کازمی ئەنجومەنێکی نوێ دادەمەزرێنێت

پۆڵەتیک پرێس

لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازیدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق رەزامەندی خۆی لەسەر دامەزراندنی ئەنجومەنی سەرکردەی دەستە سەربەخۆکان و ئەو لایەنانەی پەیوەندییان بە وەزارەتەوە نییە راگەیاند.

ئەمڕۆ شەممە، میدیاکانی عێراق بڵاویان کردەوە، ئامانج لەم هەنگاوەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق درێژەدانە بە هەماهەنگی نێوان ئەو دەستە و لایەنانە و چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەمیان.

ئەوەش هاتووە، ئەنجومەنەکە بەنزیکەیی هەموو مانگی جارێک کۆدەبێتەوە و یەکێک لە ئەرکەکانی تاوتوێ کردنی ئەو کێشە و بەربەستانە دەبێت کە رووبەڕووی ئەو دەستە سەربەخۆیانە دەبێتەوە.

یەکێکی دیکە لە ئەرکەکانی ئەنجومەنەکە گرنگیدانە بە ئەو دۆسیانەی پەیوەستن بە ژیانی رۆژانەی هاوڵاتیانەوە.

بەپێی بڕیارەکانی دیوان تایبەت بە دامەزراندنی ئەنجومەنەکە، کارەکانی ئەنجومەنە نوێیەکە بە سەرکردایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، لە حاڵەتی نەبوونیشیدا، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران سەرکردایەتی ئەنجومەنەکە دەکات.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک