پارتی و حەشدی شەعبی دژی یەكترن؟

ناكۆكی ستراتیژی لە نێوان پارتی و گرووپەكانی حەشدی شەعبی نییە، ئەو خۆپیشاندانانەی لایەنگرانی حەشد لە كەركوك كە دژی گەڕانەوەی پارتیین بۆ ئەو شارە لاوەكین و كاریگەری سیاسییان لە سەر پەیوەندی حەشدو پارتی نییە.

لەبەر ئەوەی پارتی لەگەڵ هەڕەمی حەشد زۆربەی لق و پۆپەكان هاوپەیمانی هەیە، بۆ نموونە لەگەڵ لیستی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری هاوپەیمانی هەیە لە بەدرو عەسائیب و حیزبوڵڵای و ١٧ حیزب و گرووپی حەشد پێكهاتوون.

لەگەڵ موقتەدا سەدڕ هاوپەیمانیان هەیە كە حەشدی (سەرایا سەلام)ییان هەیە.

پارتی پەیوەندییەكی تووندی لەگەڵ لیوای ٣٠ حەشدی شەبەك لە موسڵ هەیە كە ڕۆژانە بە سەدان لۆری كاڵاو كەلوپەل لە نێوان موسڵ و هەولێرو دهۆك ئاڵوگۆڕ دەكرێ، لە هەمووشی سەیرتر لیوای ٣٠ حەشد تۆمەتبارە بە هێرشی یەكەمی سەر فرۆكەخانەی هەولێر!.

پارتی پەیوەندی باشی لەگەڵ لیوای ٢٢ حەشد لە پارێزگای سەڵاحەددین هەیە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی باش لە نێوان پارێزگای هەولێرو سەڵاحەددین هەیە هەر لەو پارێزگایە لیوای ٥١ حەشد كە سەر بە یەزنی كوڕی مشعان جبووری دۆستی نزیكی كاك مەسعود بارزانییە كە ماڵ و پرۆژەی بازرگانییان لە هەولێر هەیە.

بە شێوەیەكی گشتی حەشدو پارتی بە دژایەتی میدیایی یەكتری لێرەو لەوێ دەستكەوتی سیاسی بە دەست دەهێنن، بەڵام لە بنەمادا ئەوان لە حوكمڕانی عێراق شەریكن و چاپۆشی لە دزی و گەندەڵی یەكتر دەكەن، هەر دوو لاشییان خاوەنی چەكن لە دەرەوەی دەوڵەت (بێگومان لەگەڵ یەكێتیش).

هۆشیار زێباری خاڵی كاك مەسعود و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لە سەردەمی وەزیری دارایی خەزێنەی دەوڵەتی بۆ حەشد واڵاكردبوو خۆشی لە چاوپێكەوتنێكی كەناڵی عەهد ئاشكرای كرد.

بەنگین رێكانی وەزیری پێشووی ئاوەدانكردنەوەی عێراق كۆمپانیایەكی گەورەی وەزارەتەكەی بۆ سەر دەستەی حەشدی شەعبی گواستەوە كە داهاتی ئەو كۆمپانیایە مانگانە دەیان ملیۆن دۆلارە.

هەر بۆ زانیاریتان دوو هەفتە بەر لە ئیستا لە ماڵی حاجی هادی عامری شاندێكی باڵای پارتی بە سەرۆكایەتی هۆشیار زێباری میوان بوون!.

وابزانم بۆ مەوزوعی پەیوەندی یەكێتی و حەشد خەڵك پێویستی بە روونكردنەوە نییە!.

مەحمود یاسین كوردی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا