لەدوای هەڵهاتنی ئەشرەف غەنی کێ ئەفغانستان بەڕێوەدەبات؟

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لەدوای ئەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر کابوڵی پایتەختی ئەفغانستاندا گرت وحکومەتەکەی ئەشرەف غەنی سەرۆکی وڵاتەکە رووخا و بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵهات، پرسیاری ئەوە هاتە ئاراوە کێ لە قۆناغی داهاتوودا ئەفغانستان بەڕێوەدەبات؟

رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە مەلا عەبدولغەنی بەرادەر، سەرۆکی نوسینگەی سیاسی بزوتنەوەی تاڵیبان دەبێتە سەرۆکی داهاتووی ئەفغانستان.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەرادەر سەرۆکی بزوتنەوەی تاڵیبان نییە وەک ئەوەی هەندێک کەس تێیگەشتوون، بەڵام بە پیاوی دووەمی بزوتنەوەکە دادەنرێت لەدوای هیبەتوڵـڵا ئەخوەندزادە، کە تا ئێستا زۆر بەرچاو نەکەوتووە.

دوێنێ سێشەممە مەلا بەرادەر گەیشتە شاری قەندەهار لە باشووری ئەفغانستان و هەزاران دانیشتووی شارەکە پێشوازیان لێکرد.

بە ئەگەرێکی زۆرەوە مەلا عەبدولغەنی بەرادەر دەبێتە سەرۆکی داهاتووی ئەفغانستان

ساڵانێکی زۆر مەلا بەرادەر وەک ئەو “تارماییانە”ی لە ئەفغانستاندا نەدەبینران، سەرکردایەتی بزوتنەوەی تاڵیبانی کرد و پشێوی زۆری دروستکرد، بەڵام دەرکەوتنی لە قەندەهار جێی سەرسوڕمان بوو.

بەپێی قسەی وتەبێژی تاڵیبان، ئەمە یەکەمجارە لەدوای دوو دەیە، مەلا بەرادەر بچێتە خاکی ئەفغانستانەوە.

بەپێی هەندێک سەرچاوە، مەلا عەبدولغەنی بەرادەر لەدایکبووی ساڵی 1968ە و یەکێک بووە لەو کەسانەی بەشداریان کردووە لە شەڕی دژبە یەکێتی سۆڤیەت لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو لە ئەفغانستان، بەرادەر زاوای محەمەد عومەر، دامەزرێنەر و سەرکردەی یەکەمی بزوتنەوەی تاڵیبانە و لەگەڵیدا بەشداربووە لە دامەزراندنی بزوتنەوەکە.

کاتێک لەنێوان ساڵانی 1996 تا 2001 بزوتنەوەی تاڵیبان دەستیگرت بەسەر زۆربەی زەوییەکانی ئەفغانستاندا، مەلا عەبدولغەنی بەرادەر چەند پۆستێکی سەرکردایەتی تاڵیبانی وەرگرت و بووە فەرمانڕەوای چەند ویلایەتێکی وڵاتەکە.

دواتر لەدوای هاتنی ئەمریکا، بووە یەکێک لە دانوستانکارانی تاڵیبان لەبارەی تەسلیمبوونی بزوتنەوەکە دوای ئەوەی شکستیپێهێنرا، لەو کاتەدا بەقسەی ژەنەراڵی ئەمریکی جەیسۆن ئامرین، بەرادەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ حامد کەرازی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەفغانستان ئەنجامداوە و دوای دوو هەفتە هێزێکی لە تاڵیبان ناردووە و هەوڵی کوشتنی حامد کەرازی داوە.

ساڵی 2010 هێزەکانی پاکستان مەلا بەرادەریان دەستگیرکرد و هەتا ساڵی 2018 لە زینداندا مایەوە

دوای ماوەیەک مەلا بەرادەر لەگەڵ شکستهێنانی بزوتنەوەکەی بەرامبەر هێزەکانی ئەمریکا بەرەو پاکستان هەڵهات، کاتێک تاڵیبان وردە وردە هێزی خۆی گەڕاندەوە، بەرادەر لە پاکستانەوە هەوڵە چەکدارییەکانی رێکدەخست، بەتایبەتی لە ویلایەتی ئۆرزگان، کە شوێنی لەدایکبوونی بوو، هەر لەو کاتەدا لەگەڵ حامد کەرازی بەنهێنی لە دانوستاندا بوو.

ساڵی 2010 هێزەکانی پاکستان مەلا بەرادەریان دەستگیرکرد و هەتا ساڵی 2018 لە زینداندا مایەوە، لەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەستوەردانی کرد تا هەلی بەشداریکردنی بۆ بڕەخسێنێت لە دانوستانی ئاشتی.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە بەشێکی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدەکات، “چۆن دەکرێت کەسێک کە 10 ساڵی رابردووی لەنێوان زیندان و هۆتێلە گرانبەهاکانی دەوحەدا بەسەربردبێت، فەرمانڕەوایی وڵاتێک بکات کە لەماوەی یەک رۆژدا حکومەتەکەی گۆڕا؟

لەدوای ئەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر کابوڵی پایتەختی ئەفغانستاندا گرت، مەلا عەبدولغەنی بەرادەر لە گرتە ڤیدیۆییەکدا دەرکەوت و لەبارەی دۆخی ئێستای ئەفغانستانەوە دوا و رایگەیاند، بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردنی گەلەکەی و پاراستنیان و گرەنتیکردنی داهاتوویان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا