پۆڵەتیك پرێس
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەكاتەوە و یەكێك لەو پرسانەش كە دەخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای قەرزە كەحكومەتی عێراق دوای پەسەندكردنی كردووە.
ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، لە دانیشتنی ئەم هەفتەیە پرسی قەرزەكەی حكومەتی عێراق یەكێكە لە پرسە گرنگەكان، ئەو قەرزەش بڕێكی زۆرە لە پەرلەمانەوە تێدەپەڕێندرێت، بەڵام بەو بڕە زۆرە نا كە حكومەت داوای دەكات.
ئاماژەی بەوەشكرد، رای جیاواز لەسەر كەمكردنەوەی بڕی قەرزەكە هەیە، چاوەڕێی ئەوەن بزانن حكومەت بڕی چەند پارەی پێویستە، چاوەڕواندەكرێت قەرزەكە لەنێوان 8 بۆ 10 یان 10 بۆ 12 ترلیۆن دیناردا بێت، نەك ئەو بڕە زۆرەی حكومەت داوای دەكات.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، حكومەتی عێراق لەمساڵدا رووبەڕووی قەیرانی دارایی بوەوە و بەو هۆیەوە ناتوانێت موچەی فەرمانبەرانی لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا دابەش بكات، لەو چوارچێوەیەشدا حكومەتی عێراق داوای بڕی 41 ترلیۆن دینار دەكات، تاوەكو مووچەی پێ دابەش بكات.