پۆڵەتیک پرێس
حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران ستایشی هەڵوێست و پشتیوانییەکانی روسیای کرد بۆ دانوستانی ئەتۆمی و جەختی لەوەکردەوە ئێران و روسیا خاوەنی تێڕوانینی هاوبەشن لەدۆسیە نێودەوڵەتیەکاندا لەناویشیاندا ڕێککەوتنی ئەتۆمی.
لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا، حەسەن رۆحانی جەختی لەهەماهەنگی بەرگری و سەربازی نێوان تاران و مۆسکۆ کردەوە، وەکچۆن جەختی لەگرنگی بەردەوامی هەوڵەکانی پارێزگاریکردن لەڕێککەوتنی ئەتۆمی و زیندوکردنەوەی کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەڕێگەی دیبلۆماسی و دانوستان.
رۆحانی ئاماژەی بە ویستی وڵاتەکەی کرد بۆ برەودان بە هەماهەنگییە هەرێمییەکان بۆ هێنانەدی ئاشتی و ئاسایش لەناوچەکە وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی دەستوەردانەکانی ئەمریکا لەناوچەکە.
وتیشی: ئەمریکا و جیهانیش درکیان بە شکستی فشاری توند کردووە و لابردنی سزاکان لەسەر ئێران تاکە ڕێگەیە لەبەردەم ئەمریکا بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی.
لایخۆیەوە لاڤرۆڤ وتی: روسیا و ئێران ئامانجی هاوبەش و نزیکیان هەیە چ لەڕووی هەرێمییەوە بێت چ لەڕووی نێودەوڵەتی و جەختی لەوەکردەوە تاکە چارەسەر بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی گەڕانەوەی ئەمریکایە بۆناو ڕێککەوتنەکە بەبێ هیچ مەرجێک و پێویستە بڕگەکانی جێبەجێبکات لەناویشیاندا بڕیاری 2231.