%80ی دراوی قورسی بانکی ناوەندی عێراق براوەتە ئێران و سوریا

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

ئێران تەنیا بەوەوە ناوەستێت عێراق وەک گۆڕەپانی یەکلایی کردنەوەی ناکۆکییەکانی و پردێک بۆ سەپاندنی هەژموونی لە ناوچەکە بەکاربهێنێت، بەڵکو لەڕووی داراییشەوە سود لە عێراق دەبینێت و بەشێک لە سامانەکەی بۆ بووژاندنەوەی ئابووری خۆی و پاڵپشتیکردنی دارایی جەنگەکانی لە ناوچەکەدا بەکاردەهێنێت، بەجۆرێک بەشێک لە سامانی عێراق بۆ پڕچەککردنی میلیشیاکانی لە سوریا و لوبنان و یەمەن بەکاردەهێنێت.

بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ کەمکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، سەرباری ئەوەی لێکەوتی ئابووری و دارایی هەبوو، کاریگەریشی لەسەر سیاسەت و ستراتیژی ئێران و میلیشیاکانی دانا کە لە عێراق و ناوچەکەدان.

بازاڕی رەش هێشتا بە نرخێکی کەمتر لەوەی بانکی ناوەند دیاریکردووە، بازرگانی بە دۆلاری ئەمریکییەوە دەکات

وەڵامنەدانەوەی بازاڕی رەش بۆ بڕیارەکەی حکومەتی عێراق ئەوە ئاشکرا دەکات، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کاتێکی هەستیاردا، لێدانێکی گەورەی ئابووری رووبەڕووی هاوپەیمانانی ئێران دەکاتەوە کە لە وڵاتەکەدان.

حکومەتی عێراق بەهای دیناری عێراقی کەمکردەوە بەجۆرێک، جاران یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر هەزار و 119 دیناری عێراقی بوو بەڵام بەپێی بڕیارەکەی حکومەت، ئێستا بەهای یەک دۆلار بەرامبەرە لەگەڵ هەزار و 450 دیناری عێراقی، ئەم هەنگاوەی حکومەتیش بەو مەبەستە نرا کە رووبەڕووی ئەو قەیرانە ئابوورییە ببێتەوە کە لە عێراقدا دروست بووە.

بەڵام بازاڕی رەش هێشتا بە نرخێکی کەمتر لەوەی بانکی ناوەند دیاریکردووە، بازرگانی بە دۆلاری ئەمریکییەوە دەکات، ئەمەش مانای ئەوەیە، سیاسەتی دارایی حکومەت پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە کە رەنگە بەشداری بکات لە چارەسەرکردنی پاشەکشەی ئابووری گشتی.

بەهای پێشووی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار، رووبەرێکی بەرفراوانی بۆ قاچاخچێتی بە دۆلارەوە رەخساند لەلایەن ئەو میلیشیا چەکدارانەی بانکی ئەهلی و بازرگانییان هەیە و سەر بەو حزبە شیعانەن کە دڵسۆزی تارانن.

نزیکەی %80ی دراوی قورسی بانکی ناوەندی عێراق براوەتە ئێران و سوریا

داتاکانی رۆژانی رابردوو ئەوە ئاشکرا دەکەن، نزیکەی %80ی دراوی قورسی بانکی ناوەندی عێراق براوەتە ئێران و سوریا، لەوبارەیەوە محەمەد دەراجی ئەندام پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، فرۆشتنی دۆلاری بانکی ناوەند بە بانک و کۆمپانیا و بازرگانان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە بەتایبەت لەدوای نزمبوونەوەی بەهای دیناری عێراقی، وتیشی: دۆلارەکان بەرەو دەرەوەی وڵات بە قاچاخ براون.

روونیشی کردەوە، لەماوەی دە ساڵی رابردوودا، رۆژانە بانکی ناوەند 200 ملیۆن دۆلاری بە بانکە ئەهلییەکان و کۆمپانیا و بازرگانان دەفرۆشت، بەڵام لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا، تەنیا نزیکەی 35 ملیۆن دۆلاری فرۆشتووە، جەختی لەوە کردەوە، ئەو بڕەی کە لە کۆی 200 ملیۆنەکەی جاران دەمێنێتەوە کە دەکاتە نزیکەی 165 ملیۆن دۆلار بە قاچاخ نێردراوەتە دەرەوەی عێراق.

شارەزایانی ئابووری دەڵێن: بەدرێژایی دە ساڵی رابردوو، ئێران وەک بانکێک بۆ بوژاندنەوەی ئابووری خۆی و پاڵپشتیکردنی دارایی جەنگەکانی لە سوریا و یەمەن، مامەڵەی لەگەڵ عێراقدا کردووە بەجۆرێک، پارەی قاچاخکراوی عێراقی بۆ مامەڵەی کڕینی چەک بەکارهێناوە.

بەپێی چەند سەرچاوەیەکی عێراقی، بەدرێژایی ساڵانی رابردوو، ئێران بەو دۆلارانەی لە عێراقەوە بە قاچاخ بۆی براوە، چەکی چینی کڕیوە و لە سوریا و یەمەن و لوبنان بەکاریهێناوە، هەموو ئەو دۆلارانەش لە بانکی ناوەندییەوە بۆی براوە کە ئەوکات بەهای دۆلارێک بەرامبەر هەزار و 119 دیناری عێراقی بوو.

بەڵام لەگەڵ کەمبوونەوەی بەهای دینار، چیدیکە ئاسان نییە دۆلار لە عێراق بەکاربهێنرێت چونکە بەهاکەی بەرزبووەتەوە، وەکچۆن، کار بە بڕیارەکەی بانکی ناوەند ناکرێت و لە بازاڕی رەشدا بە نرخی کەمتر لەوەی دانراوە مامەڵە بە دۆلارەوە دەکرێت، لێرەوە رەنگە ئێران هاوکارێکی دارایی کاریگەری لەدەستدابێت بۆ درێژەدان بە پاڵپشتیکردنی دارایی بۆ چەکدارکردنی بریکارەکانی لە سوریا و یەمەن، وەکچۆن میلیشیا و حزبەکانی لە عێراق رووبەڕووی زیانی دارایی گەورە دەبنەوە.

کاتێک ئێران درکی بەوە کرد باجی کەمبوونەوەی بەهای دیناری عێراقی دەدات، دابینکردنی کارەبای عێراقی راگرت

هەر لەگەڵ ئەوەی ئێران درکی بەوە کرد باجی کەمبوونەوەی بەهای دیناری عێراقی دەدات، دابینکردنی کارەبای عێراقی راگرت، کە زیانێکی زۆری بە کارەبای نیشتیمانی وڵات گەیاند.

لەوبارەیەوە، ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، ئێران رێژەی هەناردەکردنی کارەبای بۆ عێراق لە 50 ملیۆن مەتری چوارگۆشەوە بۆ 3 ملیۆن مەتری چوارگۆشە کەمکردووەتەوە، بۆیە تەنیا یەک سەعات کارەبای نیشتیمانی دەبێت و لە بەرامبەردا پێنج سەعات دەکوژێتەوە.

دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێن: وڵاتەکەیان رێژەی دابین کردنی کارەبای عێراقی بەهۆی کەڵەکەبوونی پارەکانی لای ئەو وڵاتە کەمکردووەتەوە، چەند سەرچاوەیەکی حکومیش باس لەوە دەکەن، ئێران لەم رێگایەوە هەوڵ دەدات سزای عێراق بدات لەپای گۆڕینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار.

چاودێران دەڵێن: سەرکەوتنی کازمی لە تێپەڕاندنی ئەم تاقیکردنەوەیە، لە روبەڕوبوونەوەکانی نێوان حکومەت و میلیشیاکاندا رەنگ دەداتەوە، کە بەپێی تێڕوانینەکان بە مەترسیدارترین قۆناغدا تێدەپەڕێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا