پەرلەمان پرۆژە یاسای قەرز دەخاتە دەنگدانەوە

ئەم بابەتە 72 جار بینراوە

پۆڵەتیك پرێس

سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بەرنامەی كاری كۆبونەوەی سبەی راگەیاندو بڕیاریدا، لە كۆبونەوەكەدا پرۆژە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی بخاتە دەنگدانەوە.

جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس باسی لەوەكرد، دواین كۆبوونەوەی لیژنەكەیان بێ ئەنجام بووە، چونكە سەرۆكی لیژنەكە بەبیانووی پابەند نەبوونی هەرێمەوە سوربووە لەسەر ئەوەی پشكی هەرێم نەخرێتە پرۆژە یاساكەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا پرۆژە یاساكە دوو كێشەی لەبەردەمدایە، یەكێكیان جیاوازی ئەو بڕە پارەیە حكومەت داوا كردووە كە بریتیە لە 41 ترلیۆن دینار لەگەڵ ئەوەی لیژنەی دارایی دیاری كردووە كە لەنێوان 12 تا 15 ترلیۆن دیناردایە، كێشەی دووەمیش دیاریكردنی پشكی كوردە لە پرۆژە یاساكەدا.

جەمال كۆچەر وتیشی، “ئەگەر رۆژی چوارشەممە نەگەشتینە ئەنجام لەبارەی دیاریكردنی پشكی هەرێم وەك فراكسیۆنە كوردییەكان بڕیارمانداوە نەچینە هۆڵی پەرلەمان و هەموو هەوڵێك دەدەین رێژەی یاسایی بۆ كۆبوونەوەكە پێك نەیەت”.

لە ماوەی رابردوودا پرۆژە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی زۆرترین مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێنا، لەگەڵ ئەوەی پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كردووە، بەڵام تا ئێستا پەسەند نەكراوە.

بەپێی پرۆژە یاساكە، حكومەت داوای 41 ترلیۆن دینار قەرز دەكات و پەرلەمانیش دەڵێت بە 12 تا 15 ترلیۆن دینار كێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر دەبێت.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک