عێراق، بۆمبه‌ ته‌وقیتكراوه‌كه‌ی جیهان بۆ ساڵی 2021

پۆڵه‌تیك پرێس:
گۆڤاری فۆرین پۆڵسی ئه‌مریكی ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی دۆخی خراپی ئابووریی عێراق و په‌یوه‌ندیی به‌ جۆ بایدن، سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكا بڵاوكرده‌وه‌.

فه‌رهاد عه‌لادین و كینیس پۆلاك، له‌گۆڤاری “فۆرین پۆڵسی”ی ئه‌مریكی ڕاپۆرتێكیان ده‌رباره‌ی دۆخی خراپی ئابووریی و ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م حكومه‌تی عێراق ئاماده‌كردووه‌، له‌ڕاپۆرته‌كه‌یدا ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌، پێویسته‌ ئیداره‌ی ئه‌مریكا كاربكات بۆ كۆكردنه‌وه‌ی نزیكه‌ی 10 ملیار دۆلار بۆ پاڵپشتیكردن له‌ بودجه‌ی عێراق.

 

به‌رله‌وه‌ی كارله‌كار بترازێت ئه‌مریكا بكه‌وێته‌ جوڵه

 

به‌وته‌ی ئه‌و دوو توێژه‌ره‌، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق شكستبهێنێت له‌ دابینكردنی موچه‌ی مانگی كانونی دووه‌می داهاتوو، ئه‌وا خۆپیشاندان و كرده‌وه‌ توندوتیژییه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ عێراق، داواشده‌كه‌ن به‌رله‌وه‌ی كارله‌كار بترازێت ئه‌مریكا بكه‌وێته‌ جوڵه‌.

قه‌یرانه‌ نوێیه‌كانی عێراق ده‌بوو دواین بابه‌تی به‌رده‌ست ئیداره‌ی جۆ بایدن بێت، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌و دۆسیه‌یه‌ ببێته‌ ده‌ستپێكی كاركردنی بایدن له‌ كۆشكی سپی و ئاڵنگارییه‌كی نوێی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا.

عێراق ئێستا به‌ره‌و هه‌ره‌سهێنانی ئابووریی ده‌ڕوات، ئه‌ویش به‌هۆی قه‌یرانی ئابووریی و قه‌رزه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی سه‌ر ئه‌و وڵاته‌، كه‌وتنی عێراق له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سیستمی سیاسیی وڵات ده‌بێت، هه‌موو ئه‌وانه‌ش ئه‌گه‌ر ڕووبده‌ن، ئه‌وا جه‌نگێكی دیكه‌ی نێوخۆیی ده‌بێته‌ چاره‌نووسی عێراق له‌ساڵی 2021دا.

حكومه‌تی عێراق مانگانه‌ پێویستی به‌ 5 ملیار دۆلاره‌ ته‌نیا بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ر و خانه‌نشینان، دوو ملیاری دیكه‌یشی پێویسته‌ بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی و خه‌رجییه‌كان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌ستی عێراق ده‌كه‌وێت له‌نێوان 2.3 بۆ 3.5 ملیار دۆلاره‌، واتا نیوه‌ كه‌متری ئه‌و پاره‌یه‌ی عێراق مانگانه‌ پێویستی پێیه‌تی.

 

له‌ هاوینی ساڵی 2021 یه‌ده‌گی دراوی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو داده‌به‌زێت

 

قه‌رزه‌كانی عێراق ئێستا گه‌یشتووه‌ته‌ زیاتر له‌ 80 ملیار دینار، به‌رده‌وامبوونی قه‌یرانی ئابووریی و دابه‌زینی نرخی نه‌وت و ئه‌نجامنه‌دانی چاكسازیی له‌ عێراق، واده‌كه‌ن ئه‌و وڵاته‌ بڕی قه‌رزه‌كانی بچێته‌ ئه‌ودیوی 100 ملیار دۆلاره‌وه‌.

 

دیناری عێراقیی له‌ماوه‌ شه‌ش مانگدا هه‌ره‌سده‌هێنێت

 

به‌گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ له‌ هاوینی ساڵی 2021 یه‌ده‌گی دراوی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو داده‌به‌زێت، به‌وه‌ش حكومه‌ت نه‌ختینه‌ی له‌به‌رده‌ستدا نامێنێت، ناچار په‌ناده‌باته‌به‌ر چاپكردنی دراوی نوێ بۆ دابینكردنی خه‌رجییه‌كانی و دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی، به‌ڵام ئاخۆ ئه‌وه‌ فریادڕه‌سی عێراقه‌؟ به‌دڵنیاییه‌وه‌ نه‌خێر، چونكه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌بێته‌ هۆی هه‌ڵاوسان له‌ عێراق و ئه‌وه‌ش مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌كه‌ی به‌رده‌م عێراقه‌.

دۆخه‌كه‌ به‌وشێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت دیناری عێراقیی له‌ماوه‌ شه‌ش مانگدا هه‌ره‌سده‌هێنێت، به‌ڵام هێشتا به‌شێك له‌به‌رپرسانی عێراقیی له‌خه‌یاڵی ئه‌وه‌دا ده‌ژین به‌ڵكو نرخی نه‌وت به‌رزببێته‌وه‌ و عێراق باری سه‌رشانی سوكببێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ ته‌نیا خه‌یاڵه‌ و هیچ كه‌سێك نازانێت بازاڕی نه‌وت به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات.

 

وڵاتانی جیهان ده‌سته‌وه‌ستان ته‌ماشای ژێرئاوكه‌وتنی كه‌شتییه‌كه‌ی عێراق ناكه‌ن

 

فراوانبوونی قه‌یرانی دارایی عێراق له‌ساڵی داهاتوو، ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی نزیك له‌ ئێران هه‌وڵی قۆستنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كان بده‌ن، دواتریش شه‌ڕده‌كه‌ن له‌پێناو كۆنتڕۆڵكرنی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان، بیره‌ نه‌وته‌كان، ده‌روازه‌ سنورییه‌كان، زه‌وییه‌ كشتووكاڵیی و موڵكه‌ گشتییه‌كان.

عێراق به‌هۆی پێگه‌ هه‌رێمییه‌ گرنگ و ئابوورییه‌كه‌یه‌وه‌، له‌حاڵه‌تی داڕمانیدا وڵاتانی جیهان ده‌سته‌وه‌ستان ته‌ماشای ژێرئاوكه‌وتنی كه‌شتییه‌كه‌ی عێراق ناكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بكرێت كاركردنه‌ له‌ئێستادا به‌رله‌وه‌ی ساڵی نوێ بێت، چونكه‌ به‌گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می بایدن له‌ ئیداره‌ی كۆشكی سپی، ماوه‌یه‌ك نابێت كه‌ بایدن سه‌رقاڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی عێراق بێت، به‌ڵام ده‌شبێت ئێستا هه‌نگاوبنرێت، چونكه‌ داهاتوو بژارده‌ی قورس و دڵڕه‌قی بۆ عێراق پێیه‌.

ئه‌و دوو نوسه‌ره‌ پێشنیازیانكردووه‌، ئه‌مریكا سه‌ركردایه‌تی خۆی نیشانبدات و له‌ڕێگه‌ی دامه‌زراوه‌كانی بانكی نێوده‌وڵه‌تی، سندوقی نه‌ختینه‌ی دراو، وڵاتانی كه‌نداو و به‌شێك له‌وڵاتانی ئه‌وروپا و ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیاوه‌، پاره‌ بۆ عێراق كۆبكاته‌وه‌.

كێشه‌ی عێراق نه‌بوونی نه‌ختینه‌ی دراوه‌، بۆیه‌ له‌پێناو ڕێگریكردن له‌ هه‌ره‌سهێنانی ئابووریی عێراق، ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌توانن كۆمه‌كی پێنج تا 10 ملیار دیناری عێراق بكه‌ن.

كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ ئه‌مریكا ئه‌ستمه‌ نییه‌، به‌تایبه‌ت ده‌بێت ئه‌مریكا له‌ماوه‌ی 12 ساڵی ڕابردوو له‌عێراق دوو وانه‌ی گرنگ فێربوبێت، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌، هه‌رشتێك له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕووبدات له‌و سنوره‌ قه‌تیس نامێنێت و په‌لده‌هاوێته‌ ده‌ره‌وه‌، دووه‌میش خۆپاراستن باشتره‌ له‌چاره‌سه‌ر.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا