پۆڵەتیک پرێس
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و پرسی فرەبازنەیی هەڵبژاردنی پێشوەختەش یەکێک دەبێت لەو تەوەرانەی گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، پەرلەمانی عێراق خشتەی کاری دانیشتنی ژمارەی ١٧ی بڵاوکردەوە کە تێیدا گفتوگۆ لەسەر ١٢ تەوەری سەرەکی دەکرێت.
لە بڵاوکراوەکەی پەرلەماندا هاتووە، تەوەری یەکەمی دانیشتنەکە بریتییە لە تەواوکردنی پرسی سیستمی فرە بازنەیی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان.
هاوکات، یەکێکی دیکە لە خاڵەکانی دانیشتنەکە بریتییە لە پێشنیارە یاسای بڕوانامە و نمرەی زانستی بە ئامادەیی لیژنەی یاسایی و لیژنەی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
بڕیارە دانیشتنی ژمارە ١٧ی پەرلەمانی عێراق سەعات ٥ی ئەم ئێوارەیە دەستپێبکات.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا بە دواخستنی دانیشتنی ژمارە ١٦ کە بڕیاربوو تێیدا گتوگۆ لەسەر چەند یاسا و پڕۆژەیەک بکرێت.