مرۆڤی ئێمە و نیشتیمان

من باوەڕم بەوە نییە مرۆڤی ئێمە نیشتیمانی خۆی خۆشنەویستبێت و خۆشینەوێت. ئەم بۆچوونە نە مێژووی ئێمە و نە ئەدەبیاتی ئێمە و نە هەڵوێستەكانی مرۆڤی ئێمە نایسلەمێنێت.

مێژووی سەدەی بیستەم مێژووی خۆشەویستییەكی خوێناوییە لەنێوان مرۆڤی ئێمە و نیشتیماندا، تێپەڕینی ئەم خۆشەویستییەیە بەناو مەرگ و قوربانیدانێكی بەردەوام و بێوێنەدا.

یەكێك لە ئامرازە سەرەكییەكانی دروستكردنی نەتەوە جەستەی ئەو تێكۆشەرانەبووە كە وەك پاڵەوانی گوم ناو كوژراون، كە یاخیبوون و بە شاخەكانەوە، بۆ خۆیان و بۆ ئازادی و ئایدیالە گەورەكانیان جەنگاون. قسەم لە سەركردە سیاسییەكان نییە، قسەم لە مرۆڤە سادەكانی دونیای ئێمەیە، قسەم لەوانەیە بێمەرج نیشتیمانیان خۆشدەویست، نیشتیمان بۆیان هەمان ئەو تەفاسیلە وردانەیە كە لەو شیعرانەدا باسدەكرێن.

لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا پەیوەندی نێوان ئینسانی ئێمە و نیشتیمان گۆڕانێكی ڕیشەیی و ڕادیكاڵی بەسەردادێت.

خۆشەویستی بۆ نیشتیمان، لە خۆشەویستی بۆ بەرگریكردن لەخاك و لە ئینسانەوە، لە هەوڵدان بۆ دروستكردنی دونیایەكی ئاسودەوە كە مرۆڤ بتوانێت لەگەڵ قاوەكانی دایكیدا بە هێمنی بژی و بتوانێت ئێواران بێخەم بۆ ماڵەكەی بگەڕێتەوە، دەگۆڕێت بۆ خۆشەویستی بۆ حیزب و لەناو حیزبیشدا بۆ خۆشەویستی بۆ ئەم یان ئەو بنەماڵە و كەسایەتی سیاسی. لەزۆر ڕووەوە دونیای دوای ڕاپەڕین دونیای وێرانكردنی پەیوەندی نێوان ئینسانی ئێمە و نیشتیمانی ئێمەیە.

لەم پەیوەندییەدا نیشتیمان لەوەدەكەوێت وڵاتی هەمووان بێت، پەیوەندیش بە نیشتیمانەوە لەوە دەكەوێت پەیوەندییەكی تەندروست و دادپەروەر و دروستكەربێت. لەدونیای دوای ڕاپەڕیندا نیشتیمان چیتر نیشتمانی ماف و ئازادی و ڕێز و بەختەوەری مرۆڤەكان نییە.

هەروەها سەرزەمینی خەبات و یاخیبوون نییە لەپێناوی ئەو بەهایانەدا، لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا نیشتیمان دەغیلەیەكی گەورەی پارەی گومرك و پارەی نەوتە، كەوتۆتە باوەشی كۆمەڵێك كەسەوە چۆنیان بوێت بەو شێوەیە دەیكەنەوە و پارەكانی دەردەهێنن و خەرجیدەكەن.

كاتێك نیشتیمانیش دەگۆڕێت بۆ دەغیلەی توێژێكی بچووك، یاخود كورتدەبێتەوە بۆ كۆمەڵێك بیری نەوت و خاڵی گومرك و چالاكی بازرگانی قاچاغ و ناقاچاغ، ئیتر زۆرێك لە مانا ئینسانییەكانی لەدەستئەدات. ئەو مانایانەی جوگرافییایەكی دیاریكراو دەگۆڕن بە نیشتیمان و دەیكەن بە شوێنی ماف و ئەرك و بەرپرسیارێتی بۆ هەمووان.

مەریوان قانع

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا