ئایا لە بەغدا قوڕێكی خەست بۆ پارتی گیراوەتەوە؟

هەمو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە لە بەغدا قوڕێكی خەست بۆ پارتی گیراوەتەوە. مشتومڕەكانی بودجە لە پەرلەمانی عێراق بۆمبرێژكراوە و لە ساتی و كاتی خۆی بەروی پارتیدا دەتەقێندرێنەوە.

سەردانی خەلوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیاش بۆ بەغدا و هەولێر دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە. توركیا باش دەزانێت كە عێراق نە لەروی لۆجیستی و هەواڵگری، نە لە روی سەربازیەوە ناتوانێت هیچ بۆ توركیا بكات لە شەڕی توركیا دژی پەكەكە، چونكە ناوچەی بونی پەكەكە لە ژێر كۆنترۆلی پارتیدایە. توركیا لە رێگەی وەزیری بەرگریەوە پەیامی ئەوەی بە بەغدا داوە كە مادام بەغدا ناتوانێت و یاخود نایەوێت هیچ بەرامبەر پەكەكە بكات، با بەلایەنی كەمەوە گەر پشتگیری پارتیش نەكات لە پشتیوانی و هاریكاری توركیا لە دژی بە پەكەكە، ئەوە فشار و گوشارەكانیان بۆ سەر پارتی زیاتر نەكەن.

هەرەوەها توركیا ترسی ئەوەشی هەیە كە عێراق لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی كێشە بۆ دەستدرێژیەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق و بونی بنكەكانیان لە هەرێم دروست بكات، چونكە توركیا دوای زیادبونی فشارەكانی یەكێتی ئەوروپا و رۆشتنی ترەمپ و هاتنە سەركاری بایدن ترسێكی زۆری هەیە كە ئەمریكا و ئەوروپا كێشەی راستەقینە بۆ فراوانخوازیەكانی توركیا لە ناوچەكە دروست بكەن.

لێدوانەكەی ئەمرۆی ئەردۆغانیش سەبارەت بە هێرشكردنە سەر شەنگال دەچێتە خانەی زیادكردنی فشار و گوشار لە سەر بەغدا بۆ ئەو مەبەستانەی سەرەوە، گەرنا توركیا باش دەزانێت، شەنگال هەم لەسەر ئاستی ناوخۆیی، هەم لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش پارویەكی ئەوەندە ئاسان نییە، تا توركیا لە شەوێكدا خۆی پێدا بكات.

ئاراس مەسیفی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا