پۆڵه‌تیك پرێس
له میانه‌ى به‌شدارى كردنى له به‌رنامه‌ى “هه‌گبه‌ى پۆڵه‌تیك” كه له‌ڕادیۆی پۆڵه‌تیك په‌خشده‌كرێت، ئارێز عه‌بدوڵڵا وتى: “ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنى 50 ساڵه گرنگ نیه بۆ نایده‌نه په‌رله‌مان و له كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن ئاشكراى ناكه‌ن بۆ هاووڵاتیانى هه‌رێم؟ له كاتێكدا توركیا ناوه‌ڕۆكى رێككه‌وتنه‌كه‌ى بۆ حكومه‌تى عێراق ئاشكراكردووه”.
ئارێز عه‌بدوڵڵا له‌و به‌رنامه‌یه‌دا وه‌ك چاودێری سیاسی تێڕوانینی خۆی له‌باره‌ی قه‌یرانه‌كانی ئێستای هه‌رێم خسته‌ڕو و ڕایگه‌یاند، “من نازانم گرێبه‌ستى 50 ساڵه چییه؟ ده‌بوو ئه‌و گرێبه‌سته كه گرێبه‌ستێكى ستراتیجى گرنگ بێت بهێنرێته په‌رله‌مان من چه‌ندین جار ئه‌و پرسیاره‌م كردووه بۆ حكومه‌تى پێشوو كه ده‌ڵێت ئه‌و گرێبه‌سته هیچ نیه و ته‌نها له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كه بۆ نایده‌نه په‌رله‌مانى كوردستان یان بۆ نایده‌نه حزبه‌كان بۆئه‌وه‌ى ئه‌و مقۆ مقۆیه‌ى هه‌یه نه‌مێنێت”.
ده‌شپرسێت “بۆ له داموده‌زگاكانى راگه‌یاندنى حكومه‌ت و حزبه‌كان بڵاوى ناكه‌نه‌وه؟ له كاتێكدا حكومه‌تى عێراق ده‌زانێت گرێبه‌سته‌كه چۆنه، چونكه توركیا خاڵ به خاڵى گرێبه‌سته‌كه‌ى داوه به حكومه‌تى عێراق بۆیه عێراق بێ ئاگا نیه ئێمه بێ ئاگاین”.