بڕیارەكانی رووسیاو سعودیە بۆ درێژەدان بە كەمكردنەوەی هەناردەی نەوت چی لە بازاڕی جیهانی دەكات؟

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 6-12-2023 فڕۆكەكەی سەرۆك كۆماری ڕووسیا لە ڕیاز نیشتەوە.

لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕووسیا و محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە داوایان لە سەرجەم وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك پڵەس كرد بەشداری ڕێككەوتنی گروپەكە بكەن بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و ڕایانگەیاند كە ئەمە لە بەرژەوەندی ئابووری جیهانیدایە. ئەو بانگهێشتنامەیە لە بەیاننامەیەكدا هات كە رۆژی پێنجشەممە، ڕۆژێك دوای كۆبوونەوەكەیان لە ڕیاز بڵاوكرایەوە.

پوتین بۆ شازادەی جێنشینی سعودیە: هیچ شتێك ناتوانێت ڕێگری لە پەرەسەندنی پەیوەندییە دۆستانەكانمان بكات.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، ڕووسیا و سعودیە لەسەر گرنگی پتەوكردنی هاوكارییەكان لە بواری نەوت و گازدا ڕێككەوتوون.

هەفتەی ڕابردوو، دوای كۆبوونەوەی ئۆپێك پڵەس، سعودیە ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر درێژكردنەوەی كەمكردنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەمهێنانی نەوت بە ڕێژەی یەك ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا تا چارەكی یەكەمی ساڵی داهاتوو، هاوكات ڕووسیا ڕایگەیاند كە بەردەوام دەبێت لە كەمكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت بە بڕی 300 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا ، جگە لە كەمكردنەوەی هەناردەكردنی سووتەمەنی بە بڕی 200 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا لەم ماوەیەدا لە مانگی یەك تا ئازاری 2024.

ئۆپێك لە بەیاننامەیەكدا دوای كۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، كۆی گشتی كەمكردنەوەكان دەگاتە دوو ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.

بەڵام هەموو ئەندامانی ئۆپێك پڵەس هاوڕا نەبوون لەسەر درێژكردنەوەی بڕینی نەوتی خۆبەخشانە و پێدەچێت دوایین لێدوانی پوتین و محەمەد بن سەلمان ئاراستەی ئەو وڵاتانە كرابێت.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە، لە بواری وزەدا، هەردوولا ستایشی هاوكاری نزیكی نێوانیان و هەوڵە سەركەوتووەكانی وڵاتانی ئۆپێك پڵەسیان كرد لە بەرزكردنەوەی سەقامگیری بازاڕەكانی نەوتی جیهانی.

ئەوان جەختیان لەسەر “گرنگی بەردەوامبوونی ئەم هاوكارییە، و پێویستی بەشداریكردنی هەموو وڵاتانی بەشداربوو لە ڕێككەوتننامەی ئۆپێك پڵەس بە شێوەیەك كە خزمەت بە بەرژەوەندی بەرهەمهێنەران و بەكاربەران بكات و پاڵپشتی گەشەی ئابووری جیهانی بكات”.

وەزیری وزەی سعودیە، شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان، پێشنیاری كردبوو كە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت كە هاوپەیمانی ئۆپێك پڵەس پەسەندی كردبوو، لە دوای چارەكی یەكەمی ساڵی داهاتوو، ئەگەر پێویست بوو، بەردەوام بێت، هەروەها بەڵێنی دابوو كە كەمكردنەوەكە بە تەواوی بەپێی ڕێككەوتنەكە جێبەجێ بكات.

شازادە محەمەد بن سەلمان دوای كۆبوونەوەكە وتی، ئەمڕۆ ئێمە چەندین بەرژەوەندی و چەندین فایلی هاوبەشمان هەیە كە پێكەوە كاریان لەسەر دەكەین بۆ بەرژەوەندی ڕووسیا و شانشینی سعودیە.

هاوكات ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو لە بەیاننامەی كۆتایی لوتكەی خۆیدا لە دۆحە ڕایگەیاند كە پشتیوانی لە بڕیارەكانی گروپی ئۆپێك پڵەس دەكات بە ئامانجی گەیشتن بە هاوسەنگی لە بازاڕەكانی نەوتدا.

دوێنێ چوارشەممە 6ی كانوونی یەكەمی 2023، ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی رووسیا، بەسەردانێك گەیشتە ئەبوزەبی و لەلایەن محەمەد بن زاید، سەرۆكی ئیماراتەوە پێشوازیلێكرا و كۆبوونەوە، ناوبراو سەردانی سعوودییەشی كرد.

بە گوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، پوتن لەلایەن محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودییە پێشوازیلێكرا و لەگەڵی كۆبووەوە.

ئامانجی سەردانەكەكانی سەرۆكی رووسیا بۆ وڵاتانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گفتوگۆكردنە دەربارە شەڕی حەماس و ئیسرائیل، بازاڕی نەوت و بازرگانی هاوبەشی نێوان رووسیا و وڵاتانی كەنداو.

پوتین لە دوایین كۆبوونەوە گەورە نێودەوڵەتییەكان ئامادەنەبوو، وەك لوتكەی گروپی 20 لە هیندستان لە مانگی ئەیلول و لوتكەی بریكس لە باشووری ئەفریقا لە مانگی ئابدا

پوتین كە ڕۆژئاوا لە دوای هێرشەكەیەوە بۆ ئۆكرانیا هەوڵی گۆشەگیركردنی داوە، ماوەیەكە گەشتەكانی بۆ دەرەوەی وڵات كەمكردووەتەوە، بەڵام دەستیكردووە بە گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، دوای ئەوەی فەرمانی دەستگیركردن بە تۆمەتی دیپۆرتكردنەوەی منداڵانی ئۆكرانیا بۆ ڕووسیا كە لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەكانەوە دەرچووە، كرایە ئامانج، پێشتر گەشتەكانی بۆ سەردانی نزیكترین هاوپەیمانەكانی تەرخان دەكرد.

پوتین لە دوایین كۆبوونەوە گەورە نێودەوڵەتییەكان ئامادەنەبوو، وەك لوتكەی گروپی 20 لە هیندستان لە مانگی ئەیلول و لوتكەی بریكس لە باشووری ئەفریقا لە مانگی ئابدا.

ئاماژەی بەوەشكرد، خۆی لە بەشداریكردن لەو كۆبوونەوانە بەدوور گرتووە بۆ ئەوەی ڕێكخەران “شەرمەزار” نەكات. بەڵام فەرمانی دادگای تاوانەكان هێشتا ڕێگری لە جووڵەكانی دەكات، چونكە ئەگەر بچێتە وڵاتێك كە ئەندامی دادگاكەبێت، دەكرێت دەستگیر بكرێت. بەڵام نە ئیمارات و نە شانشینی سعودیە پەیماننامەی دادگای تاوانەكانیان واژۆنەكردووە كە بە پەیڕەوی ناوخۆی ڕۆما ناسراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا