عێراق بەرەو كوێ؟

نەوزاد ساڵح

دوای ڕاگەیاندنی دەرئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنەكانی ١٠/١٠/٢٠٢١ ئەو هێزانەی كە هەستیان كرد كورسی كەمیان بەدەست هێناوە كەوتنە گێچەڵكردن بە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكە و میلیشیاكانیان هێنایەوە سەرشەقامەكان كەبەداخەوەئەم میلیشیایانە لەساڵی ٢٠١٦ ەوە زیاتر لە٢٠،٠٠٠ پارچە چەكی جۆراوجۆریان  لەدەستدایە ، دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان  وێڕای ئەوەی كەدرزی خستەنێو ماڵی شیعەوە  عێراقیشی هێنایە قۆناغێكی نوێوە كە بە ڕوونی ململانێی نێوان ئێران وئەمریكای تیادەركەوت كە شیعەی نزیك لە ئێران هەست دەكەن لەم هەڵبژاردنەدا پاشەكشەیان كرد كەزیاتر پێیان قبوڵ ناكرێت ڕەوتی سەدر(٧٣)كورسی بەدەست هێناوە

،وەك كاردانەوەیەكیش لەئەنجامی ئەوپاشەكشەیە هەڵوێستیان وەرگرت.

بەشێكی تریشی نامەیەكی فەرمی بوو بەئەمریكاو خۆرئاواییەكان بڵێن ئەگەر وەك پێویست نەخوێنرێینەوە هەڵوێستمان توند دەبێت و وئەمەش پرسی پێك‌هێنانی حكومەت دوادەخات هەرچەندە تا ئێستا هیچ فیگەرێك یان فریادڕەسێك  دەرنەكەوتوە كەبتوانێت هاوسەنگی ڕابگرێت و شەقامی عێراقی لە توندڕەوی دابمركێنێتەوە…

لەمانگی حوزەیرانی ٢٠٢١ ەوە تا ئێستا زیاتر لە٢٠جار بارەگای هێزەكانی هاوپەیمانان لەلایەن ئەم گروپانەوە كراونەتە ئامانج بە درۆن وپێشكەوتوترین چەك وتەكنەلۆجیای نوێ …

هەژموونی حەشدی شەعبی هەمووكاتێك بەشێوەیەك بوە كە هەركات بیانەوێت شەقام دەهەژێنن یان هێز بەكاردەهێنن یان هەرگوشارێك بیانەوێت دەیكەن كەئەمە بۆ ئایندەی عێراق مەترسیدارە…

تا ئێستاش هێزوهەژموونی دەوڵەتانی هەرێمایەتی لەسەر عێراق بوونی هەیە وبە ئامانج گرتنی ماڵی سەرۆك وەزیرانیش لەشەوی  حەوتی ئەم مانگە نامەیەكی ڕوونە لە لایەن ئەو هێزانەی شیعەوە كە چەند ڕۆژێكە شەقامی عێراقیان هەژاندوەو لەبەغدادی پایتەخت نمایش دەكەن وبەرپرسی ئەم گروپە توندڕەوانەش تیایاندا دەركەوتن…

دوای هێرش بۆسەر ماڵی بەرێز كازمی تا ئێستا هەڵوێستێكی ڕوونی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانانمان نەبینی جگە لە سەركۆنەكردن و بەیاننامە و نەبێت !

لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە حەشدی شەعبی نامەی ئاشكرای خۆی گەیاندە سەرۆك وەزیران و بەئەمریكاوهێزەكانی  هاوپەیمانانیشی ووت  كە پێكهێنانی كابینەی نوێی عێراق بەبێ ئێمە جێگای قبوڵكردن نیە و نابێت لەبەر كەمی كورسیەكانمان بیرلە  پەراوێزخستنمان بكەنەوە… ئایا ئەمریكای بایدن وهێزە كانی هاوپەیمانان وەڵامیان چی دەبێت؟

ئایا گەلی عێراق وبەرێز كازمیش بە گورگان خوارد دەبەن یان دێنە وەڵام و گورزی كوشندەلە میلیشیاكان دەوەشێنن ؟

ئایا هەربەڕاست ئەمریكا دەیەوێت عێراق وەك وڵاتێكی دیموكراتی و دامەزراوەیی لەسەر پێی خۆی بوەستێنێت یان بەرژەوەندی ئەمریكیەكان لەوەدایە كە ئەم گەمەیە هەر ئاوابێت… خۆ ئەگەر بیرێك لەدۆخی ئێستای عێراق نەكەنەوە  سەرئەنجام هاوشێوەی ئەفغانستان لە شەڕی ناوخۆوە دەگلێت وماڵوێرانی هەربۆعێراقیەكان جێ دەمێنێت وهێزەكانی ئەمریكا وهاوپەیمانانیش دەبیت عێراق جێ بهێڵن!

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک