزەخانەی لۆڤەر پارێزراوە. لە ڕاستیدا تێکستی زۆر دێرین و وورد لەسەر ناوچەی سلێمانی هەیە. هەندێک لەم تێکستانە پێش دروستکردنی بەنداوی دوکان دۆزراونەتەوە و ئەوانی تری لە ئەرشیفی ئەکەدی و ئاشوریدا دۆزراونەتەوە و هەندێکی تریش لەم دواییەدا لە ناوچەی سلێمانی دۆزراونەتەوە کە هێشتا نەخوێنراونەتەوە.

یەکێک لەو تێکستە گرنگانە هی پادشای ئاشوریە کە نزیکی دوو هەزار و نۆ سەد سەد ساڵ لەمەوبەر دێتە ناوچەکە. ئەوەی مایەی سەرنجە هەندێک لە ناوچەکان ناویان وەک خۆی ماون. بۆ نموونە چەمی ڕەزان کە پێش گەیشتنی بە ناوچەی سلێمانی پێیدا ڕۆیشتووە، بە (ڕەدان) ناوی دەبات. بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە لە زمانی ئاشوری و ئارامیدا زۆربەی جار پیتی (ز) دەکرێتە (د)، بۆ نموونە (هەزەبان) یان لە ئارامیدا کردۆتە (ئەدیاب/ئەدیابین). بەو جۆرە ناوەکە ئەوساش بۆ باوباپیرانمان هەر (ڕەزان) بووە لەبەر ئەوەی کە لە تێکستەکانی هەورامانیشدا کە تەمەنیان زیاتر لە دوو هەزار ساڵە، وشەی (ڕەز) وەک خۆی بەکارهاتووە. دواتر دێتە ناو شاری سلێمانی کۆن، ئەو کات هەرچەندە شارەکە وەک ئەمڕۆ دروست نەکرابوو، بەڵام گوندەکان کە دواتر لە سەردەمی بابانیدا بوونەتە بناغەی شارەکە هەبوون. پادشای ئاشوری لە شوێنی شاری سلێمانی ئەمڕۆدا ناوی (ئیماڵی) دەهێنێت. لە ڕاستیدا بەپێی ئەوەی کە زۆربەی لێکۆلەران ئەو شوێنە بە شوێنی شاری سلێمانی ئەمڕۆ دەستنیشان دەکەن، لەوە دەچێت (ئیماڵی) هەر گوندی (مەڵکەندی) بێت کە دواتر بووەتە گەڕەکێکی سەرەکی سلێمانی. پێدەچێت کە ناوی گوندەکە لای کوردەکان لەو سەردەمەدا بریتی بوو بێت لە (ئیماڵکەندی) ئیماڵ/کەند، لەبەر ئەوەی کە ناوەکە لێکدراوە و لای کوردەکان (کەندی ئیماڵ) بووە، بۆیە ئاشوریەکان ناوی (کەند) یان نەهێناوە کە مانای هەیە و هەر بەشی یەکەمیان ناوهێناوە. ئەوە لەگەڵ ناوی تری کوردی دێریندا لە زمانی ئارامیشدا کراوە. بۆ نموونە لە ناوی(هەزەبان) دا ئەوان تەنها بەشی (هەزەب) یان نووسیوە و کردوویانەتە (ئەدیاب) لە کاتێکدا پاشگری (ان) پاشگرێکی کوردی دێرینە بە مانای (دەڤەر، شوێن) دێت، ناویان نەهێناوە. ئەوە دێرینی گەڕەکی مەڵکەندی نیشان دەدات و لە ڕاستیدا مەڵکەندی یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکانی شاری سلێمانی. دەبێت ئەوە بزانرێت لەکاتی هەڵکەندنی هەندێک بازاڕی سلێمانیدا شوێنەواری دێرین دۆزراوەتەوە، واتە شوێنی شارەکەی ئەمڕۆ شوێنەواری کۆنی تێدا بووە و ئەوەش دێرینی شارەکە دڵنیادەکاتەوە. بەڵام بەداخەوە سەرەڕای ئەوە لێکۆڵینەوەی وورد و کاری باشی تێدا نەکراوە. هەندێک سەرچاوە دەڵێن کە دواتر لەبەر خاتری بازاڕەکان زوو داپۆشراون.

پادشای ئاشوری دێتە شارێک لەکن چیای (ئەزمڕ) و بە (زەمڕو) ناوی دەهێنێت. لەوێدا لەگەڵ سوپای ناوچەکە جەنگێکی گەورە دەکات و دواتر ڕوودەکاتە (بەرزنجە) و ئەو بە (پەرسندو) ناوی دەهێنێت. بەو جۆرە (ئەزمڕ) بە (زمڕو) و (بەرزنجە) بە (پەرسندو) ناوی هاتووە. پێش ئەوەی بگاتە ئەزمڕ، پادشای ئاشوری کە دەگاتە شاخی پیرەمەگرون، ئەو دەیبەستێتەوە بە چیرۆکەکەی نوحەوە، کە ئەو سەردەمەش داستانی خەڵکی ناوچەی کوردستان بووە پێش ئەوەی کە دواتر بچێتە ئاینەکانەوە. بەستنەوەی ناوچەکە بە داستانی نوحەوە، گرنگی ناوچەکە لە داستانەکانی مێسۆپۆتامیا دەخاتە ڕوو.
لەو سەردەمەدا ناوچەی دۆڵی سلێمانی بە گشتی بە زاموا ناسراو بووە و شوێنێکی گرنگ بووە. پادشای ئاشوری کە دەیگرێت، دەڵێت قەڵای کاسیەکان لەو ناوچەیە کۆن بوو بوو و نۆژەندم کردەوە و ناوم نا (دێر ئاشور). کە لەوە دەچێت هەر ئەو ناوە بێت کە کوردەکان دواتر (دێر) ی ئاشوریان کردبێتەوە بە (شار) و ناوەکەیان کردووە بە (شار ئاسور) و دواتر لەسەر زمان گۆڕاوە بۆ (شاراسور/شارەزوور). لە ڕاستیدا ئەو قەڵایەی کە پادشای ئاشوری ئاماژەی پێدەکات، لەوە دەچێت نزیک شارۆچکەی عەربەتی ئەمڕۆ بووبێت و بە درێژایی مێژوو لەوێدا ئەو قەڵا گرنگە هەبووە کە دواتریش لە سەرچاوە ئیسلامیەکاندا ناوی هاتووە و بە قەڵایەکی گرنگ ناوی هێنراوە و باس دەکرێت کە دیوارەکەی هێندە پان بووە ئەسپسوار بە ئاسانی لەسەری ڕۆیشتووە. سەرچاوە ئیسلامیەکان تۆزێک زیادڕەوی دەکەن لە وەسفی قەڵاکەدا کە گوایە ئەسکەندەری مەقدونیش بۆی نەگیراوە و پێغەمبەر داود خۆی دوعای پاراستنی بۆ قەڵاکە و خەڵکەکەی کردووە. هەروەها سەرچاوە ئیسلامیەکان دەڵێن خەڵکەکەی هێندە یاخی و کەلە ڕەقبون، نەچوونە ئاینی ئیسلامەوە هەتاوەکو ئیسلام لێیان بێ هیوا بووە. هەندێک ئەفسانە لە ناوچەکەدا دەگێردرێتەوە کە پشتگیری لە بنەچەی ئەو ڕاستیە مێژووییە دەکەن (دواتر بابەتیان لەسەر دەنووسم).

ناوچەکە زۆر لەو سەردەمەش دێرینترە و لە سەردەمی پێش مێژوودا ئەو ڕۆڵەی دەردەکەوێت. گوندێکی وەکو بێستان سور کە نزیک شاری سلێمانیە، تەمەنی نزیکی یانزە هەزار ساڵە و یەکێکە لەو گوندانەی کە سەرەتای نیشتەجێبوونی مرۆڤی تێدا ڕوو داوە. ئا لەوێدا یەکێک لە کۆنترین تۆڕی ماسی لە جیهاندا دۆزراوەتەوە کە تەمەنی بە نزیکی هەشت هەزار و پێنج سەد ساڵ دەخەمڵێنرێت (پێشتر بابەتم لەسەر نووسیوە). تێکستەکان لەسەر ناوچەی دۆڵی سلێمانی ئەوە نیشان دەدەن کە ناوچەکە زۆر ئاوەدان بووە و یەکێک لە ناوەندەکانی دەستپێکردنی شارستانیەتی مرۆڤایەتی بووە. پێش هاتنی ئەکەدیەکان، واتە زیاتر لە چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر، دەوڵەتە شارێکی زۆر گرنگی تێدا بووە کە ناوەندی دەسەڵاتی لۆلۆییەکان بووە بە ناوی سومیروم و پادشای ئەو دەوڵەتە تێکستی مێژوویی و پەیکەری لێ بەجێماوە. بەداخەوە هەتاوەکو ئەمڕۆ ئەو شارە نەدۆزراوەتەوە، کە دەشێت لەو شارەدا هەزاران پارچە تێکست بدۆزرێتەوە و دەرگایەک لەسەر چۆنێتی ژیان و لایەنی فەرهەنگیی ناوچەکە لەو سەردەمەدا بخاتە ڕوو.

پێش هاتنی ئیسلام چەندین کەسایەتی گرنگی کریستیان لەو دۆڵەوە هاتوون. وەک جبرائیل شارەزووری و برایم شارەزووری و چەندین کەسایەتی تر کە خەڵکی ئەم دەڤەرە بوون. دواتر لە سەردەمی ئیسلامدا ڕۆڵی شارەزوور یان دۆڵی سلێمانی بە ڕوونی دەرکەوتووە. یاقوتی حەمەوی (١١٧٩-١٢٢٩ز) کاتێک کە باسی شارەزوور دەکات و زۆربەی زانیاریەکانی لە ئیبن مهەلهەل (سەدەی دەیەم ژیاوە) ەوە وەرگرتووە، بە ڕوونی دوو ناسنامە سەرەکیەکەی ئەو سەردەمەی سلێمانی ئاماژە پێدەکات کە بریتین لە یاخی بوون و ڕۆشنبیریی. سەرەتا یاقوت دەڵێت کە خەڵکی ئەو ناوچەیە هەمووی کوردن و یاخین لە دەسەڵات و خەلیفەکان و هەردەم میرەکانیان لە خۆیانن، واتە کوردن. یاقوت ئاماژە بە زانایی خەڵکی ناوچەکە زۆر بە ووردی دەکات و دەڵێت:
(ئەوە بوو لەو دەڤەرەوە خەڵكانێكی ڕێزدار ومەزن وپێشەنگ وزانا وناودارانی دادوەر ولێكۆڵەرانی وەھا ھاتنە پێشەوە كە بەدەر بوون لەدیارییكردن و دەروون دەرەقەتی ژماردن ودرێژلەسەرچوونیان نەدەھات، لەو دادوەرانە ئەوەندە بەسە باسی نەوەكانی شارەزوورییت بۆ بكەم لە پایەبڵندیی قەدر وڕێز و مەزنیی خانەوادە ونشینگە وگەورەیی كردار وناوبانگیان، كە من نەمزانییوە ونەمبیستووە لە ھەموو ئیسلامدا ھێندەی ژمارەی ئەوان دادوەر لەیەك خانەوادە ونشینگەوە دادوەریی گرتبێتە دەست، ھەروەھا نەوەكانی عەسروونیش كە دادوەرن لەشام وپێشەنگن، و لەنێویاندا سەرمەشقی لێكجوداكردنەوەی حەڵال وحەرامن وزۆری تر وخەڵكانی تری زۆریش جگە لەوان، لە لێكۆڵەرانی شافیعی مەزھەب، كە خۆێندنگەكان لەوان پڕە وجمەی دێت). دکتۆر عەبدوڵا حەیانی عەرەب لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لە ساڵی ٢٠١١ پێی هەستاوە و تایبەتی کردووە بە کەسایەتیەکانی شارەزوور و ئاماژە بە ڕۆڵی ڕۆشنبیریی شارەزووریەکان دەکات دەڵێت (زۆربەی ئەوانەی کە قازی بوون لە بەغدا، شام، موسڵ و حەلەب، شارەزووری بوون). ئەویش هاوشێووەی یاقوتی حەمەوەی هەمان سەرسوڕمانی خۆی لە ژمارەی زاناکانی ئەو دەڤەرە لە مێژوودا دەخاتە ڕوو و لەو لێکۆڵینەوەیدا ناوی دەیان کەسایەتی شارەزووری دەهێنێت کە لە بواری جیاجیادا پسپۆڕ بوون.

لە ڕاستیدا سەدان کەسایەتی و زانای شارەزووری گرنگی دۆڵی سلێمانی لە سەردەمی ئیسلامدا هەبوون، کە هێشتا دەزگا کوردیەکان ئاشنای زۆرینەیان نین. یەکێک لەو کەسایەتیە جیهانیانە شەمسەدینی شارەزووریە. لە ڕاستیدا گەر شەمسەدین فەیلەسوفێکی ئینگلیز یان فەرەنسی بوایە ئەمڕۆ جیهان و کوردیش ئاشنا دەبوو بە فیکری ئەو پیرمەندە. مرۆڤ کاتێک کتێبەکانی شەمشەدین دەخوێنێتەوە، شەرم لە هەلومەرجی ڕۆشنبیری ئەمڕۆ دەکات کە ئەو زانایە نزیکی هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر لە چ ئاستێکی فکریدا بووە. دەرکەوتنی ئەم کەسایەتیانە لە ناوچەکەدا بەردەوام بووە و لەم پێنج بۆ شەش سەد ساڵەی دواییش بەردەوام کەسایەتی گەورەی جیهانی هێناوەتە کایەوە. لەوانە برایم کوردی گۆرانی شارەزووری (١٦١٤-١٦٩٠ز)، مەولانا خالیدی نەقشبەندی (١٧٧٣-١٨٢٧ز) و سوڵتان سەهاک-ی بەرزنجیی کەسایەتی و پیرمەندی مەزنی یارسانەکان کە خەڵکی ئەم دەڤەرە بووە و نزیکی حەوت سەد ساڵ لەمەوبەر سەبارەت بە کەعبەکردنی بەرزنجە بۆ کورد دەفەرموێ:
عیسا باوەما، عیسا باوەما داود تۆ بزا عیسا باوەما
شێخو بەرزنجە و حاجی و کاوەما چێگا ئاخر مۆر فەرەن لاوەما
سوڵتان سەهاک ێژێت (داود، شێخ عیسا باوکمە و بەرزنجە لە جیاتی حەج و کەعبەی منە و ئەمانە فەرز و پیرۆزن بۆ من).

بەو جۆرە دەڤەرەکە هەمیشە ئەو هەڵکەوتە جوگرافیەی وایلێکردووە کە تەنانەت خەڵکەکەی هەوڵ بدەن حەج و کەعبەش لە ناوچەکەی خۆیاندا دابنێن و تا ساڵی سیەکانیش ئاماژە بە بەردە ڕەشەکەی مزگەوتی بەرزنجە کراوە و پێم وابێت ئەمڕۆش بەردە ڕەشەکە هێشتا لە دیواری مزگەوتەکەی بەرزنجەدا مابێت کە چیرۆکێکی دوور و درێژی لەسەرە.

دۆڵی سلێمانی بە درێژایی مێژوو ناوەندێکی کوردی بووە و هەڵکەوتە جوگرافیەکەی وایلكردووە کە هەمیشە ملی بە دەسەڵاتدارانی بێگانە نەدابێت جا ئەو دەسەڵاتدارە خەلیفەی بەغدا بووبێت یان هەر دەسەڵاتدارێکی تر. هەرچەندە ناوچەکە لەلایەن بێگانەوە چەندین جار داگیرکراوە، بەڵام هەمیشە ڕۆحێکی بەرەنگاربوونەوەی تێدا زیندوو بووە و دەسەلآتی وەرگرتۆتەوە. جا کاتێک کە بابانیەکان لە ساڵی ١٧٨٤ ز دا شاری سلـێمانی نوێیان دروستکردووە و لە قەڵاچوالانەوە پایتەختی ئیمارەتەکەیان هێناوەتە ئەوێ، سەدان ساڵ پێش بوونی بابانەکان ئەو ناوچەیە مەڵبەندی پیرمەند و کەسایەتی جیهانی بووە. بۆیە ڕاستە سلێمانی نوێ وەک شار لەلایەن بابانەکانەوە دروستکراوە بەڵام سلێمانیی وەک فەرهەنگ و مێژوو و ناسنامەکەی، زۆر لە بابان دێرنترە و سەدان ساڵ پێش هاتنی بابانەکان ئەو دۆڵە دوو کاراکتەرە تایبەتەکەی خۆی هەبووە، مل نەدان بە دەسەڵات و بێگانە و ڕۆشنبیری.

بەداخەوە ئەمڕۆ بۆچوونێکی هەڵەی بێ بنەما لە ناو خەڵکدا وەک ڕاستی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت کە دەڵێت لایەنی ڕۆشنبیری سلێمانی لەگەڵ دامەزراندنی شاری سلێمانی لەلایەن بابانەکانەوە دەستیپێکردووە و زۆر جار سێ کوچکەکەی بابان، واتە سێ شاعیرەکە کراون بە پێشەنگی ئەو لایەنە. بەڵام خوێندنەوەی چەند پەڕەیەکی کتێبە تەمەن هەشت سەد ساڵەکانی پیرمەند و فەیلەسوفی جیهانیی شەمسەدینی شارەزووری و ناسینی دەیان کەسایەتی مەزنی مێژوویی ئەو دەڤەرە بە تەواوی بۆمان دەردەخات کە چەند بە هەڵە لە ڕەگی فەرهەنگیی ئەو ناوچەیە گەیشتووین و لە ڕابردوودا و پێش دەرکەوتنی بابانیەکان ئاستی خوێنەواری کەسایەتیەکان لە کوێدا بووە. ئەم دۆڵە لە سەردەمی نوێشدا کەسایەتی وەک مەحوی، بێکەس، شێرکۆ بێکەس، تۆفیق وەهبی، پیرەمێرد، موستافا پادشای یاموڵکی، حەپسەخانی نەقیب، ئەمین زەکی و سەدان کەسایەتی تری هێناوەتە کایەوە. دیارە بابان دەوڵەتێکی گرنگی کوردی بووە و ڕۆڵێکی گەورەی لە مێژووی ناوچەکەدا هەبووە، بەڵام ئەوە ئەو ڕاستیە ناگۆڕێت کە پێش هاتنی بابانەکان بۆ ناوچەی دۆڵی سلێمانی، ئەو شارە ناوەندێکی فەرهەنگیی و یاخی بوون بووە لە دەسەڵات.

وەک زۆر لە ناوچەکانی تری کوردستان، ئێمە هێشتا ئاگاداری زۆر ڕووی مێژوویی سلێمانی نین و یادێکی زیاتر ڕووکەشیی بۆ دەکەین. بۆ نموونە هەتاوەکو پێش جەنگی جیهانی یەکەم سلێمانی ناوەندی چەک دروستکردن بووە و نزیکی ١٥٠ شوێنی چەکسازی تێدا بووە کە بەشی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تفەنگیان دروستکردووە. مارک سایکس دەڵێت کە کۆپیەکی زۆر باشی تفەنگی (مارتینی پیبۆدی) لە سلێمانی دروستکراوە (بڕوانە وێنەکەی ناوەڕاست). هەتاوەکو سەد ساڵێک لەمەوبەر هێشتا ئەو دەرگایەی کە ئەوڕەحمان پادشای بابان لە دەربەندی بازنیان دروستیکردبوو بۆ بەرگریکردن لە سلـێمانی بەرامبەر بە سوپای تورکی داگیرکەر، هێشتا پاشماوەکەی دەبینرا. زیاتر لە سێ هەزار ساڵ لەمەوبەریش باوباپیرانمان لەوێدا بەرامبەر سوپای ئاشوری و لەوێدا داکۆکیان لە دۆڵی سلێمانی کردبوو. کێ دەڵێت ئەوڕەحمان پادشا هەر لەسەر ئەو شوێنەواری دەرگا دێرینەکە ئەوەی دروستنەکردبێت؟
جا ئەمڕۆ دانانی شاری سلێمانی وەک شارێکی داهێنەر لە بواری ئەدەبدا لەلایەن ڕێکخراوی جیهانی یۆنسکۆوە ڕێکەوت نیە و بەستنی سلێمانی بە ئەدەبەوە بنەچەیەکی مێژوویی دێرینی هەیە. وا دیسان ١٤ ی مانگی یانزە، ڕۆژی دامەزراندنی شاری سلێمانی نزیک دەبێتەوە، بە بڕوای من بەستنەوەی هەموو لایەنی فەرهەنگیی سلێمانی بە بابانەوە، زوڵمە لە مێژووی دۆڵی سلێمانی و لە هەمان کاتدا تەڵخکردنی تێگەیشتنمانە لە مێژووی ئەو دەڤەرە، لەبەر ئەوەی لە ڕاستیدا و لە ڕووی فەرهەنگیەوە سلێمانی بابانی دروستکردووە نەک پێچەوانەکەی.

تێبینی:
– ئەم بابەتە هەوڵی نووسینەوەی مێژووی سلێمانی نیە زیاتر ئاوڕدانەیەکە لە ناسنامەی ئەو دەڤەرە و بەهەند وەرگرتنی ڕابردووی دێرینیەتی کە ئەمڕۆ بە هەڵە تەنها بەستراوەتەوە بە بابانەوە. دیارە بابانەکان ڕۆڵی گرنگیان هەبووە بەڵام ناسنامەی فەرهەنگیی دەڤەری سلێمانی زۆر لە بابانەکان و سێ کوچکەکەی دێرینترە.

– لەم بابەتەدا مەبەست لە دۆڵی سلێمانی، ئەو ناوچەیەیە کە بە درێژایی مێژوو بە شارەزوور لە قەڵەم دراوە. لە ڕابردوودا شارەزوور هەم ناوچەیەک بووە و هەم شارێک ناوەندی ئەو ناوچەیە بووە کە پێدەچێت لە شوێنی شاری عەربەتی ئەمڕۆدا بووبێت.

– کوردی هیچ ناوچەیەک لە کوردی ناوچەیەکی تر جیاواز نیە، کۆمەڵێک هەلومەرج و فاکتەری جیاواز ناسنامەی ناوچەیەک لە ناوچەیەکی تر جودا دەکاتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا