ئامێرێكی نوێ‌ لەماوەی سێ‌ خولەك ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاشكرادەكات

پۆڵەتیك پرێس:
ئامێرێكی نوێ‌ لەلایەن زانكۆیەكی ئەندەنوسیا بەرهەمهێنراوە، كە لەماوەی سێ‌ خولەكدا تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا ئاشكرادەكات.

بەكارهێنانی ئەو ئامێرە نوێیە پشت بە هەناسەی مرۆڤ دەبەستێت نەك خوێن، یان دەم یان لووتی مرۆڤ، ئامێرەكە لە ماوەی سێ خولەكدا پشكنینەكەی پێ ئەنجام دەدرێت و بە تێچووەیەكی زۆر كەم بەرهەمهێنراوە.

زانكۆی گاگامادای ئەندەنوسی بڵاویكردەوە، ئامێرێكی نوێییان بۆ پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای دروست كردووە، كە دوای تاقیكردنەوەی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی ئەندەنوسیا مۆڵەتی دابەشكردنی پێدراوەو چاوەڕوان دەكرێت بەم نزیكانە مۆڵەت بدەن ژمارەیەكی زیاتر لەم ئامێرە دروست بكرێت.

زانكۆی گاگا مادا راشیگەیاند، ئامێرەكە ناوی گای نوز كۆڤید ١٩ یە، كە لە ڕێگەی هەناسەی مرۆڤەوە پشكنینەكە ئەنجام دەدرێت و ئاسانترە لەجۆرەكانی تر.

پڕۆفیسۆر كوات تێریان سەرۆكی تیمی گەشەپێدانی ئامێر لەزانكۆی گاگامادا، كە یەكێكە لەزانكۆ گەورەكانی ئەندەنوسیا لەباشووری رۆژ هەڵاتی ئاسیا لەو بارەوە دەڵێت: ئەو ئامێرە لە ماوەی ٣ خولەك دا ئەنجامی پشكنینەكە دەردەخات و لە ٪٩٥ ئەنجامەی ڕاست و باوەڕ پێكراوە.

تێچووی ئەو پشكنینە تەنیا ٥٠ دۆلار لە خۆ دەگرێت و لە شوێنە گشتییەكانی وەك فڕۆكە خانەكان كلینیك و نەخۆشخانەو وێستگەی شەمەندەفەر دادەنرێت.

سەرەتا ١٠٠ ئامێر لەناوچە جیاوازەكانی ئەو وڵاتە دابەش دەكرێت، كە لە ڕۆژێكدا دەكرێت پشكنین بۆ ١٢ هەزار كەس بكرێت، ئەویش بە هۆی ئەوەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە ژمارەیان زۆرە.

ئەو كەسەی ئەم ئامێرەی دروست كردووە ئامانجی ئەوەیە لە ماوەیەكی كورتدا زۆرترین پشكنین بۆ خەڵكی ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی كاتێكی زۆریان بۆ بگەڕێتەوە.

پرۆفیسۆر كوات ئەوەشی خستەڕوو، لەلایەن ژمارەیەكی زۆر لە دامودەزگاكانی ئەندەنوسیا پشتیوانیان بۆ هاتووە، چەند كۆمپانیایەكی جیاواز ڕێكەوتتیان ئەنجامداوە بۆ هاوبەشیكردن لە دروستكردنی ئامێرەكە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا