پۆڵەتیك پرێس
سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچەی چەمانكێی سەر بە پارێزگای دهۆك كراوتەتە ئامانج، ئەوە هێرشە بۆ سەر سەروەری عێراق.
سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێكدا ئیدانەی هێرشكردنە سەر هێزەكانی پێشمەرگەی لە سنوری پارێزگای دهۆك دەكەن و رایدەگەیەنن، بە ئامانجگرتنی پێشمەرگە پێشێلكردنی سەروەری عێراقە.
هەروەك داواش دەكەن، حكومەت ئەو ناوچانە بپارێزێت و رێگری لە تێكچوونی رەوشی ئەمنی كوردستان بكات.
هەروەها داوا دەكەن هەردوو حكومەتی بەغداو هەرێم پێكەوە هەماهەنگی بكەن بۆ ئەوەی رێگربن لەوجۆرە جموجوڵ و هێرشە بەردەوامانەی لە ناو خاكی عێراق روودەدەن كە پێشێلكردنی سەروەری خاكی عێراقن.
رۆژی چواری ئەم مانگە لە گوندی چەمانكێی سەر بە قەزای ئامێدی لە سنووری پارێزگای دهۆك پێكدادانان لەنێوانیاندا رووویداوە و بۆمبێك بە ئۆتۆمبێلی هێزەكانی زێرەڤانیدا تەقیەوە كە بەهۆیەوە ژمارەیەك كوژراو برینداری لێكەوتەوە، دواتریش بەرپرسانی پارتی و فەرماندەكانی پێشمەرگە رووداوەكەیان بە شەڕی پێشمەرگەو پەكەكە ناویان برد.
لای خۆشییەوە ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە راگەیەنراوێكی لەبارەی رووداوەكەوە بڵاوكردەوەو رایگەیاند، ئەوان نایانەوێت شەڕ بكەن، بەڵام هێزەكانی پارتی هەوڵیانداوە كەمپەكەیان لە گارە كۆنتڕۆڵ بكەن، لەوكاتەشدا مین بە ئۆتۆمبێلەكەیاندا تەقیوەتەوە.