ئەو ڕێككەوتنەی هەرگیز ناكرێت

ئەو ڕێككەوتنەی هەرێم لە بەغدای داوا ئەكات، نە بووە و نە ئەبێت ،پێشتریش حكومەتی بەغدا ، بە درێژایی پانزدە ساڵی ڕابردوو ، نە ڕێككەوتنی لە گەڵ حكومەتی هەرێم ئیمزاكردووە ، نە ئێستاش ئەیكات ، نەك لەبەر ئەو هۆكارانەی سیاسیەكان بۆ میدیای كوردی باس ئەكەن ، بەڵكو لەبەر ئەوەی :

1- شتێك نییە ناوی ڕێككەوتنی نوسراو وئیمزاكراو بێت (لە نێوان حكومەتی هەرێمیی و حكومەتی فیدرالیی) لە پرۆتۆكۆلی سستمە فیدرالییەكانی جیهاندا ، لەبەر ئەوە ، عیراقێك بەم هەموو هێز و توانا یاسایی ونا یاساییەوە كە تیایدایە ، نایەت پێشینەیەكی لەو جۆرە بۆ خۆی تۆماربكات و ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتێكی هەرێمی یان خۆجێیی ئیمزا بكات.

2- ڕێككەوتن لە نێوان دوو دەوڵەت ، دوو حكومەت ، دوو لایەنی هاوئاست وبەرابەردا ئیمزا ئەكرێت ، عیراق چۆن ئەو دەرفەتە ئەدات بە حكومەتی هەرێم ، ئەگەر وا بكات ، حكومەتە خۆجێیەكانی پارێزگاكانیش داوای هەمان بەرابەری لێ ئەكەن ، لەبەر ئەوەی هەرێمەكان و پارێزگاكان لەیەك پۆلینی دەستووریدان ؟!

3- تا ئێستا حكومەتی هەرێم ڕێككەوتننامەی ئیمزاكراوی لە گەڵ حكومەتی عیراقدا نەبووە و خۆی بە خاوەن بڕیار زانیوە ، ئەم هەموو گرێبەست و كۆمپانیا بیانیانەی هێناوەتە سەر خاكی هەرێم ، ئەی ئەگەر ڕێككەوتننامەی ئیمزاكراوی بەدەستەوە بێت ، ئەبێت چی بكات ؟!

4- دەستەبژێری شارەزای بوارە جیاجیاكانی یاسا وئابووری وسیاسەت لە عیراقدا ، ڕێگرن لە ڕێككەوتننامەیەكی لەو جۆرە ، بەڵگەیەكی یاسایی نادەنە دەست دەسەڵاتێكی هەرێمی یان خۆجێیی، نەوەك لە داهاتوودا توشی لێپرسینەوە و ڕووگیری یاسایی و سیاسی بن لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە .

5- ئەم حكومەتەی ئێستای عیراق (بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی) لە حوكمی كاربەڕێكەرە ، تەمەنی درێژی شەش مانگی ترە چۆن ئایندە و ناوبانگی خۆی و دەوڵەتەكەی ئەكات بە قوربانی ڕێككەوتنێكی درێژخایەن لەگەڵ حكومەتێكی هەرێمیی دا .

6- كابینە جیایاكانی حكومەتی عیراق بە درێژایی ئەم پانزدە ساڵەی ڕابردوو ، لە ژێرگوشار و ڕاسپاردەكانی هاوپایماناندا ، بە تایبەت ئەمریكا و بەریتانیا دەستیان لە هەرێم نەوەشاندووە ، لەوە ئەچیت چیتر ئەو گوشارانە بوونیان نەمابێت .

لە كوردستان ، لەم دۆخەی ئێستادا ، كەس نازانێت بڕیادەران، لە هەولێر و لە سلێمانی ، تا چەند لە داهاتووی نزیكی ئەم قەوارەیە وئەم كوردە بێ چارەیە دڵنیان ، بەڵام ئەوەی من ئەیزانم ئەمەیە :

– ئەگەر قەوارەی هەرێمیان لا مەبەستە و ئەیانەوێت ئەم هەرێمە بمێنێت ..پەنا بەرنەوە بەر دەستووری عیراق وداوای دواپشتگیری لە ئەمریكی و بەریتانیەكان بكەن بۆ ڕێكخستنەوەی هەرێمێكی یاسایی و دەستووری لە دەوڵەتی عیراقدا ، نەك وەك ئەم هەرێمەی بینیمان .

– ئەگەر قووت و بژێوی هاوڵاتیانیان لا مەبەستە ، بێ دوو دڵی ، پەلە بكەن لە دەرچواندنی یاسای بودجەی 2021ی عیراق ، چیتر باس لە (شایستە) و (پشك) و (قەرز) ی هەرێم نەكەن ، لەبەر ئەوەی گوێگریان نییە .

– (گفتوگۆ و دانوستان) لەسەر دارشتن و هەمواركردنی چەند یاسایەكی فیدرالی بكەن، تا مافی هەتا هەتایی ئەم میللەتە بەش مەینەتە جێگیر بكەن .

– ئەبێت بزانن عیراق ڕوو لە دەوڵەتێكی دامەزراوترە وەك لەمەی كە لە كوردستانە ، چیتر (سازان) و (كۆبونەوە) و (لێكتێگەیشتن) ی حزبە سیاسییەكان ئەنجامی نابێت .

سمكۆ ئەسعەد

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا