پۆڵەتیک پرێس
ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کرد، ڤاکسینی کۆمپانیای مۆدێرنا دژی کۆرۆنا کۆمەڵێک کاریگەری لاوەکی بۆ ئەو کەسانە دەبێت کە نەشتەرگەری جوانکاری روخساریان ئەنجامداوە.
بەپێی قسەی لیژنەی راوێژکاری سەر بە ئیدارە ئەمریکییەکە، ئەو کەسانەی بەشداریان لە تاقیکردنەوەی ڤاکسینی مۆدێرنادا کردووە و پێشتر فیلەریان بۆ روخساریان بەکارهێناوە و روخساریان پڕکردووەتەوە، توشی هەوکردن و هەڵئاوسان بوون.
لەوبارەیەوە، شێرلی چی پزیشکی ناخۆشییەکانی پێست رایگەیاند، ئەو نەخۆشانەی پێشتر فیلەریان کردووە ناڵاندوویانە بەدەست هەوکردنی ئەو شوێنەی فیلەریان کردووە.
ئەو پزیشکە وتیشی: ئەم وەڵامدانەوەیەی سیستمی بەرگری لەش بۆ ڤاکسینەکە شتێکی ئاساییە بەتایبەت کاتێک کە ماددەیەکی ناسروشتی لەناو جەستەی مرۆڤدا هەبێت.
رۆژی شەممەی رابردوو، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، لەم مانگەدا ٢٠ ملیۆن ڤاکسینی مۆدێرنا دابەش دەکات و پەیمانیدا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر گەلی ئەمریکادا دابەش بکرێت.