ژن‌و بەكاڵاكردن

ئەم بابەتە 12 جار بینراوە

ئەوەی دەگوزەرێت لە #كوردستان گۆڕین و بچوككردنەوەی دۆزی ژنە لە دۆزێكی ئینسانی و چینایەتی و كۆمەڵایەتی و رەگەزییەوە بۆ (بەكاڵاكردن یان بە حیجابكردن )، كە هەردووكی دوو دیوی یەك دراون و بەشێكە لە لێكەوتەكانی سیستەمی #سەرمایەداری جیهانی، بەو تایپەی لە #كوردستان فەرزكراوە .

لە ئاستی یەكەم
بچوككردنەوەی #ژن دەبینین بۆ جەستەیەك یا بوكەڵەیەكی دروستكراوو كردنی بە بڕاندێكی دونیای بزنس، وەك كاڵایەكی بازرگانی لەتۆرە كۆمەڵایەتییەكان و هەندی كەناڵی ڕاگەیاندن و بەگشتیش لە بازاری #سەرمایەداری نمایش دەكرێت، كە درێژكراوەی تیۆری كارە وەك كاڵا،كە لەوێدا كۆیلایەتییەكی شاراوە یا داپۆشراو دەبینین .

لە ئاستی دووەم
نمایشكردنی بەكۆمەڵی جۆرێكی تایبەت لە #باڵاپۆشی و لەچك بەهیچ شێوەیەك ناچێتە ناو چوارچێوەی ئازادی تاكەكەسی و بژاردە و كردەی مرۆڤێكی خودان ئیرادەی سەربەست، بەڵكو دەبێت وەك خۆی بیبینین، كە بەشێكە لە پرۆژەی #ئیسلامی سیاسی لە چوارچێوەی تەماعی بنیاتنانی دەوڵەتی خەلافەی ئیسلامی، ئەو پرۆژەیەی ئاینی لە ئایدیایەكی تاكە كەسی و ویژانیەوە قۆرغكردووە بۆ شەرعیەت پێدان بە پرۆژەیەكی سیاسی لە واقعێكی دیاریكراودا.

لە جیهانی #ئیسلامی بەهۆی تایبەتمەندی لە بەرهەمهێنان و واقعی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و مانەوەی سیماكانی پێش مۆدێرنیتە و ناكاملی دەوڵەت، پێگەی ئاین و ڕۆڵی لە ژیانی كۆمەڵایەتی، ویژدانی، كەلتووری، سیاسی زۆر جیاوازە وەك لە خۆرئاوادا، هەربۆیە لەگەڵ پاشەكشەی زیاتری رۆڵ و بەرپرسیارەتی كۆمەڵایەتی دەوڵەت، جێگایەكی باشتر بۆ ئەو رۆڵگیرانەی ئاین چۆڵ و هۆڵ دەبێت، چەندان فێستیڤاڵی هاوشێوەی “حەوتەمین فێستیڤاڵی تاجی زێڕین” دەبینین كە لەوێدا، ئەوان وەك كردەیەكی رزگاری و گەیشتن بە بەختەوەری و ئارامی دەیبینن و پێیان دەفرۆشرێت .

هەڵكشان و بەكۆمەڵایەتیبوونی هەردوو ئاستەكەو دیاردەی #نیهیلیزم، پوچگەرایی و خۆشبونی بازاری كردەی نمایشی (استعراچ) دەتوانین وەك ئەنجامێكی سیستەم لێی بنواڕین و ئاستی یەكەم و دووەمی پێ‌ گرێبدەینەوە .

فەرزكردنی سیستەمی ئابوری بازار لە وێنەی #نیولیرالیزم كە رۆژانە ماف و ئازادییەكان زیاتر دەقڵیشێنێتەوەوە و هیچ سێبەر و بەهایەكی مرۆیی نەماوەتەوە لەبەردەم هێرشی كۆمپانیا وسەرمایەدارەكاندا هاوكات لەگەڵ پاشەكشەی رۆڵی دەوڵەت لە بەرپرسیارەتی كۆمەڵایەتی و زاڵبونی حوكمی جەبەڕوتی سەرمایەداریدا، پرسێكی هاوپەیوەندیدارن، بەیەكەوە لێكەوتەی لەسەر لاینەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی و كلتورییەوە جێهێشتووە .

لە لاكەی تر دەتوانین وەك غیابی رۆڵی هێزە #چەپ و كۆمۆنیستەكان و ئازادیخوازەكان بیبینین كە لەم سەردەمەدا بە جیاواز لە سەردەمانی تر سەڕەڕای هەڵكشانی زیاتری جیاوازی چینایەتی و بێكاری و هەژاری و پرسە كۆمەڵایەتییەكان هتد … ئایدیای چەپ و كۆمۆنیستەكان لە دۆخی نوخبەویی و دوورە كۆمەڵایەتی بڕاندراوەتەوە. ئەگەر ئەمرۆ ئیسلامییەكان لە رێگای ئاین، پارتی و یەكێتیش لە رێگای بەخشینەوەی پلەو پۆست و دارایی گشتی وەك غەنیمەتی شەر، هەزاران كچ و كۆری گەنجیان لەخۆیان كۆكردبێتەوە، ئەی ئێمە چیمان لە هەگبەدایە و چیمان كۆكردۆتەوە؟.

چۆن دەتوانین، تیور گرێبدەینەوە بەواقیع و هیوایەكی راستەقینە دروست بكەین، هیوایەك كە بتوانێت پەراوێزخراوەكانی دوونیای سەرمایەداری رێكبخات و ئاراستەیان بكات بۆ بەدیهێنانی ژیانێكی تر، كەتیایدا لایەنی كەمی #دادپەروەری و یەكسانی و شكۆی ئینسانی تیادا پاررێزراوبێت. هیوایەك بۆ ئەوانەی ئەمرۆ بە ناچاری و لە ئەنجامی نائومێدیان لەدۆخی بژاردەی (بەكاڵاكردن یان حیجابكردندان ) دەربازیان بكات و هیچ نەبێت توانای پیشاندانی ئاسۆیەكی تر و بژاردەیەكی تر بخاتەروو .

هیوا عومەر

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک