پاراستنی وێستگەی ئاوی عەلۆك دەدرێت بەسوپای روسیا

پۆڵەتیك پرێس:
روسیا و توركیا رێككەوتنێكی نوێیان بۆ سەرپەرشتیكردنی وێستگەی ئاوی (عەلۆك) لەسەرێ‌ كانی واژوو كردووەو بەپێی رێككەوتنەكەش پرۆژەكە بەهێزە روسییەكان دراوە.

ئامانج لەواژووكردنی ئەو رێككەوتنە بۆ ئەوەیە، چیتر دەسەڵاتی هێزە چەكدارەكانی سەر بەتوركیا لەسەر وێستگەكە نەهێڵرێت، كە پێشتر چەندین جار ئاویان لەدانیشتوانی شاری حەسەكە گرتبووەوە.

لەو بارەوە فەتحوڵڵا حوسێنی ئەندامی نوێنەرایەتی ڕێڤەبەری خۆسەری ڕۆژئاوا لەباشووری كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی وت: لەدوو رۆژی رابردوودا لەنێوان روسیا و توركیا رێككەوتنێك لەبارەی وێستگەی ئاوی (عەلۆك) كراوە، بەشێوەیەك پارێزگاری‌و سەرپەرشتی پرۆژەكە بە هێزی روسی دەسپێرێت، بۆ ئەوەی توركیا گرتنەوەی ئاوەكە وەك فشارێك بەكارنەهێنێت.

فەتحوڵڵا حوسێنی راشیگەیاند، لەدوای واژووكردنی رێككەوتنەكە، ئاو بۆ حەسەكە بەردراوەتەوەو دۆخەكە ئاسایی بووەتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، دەنگۆ هەبوو، كە ئەو پرۆژەیە دەدرێت بەهێزە ئەمریكییەكان‌و لەمەولا ئەوان سەرپەرشتی پرۆژەكە دەكەن.

لەو بارەوە ئەو ئەندامەی رێڤەبەری رۆژئاوا رایگەیاند، هێزی ئەمریكی تائێستا دەستیان وەرنەداوەتەوە ئەو پرۆژەوە، چونكە ناوچەی روسیان‌و تەنیا هێزی روسی و توركی بەهاوبەشی بەڕێیوە دەبەن، ئەگەر ئەمریكاش ئەو بڕیارەی دابێت سەرپەرشتی وێستگەی ئاو بۆ حەسەكە بكات بڕیارێكی زۆر گرنگە.

ئاماژەی بەوەشكرد، جاری دووەمە توركیا و چەكدارەكانی ئاو لەشاری حەسەكە دەبڕن ‌و بەو هۆیەشەوە زیانێكی گەورە بەر خەڵكی كەوتووەو بێ‌ ئابوون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا