بۆ كورد، كورد باشترە

‎پرسی كورد و دۆخی كوردستان، لە پرسێكی ناوخۆیی و عێراقیەوە گوازراوەتەوە و بۆتە پرسێكی هەرێمی و نێودەوڵەتی، بەو مانایەی گۆڕانكارییەكانی جیهان كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر دۆخی ناوچەكە بەگشتی دەبێ و هەندێجار هاوكێشەكان گۆڕانگاری خێراو سەیرو سەمەرەیان بەسەردا دێت.

لە سەروبەندی هەڵبژاردنەكانی چل و شەشەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كە ململانێیەكی توند هەبوو لەنێوان هەریەك لە دۆناڵد ترامپ و جۆبایدن، سیاسەتمەداران و شیكەرەوانی دۆخی كورد زوو زوو قسەیان لەسەر ئەوە دەكرد ئاخۆ دەرچوونی كام لە كاندیدەكان بۆ كورد باشەو لە بەرژەوەندی دایە؟ لەوەش زیاتر بەشێكیان دەچوونە وردەكاری و خوێندنەوەی سەیرو سەمەرەمان دەبینی، ئەم وتارە بە دەرفەت دەزانم وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە كە ئاخۆ بۆ كورد كێ باشترە، بایدن یان ترامپ؟

ئەگەر ئاوڕێكی خێرا لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كورد بدەین، تێدەگەین سەرباری دۆخە نێودەوڵەتییەكان و ململانێی زلهێزەكانی جیهان لەسەر ئاراستەكردنی رووداوەكانی جیهان، هاوكات هەمیشە فاكتەری سەرەكی سەركەوتنی كوردو پێشكەوتنی دۆزەكەی، دۆخی ناوخۆی كوردستان و پەیوەندی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكان بووە، بە شێوەیەكی تر دەتوانین بڵێین سەرباری ئەو دۆخەی عێراق تێیدابوو لە شكستی لە كوێت و فشاری وڵاتانی هاوپەیمان لەسەر رژێمی بەعس، كەچی تا هێزە كوردستانییەكان لەژێر چەتری بەرەی كوردستانی كۆنەبوونەوەو بە یەكدەنگ بڕیاریان نەدا نەتوانرا راپەڕین بكرێ و كوردستان رزگار بكرێ.

راپەڕینی بەهاری 1991 نموونەیەكی زیندووەو هیچ یەك لە قۆناغەكانی تر نەبووە، كورد بە پەرش و بڵاوی لەكاتی ململانێدا توانیبێتی دەستكەوتێكی گەورە بەدەست بێنێ، كەواتا ئەمە باشترین نموونەیە كە ئەگەر بمانەوێ بە ئاوات و ئامانجی گەورە بگەین، پێویستە یەكگرتوو بین، پێویستە لایەنە سیاسییەكان كێشەو ململانێكانیان وەلا بنێن و بەرەو یەك ئامانجی دیاریكراو هەنگاو بنێن.

لەم پێشەكیەی سەرەوە دەكرێ دەروازەیەك بكەینەوەو وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە ئاخۆ بایدن یا ترامپ باشترە بۆ كورد؟

بەر لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەمەوێ بڵێم ئێمە میللەتێكی عاتفین و زۆرجار بە قسەیەكی سەرپێیی دەكەوینە هەڵەوە، بۆ نموونە زۆرێك لەوانەی پێیان وایە بایدن بۆ كورد باشترە نموونە بەوە دەهێننەوە كە ئەم پیاوە چەند قسەیەكی هەیەو پشتیوانی لە دۆزی كورد كردووە، بێ ئاگا لەوەی لە ئەمریكا سیستەم و بەرژەوەندی زلهێزەكان وڵات بەڕێوەدەبات نەك قسەی كەسێك لە كاتێكدا كە لەو پلەو پۆستەی ئێستایدا نەبووە.

لەوانەیە گۆڕانكاری لە سەرۆك، بەشێك لە بڕیارە ستراتیژییەكانی وڵاتێك بگۆڕێ، بەڵام ئایا كورد لە كوێی ئەو ستراتیژانەدایە؟ ئایا ئێستا كورد بەشێكە لە ستراتیژی ئەمریكاو وڵاتانی زلهێزی دنیا؟ بێگومان نەخێر.

كە كورد لە ناوخۆ یەك نەبێ و دنیایەك كێشەی هەبێ، وڵاتانی زلهێز چی بۆ كورد بكەن؟ كێ باوەڕ دەكا لە سەدەی بیست و یەك هێشتا پارتە سیاسییە كوردییەكان دنیایەك كێشەی بچووك و لابەلایان هەیەو ناتوانن تەنانەت لەگەڵ یەكتر كۆببنەوە؟

دەبێ لە دنیای دەرەوە نەزانن هێشتا مەترسی دوو ئیدارەیی لە ئارادایەو دەڵاڵانی شەڕ تا ئێستاش ئەم قەوانە لێدەدەن و بەهیوای تێكچوون و تێكدانی دۆخەكەن و رۆژ لەدوای رۆژ ئاگرەكەی بۆ خۆش دەكەن؟

ئەرێ بایدن یان ترەمپ دەتوانێ كورد یەكبخاو كێشەكانی نێوانی چارەسەر بكا؟

ترەمپ و بایدن دەبێ بێن كێشەی مووچە چارەسەر بكەن و خەڵك لە دڵەڕاوكێیی دواكەوتن و نەدان و پاشەكەوت و لێبڕینی مووچە دڵنیا بكەنەوە.

كورت و پوخت، بە كوردی و بە كورتی، دوێنێ و ئەمڕۆ و بەیانیش بۆ كورد، كورد لە هەموویان باشترە، دەبێ پێش هەموو كەس كورد لەناوخۆی كێشەكانی چارەسەر بكاو كۆتایی بە ململانێكان بهێنێ و ستراتیژی روونی هەبێ بۆ داهاتوو، ئەوكاتە چ بایدن بێ یان ترامپ؟ یا هەر كەسێكی تر ناچارە مامەڵە لەگەڵ كوردێكی یەكگرتووی خاوەن ستراتیژو بەرنامەی روون بكا، ئەگەر كورد خاوەنی ئەم دۆخەی ئێستا بێ، كوردێكیش ببێتە سەرۆكی ئەمریكا ناتوانێ بۆ كورد باش بێ، ئەگەر كورد وەك ئێستا بۆ خۆی خراپ بێ.

‎مەسعودی مەلا هەمزە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا