پۆڵەتیک پرێس
ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ترسێکی گەورەی ناوخۆیی لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی هەیە.
نەدا شاکر جەودەت بە میدیاکانی عێراقی راگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی دەبیتەهۆی زیادبوونی نرخی شتومەک، لێرەشدا هاوڵاتیانی چینی هەژار زیانبەرکەوتووی سەرەکی دەبن کە زۆربەی هاوڵاتیانی عێراقیان پێکهێناوە.
باسی لەوەشکرد، پێویستە حکومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان چارەسەری خێرا بدۆزنەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕی عێراق.
وتیشی: ئەگەر ئەو بەرزبوونەوەیە رووبدات مەترسی دەکەوێتە سەر ژیانی هاوڵاتیان بەتایبەت ئەو کەسانەی داهاتیان دیاریکراوە.
سێشەممەی رابردوو، مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی و ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق رەتیکردەوە هیچ ئاراستەیەکی حکومی هەبێت بۆ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار.