یاسای تەمویلكردنی كورتهێنانی دارایی‌و تێڕوانینێكی ئابووری

ماوەیەكە شەقامی عیراق بە هەرێمی كوردستانەوە چاوی بڕیوەتە ئەو مشتومڕەی لەسەر پرۆژە یاسای تەمویلكردنی كورتهێنانی دارایی دەكرا، كە بۆ پەسەند كردنی وەك یاسا رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كراوە، بۆ خەڵكی عیراق بە گشتی و فەرمانبەر و موچەخۆرانی و بەوانەی هەرێمی كوردستانیشەوە ئێجگار گرنگە، كە ژمارەیان نزیكەی هەشت ملیۆن كەسە. فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم بەو هیوایە بوون كە بە خێرا ئەو پرۆژەیە ببێتە یاسا، بەشەكەی هەرێم كە پێشتر بەپێی بودجەی گشتی ٢٠١٩ رێككەوتنی لەسەر كراوە رەوانەی هەرێم بكرێت، حكومەتی هەرێم لەگەڵ ئەو بەشە داهاتەی خۆی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی بە لێبڕینەوە دابەش بكات.

ئەو مادەیەی لەم یاسایە كە بەرە بەیانی رۆژی هەینی ١٣/١١/٢٠٢٠ لە ئەنجومەنی نوێنەران بەبێ پەرلەمانتارانی كوردستان تێپەڕێندرا، كە مادەی (٧) ی یاساكەیە، لەسەر بنچینەی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ داڕێژراوە، كە ئەوكات پەرلەمانتارانی كوردستان دەنگیان پێداوە، ئەوكات پێیان وابوو كارێكی باشیان كردووە و هەرێمی كوردستان قازانجی لێدەكات.

ئەمەی ئێستا، هەر لەبەر ئەوەی لەگەڵ بۆچوونێكی سیاسییدا نەهاتۆتەوە، كە دەشێ ئەو بۆچوونە دروستیش نەبێت ئەو هەڵڵایەی لەسەر دروست كرا، پەرلەمانتارانی كوردستان بەبێ ئەوەی بە دروستی دەقی ئەو مادەیەی بە هەرێمی كوردستانەوە پەیوەستە بخوێننەوە، دژی وەستانەوە و هۆڵی پەرلەمانیان بەجێهێشت، لەكاتێكدا ئەم مادەیە دەرفەتی دانوستانی باشتر بۆ هەرێمی كوردستان دەڕەخسێنێت تاوەكو لەگەڵ حكومەتی عیراق بە رێككەوتن بگات.

بەپێی مادەی (٧)ی یاساكە، هەرێمی كوردستان پابەند دەكات بە پێدانی بەهای ئەو نەوتەی هەرێمی كوردستان رەوانەی دەرەوەی دەكات و بەو بڕەی كە سۆمۆ دیاری دەكات و هەروەها ئەو داهاتە غەیرە نەوتییە فیدراڵییانە كە بەپێی دەستور و یاسای گومرگی عیراق دەستنیشان كراون.

ئەم مادەی یاسایە، هیچ بڕێكی نەوتی دیاری نەكردووە، ئەمەش دەرفەتێكی باش بە دانوستكاری هەرێمی كوردستان دەدات تاوەكو باشتر لەگەڵ كۆمپانیای سۆمۆ بكەوێتە گفتوگۆ، لێوەی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بەدەست بهێنێت. واتە ئەم یاسایە لەبری ئەوەی وەك حاڵەتێكی دژ بە هەرێمی كوردستان وێنا بكرێت، دەبێ وەك دەرفەتێكی دروست و لەبار بخوێندرێتەوە تاوەكو بكرێتە زەمینەی باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ و گەیشتن بە رێگاچارەیەك و خەڵكی كوردستان لەو دڵەڕاوكێیەی تێیدایە رزگار بكات.

ئەوەی لێرەدا گرنگە، دەبێ حكومەتی هەرێمی كوردستان بە زووترین كات شاندێكی رەسمی بە سەرۆكایەتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران رەوانەی بەغداد بكات تاوەكو لەماوەیەكی كورتدا بگەنە رێككەوتنێكی یەكلاكەرەوە، بەوەی تەواوی دەسەڵاتەكانی لادەبێت، لێوەی بەشی هەرێمی كوردستان لەو بڕە قەرزەی بۆ پێدانی موچە دەكرێت، رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت، ئاهێك بە بەر خەڵكی و ئابووریی هەرێمی كوردستاندا بێتەوە.

فەیسەڵ عەلی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا