پۆڵەتیک پرێس
یەکێتی هەناردەکارانی ناوچەی دەریای ئیجە رایگەیاند، عێراق لە پلەی دووەمی ئەو وڵاتانەدایە کە لە ماوەی نۆ مانگی رابردوودا زۆرترین بەرهەمی هەناریان هاوردە کردووە.
بەپێی ئامارەکانی یەکێتی هەناردەکارانی ناوچەی دەریای ئیجە، لە مانگی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠ هەتا ئێستا هاوردەکردنی بەرهەمی هەنار لەلایەن عێراقەوە بە ١٢ ملیۆن و ٧٧١ هەزار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
ئەوەش هاتووە، عێراق لەدوای روسیاوە کە بە بەهای ٢٠ ملیۆن و ٢٤٣ هەزار دۆلار بەرهەمی هەناری هاوردە کردووە، بە پلەی دووەم دێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە عێراق بەگشتی و لە سنوری هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی وەک هەورامان و هەڵەبجە بەتایبەتی رێژەیەکی زۆری بەرهەمی هەناری خۆماڵی هەیە کە دەکرا حکومەتی عێراقی سود لەو بەرهەمە ناوخۆییانە ببینێت.
عێراق بۆ بەدەستهێنانی بەشێک لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی پەنا دەباتە بەر وڵاتانی دەوروبەر بەتایبەت تورکیا و ئێران، لەکاتێکدا خۆی خاوەنی چەندین زەوی کشتوکاڵی بەپیتە.