یەكێتی جەخت لەرێككەوتنی هەولێرو بەغدا دەكاتەوەو بەشێكی ناو پارتیش پشتگیری دەكەن

پۆڵەتیك پرێس:
پێشنیارێكی نوێ بۆ ڕێككەوتن و چارەسەركردنی كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كراوە، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش دەڵێت: جگە لەرێككەوتنی هەولێرو بەغدا هیچ بەدیلێكی تر نییە.

ماوەیەكی زۆرە گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدا بەردەوامە، كە ئامانجی گفتوگۆكانیش بۆ رێككەوتنە لەسەر ئەو كێشانەی چەند ساڵێكە لەنێوانیان هەیە، بەتایبەتی لەسەر پرسی نەوت‌و داهاتی خاڵە سنوورییەكان‌و بودجەی هەرێمی كوردستان.

هەرچەندە هەردوو لایەنی حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستان جەخت لەرێككەوتن‌و چارەسەری كێشەكان دەكەنەوە، بەڵام تائێستا گفتوگۆكان بەئەنجام نەگەیشتوون‌و چەند رۆژێكیشە جۆرێك گرژی لەنێوان هەردوولا دروست بووە.

 

 

دروستبوونی گرژییەكان لەدوای بەیاننامەی رۆژی چوار شەممەی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بوو، كە رایگەیاند، هەرچەندە ئەوان پابەندی گفتوگۆكانن‌و ئامادەن هەموو مەرجەكان جێبەجێبكەن، بەڵام بەغدا ئامادەنییە بۆ رێككەوتن.

لەبەرانبەر ئەوەدا وەزارەتی دارایی عێراق بە بەیاننامەیەك وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی دایەوەو رایگەیاند، هەولێر نایەوێت داهاتی نەوت‌و خاڵە سنوورییەكان رادەست بكات‌و پابەندی ئەو گفتوگۆیانەش نییە لەو بارەوە كراون.

دروستبوونی گرژییەكان لەنێوان هەرێم‌و بەغدا، جۆرێك دڵەراوكێی لەناو خەڵكی هەرێمی كوردستان دروست كردو كاردانەوەی لایەنەكانیشی لێكەوتەوە.

لەنوێترین كاردانەوەدا، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی رایگەیاند، یەكێتی لەپێناو دابینكردنی شایستە داراییەكانی موچەخۆرانی هەرێم سور دەبێت لەسەر رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا.

 

لەنوێترین كاردانەوەدا، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی رایگەیاند، یەكێتی لەپێناو دابینكردنی شایستە داراییەكانی موچەخۆرانی هەرێم سور دەبێت لەسەر رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا.

 

لەو بارەیەوە سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتی: یەكێتی بەدیلی بۆ قسەكەی لاهور شێخ جەنگی نییە، ئەویش ئەوەیە، جگە لە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا هیچ رێگەیەكی تر نییە.

لەبارەی ئەوەی ئایا ئەگەر هەولێرو بەغدا نەگەن بەرێككەوتن، هەڵوێستی یەكێتی چی دەبێت، سۆران جەمال تاهیر وتی: ئەوەی ئێستا هەیە پێشنیازێكی نوێ بۆ ڕێككەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدا كراوە و پێشنیارەكەش گەیشتووە بەیەكێتی بۆ تاوتوێ كردن و هەڵوێست نیشاندان.

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەختی لەوەش كردەوە، كە ئەوان دەبانەوێت هەر رێگەیەك هەیە بۆ دابینكردنی موچە ئەو ڕێگەیە بگرنەبەرو راشیگەیاند، بەشێكی دیاری ناو پارتی دیموكراتی كوردستانیش پشتگیری ڕێككەوتن دەكەن لەگەڵ بەغدا.

 

بەشێكی دیاری ناو پارتی دیموكراتی كوردستانیش پشتگیری ڕێككەوتن دەكەن لەگەڵ بەغدا

 

بەهۆی رێككنەكەوتنی حكومەتی هەرێم و بەغداوە، قەیرانی دارایی لە هەرێم بەردەوامی هەیە، بەوهۆیەشەوە حكومەت توانای دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی نییەو لەمساڵدا تەنیا دوو موچەی فەرمانبەرانی دابەشكردووە.