پۆڵەتیك پرێس:
هۆشداری لەپابەندنەبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرێككەوتنی لەگەڵ عێراق دەدرێتو ئەندامێكی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: هۆكاری رێككنەكەوتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق تا ئێستا بۆ پابەندنەبوونی هەولێر بەو ئیلتیزاماتانەی بۆی دادەنرێت دەگەڕێتەوە.
چەند ساڵی رابردوو بەغداو هەولێر لەسەر پرسی موچەو بودجەو داهاتی نەوت رێككەوتن، بەڵام بەشێكی زۆر لەو رێككەوتنانە نەچوونە بواری جێبەجێكردنەوە، كە بەردەوام عێراق هەرێمی تۆمەتباردەكرد، بەوەی پابەندی رێككەوتنەكان نەبووە.
لەئێستاشدا هەردوو حكومەت گەیشتوون بەلێكتێگەیشتنێك بۆ بودجەی گشتی 2021، كە پەیوەندی بە داهاتی نەوتو پشكی هەرێمە لەو بودجەیەی بڕیارە پەرلەمان پەسەندی بكات.
بەهار مەحمود، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس لەبارەی جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكان وتی: بەدڵنیاییەوە كێشە سەرەكییەكە ئەوەیە هەرێمی كوردستان پابەند نابێت بەو ئیلتیزاماتانەی بۆی دادەنرێت لە یاسایی بودجە و پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی، ئەگەر هەرێم پابەندبێت كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەتیبەت كێشەی موچە و بودجە چارەسەر دەبن.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: پێویستە هەرێم پابەندی رێككەوتن بێت، چونكە ناكرێت بڵێ بەشەكەی خۆم بۆ خۆم و بەشەكەی تۆش دەخۆم، خۆی نەوت بفرۆشێتو كەس نەزانێت پارەكەی لەكوێیە، داوای بودجە و موچەش لە حكومەتی عێراق بكات بەبێ هیچ بەرانبەرێك ئەو زەمەنە بەسەرچوو.
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، بەبێ بەرانبەر لایەنە عەرەبییەكان تا ئەگەر مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراقیش نییەتی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەبێت رێگەی پێنادەن بەبێ ئیلتیزاماتی هەرێم بودجە بۆ هەولێر بنێردرێت، دەبێت ئەو رێككەوتنەی دەكرێت بە نووسراو بێت و لەناو پرۆژەیاسای بودجەدا جێگەی بكرێتەوەو هەردوولاش پابەند بن پێیەوە.
لەدوو رۆژی رابردوودا شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی وەزیری دارایی گەیشتنە شاری بەغدا، لەبارەی بودجەی ساڵی 2021ی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق كۆبوونەوە و دوای دیاركردنی هێڵە گشتییەكانیش راگەیەندرا رێككەوتنەكە بەجۆرێك دەبێت هەرێم پابەندبێت بە ناردنی بڕی (250) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و (50%)ی داهاتی خاڵە سنوورییەكان و باج، لەبەرانبەریشدا عێراق پابەندكراوە بەوەی، كە مانگانە بڕی (900) ملیار دینار رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات.