پۆڵەتیک پرێس
بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوریە گەورەیەی لە وڵاتەکەیدا بوونی هەیە، جارێکی دیکە عێراق داوای لە بیلاڕوسیا کرد پارەکانی بۆ بگەڕێنێتەوە.
لەمیانی چاوپێکەوتنی نێوان فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و ڤیکتۆر ریباک باڵیۆزی نوێی بیلاڕوسیا لە بەغدا، وەزیری دەرەوە رایگەیاند، عێراق پارەی لەو وڵاتە هەیە و پێویستە ئەم دۆسیەیە بجوڵێنرێت، چونکە عێراق بە دۆخێکی خراپی ئابووریدا تێدەپەڕێت.
ئەوەش هاتووە، وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لە قەبارەی ئەو بڕە پارەیە نەکردووە کە لەلای بیلاڕوسیایە و ئاماژەی بەوەش نەکردووە لە کەیەوە لەو وڵاتەیە و چۆن گەیشتووەتە ئەوێ.
لایخۆیەوە، باڵیۆزەکەی بیلاڕوسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ هاوکاریکردنی عێراق و هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا لە بواری چاودێری پزیشکی و بەرهەمە تەندروستییەکان و کەرتی نەوت و بواری وەرزش.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمساڵ بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، عێراق کەوتە قۆناغێکی سەختی ئابووری و قەیرانە داراییەکانەوە.