ئیمان‌و چاوی لەیلا

كاتێك حەزرەتی عیسایان دادگایی كرد لێیان پرسی: باج و سەرانە بدرێت بەقەیسەر؟ لە وەڵامدا گوتی: ئەوەی هی خودایە بیدەنەوە بە خوداو، ئەوەش هی قەیسەرە بیدەنەوە بەقەیسەر.. ئا لەو دێڕەوە عیسا دین و دەوڵەتی لەیەكدی جیاكردەوە.

خوداش بە پێغەمبەری موسوڵمانانی گوت: پێیان بڵێ: (لكم دينكم و لي دين)، (لا نفرق بين احد من رسولة)، (وما ارسلناك الا رحمة للعالمين) .

سەدان ساڵە ئێمە مسوڵمانین، من كوڕی مەلایەكی بە ناوبانگی دەڤەری گەرمیانم، مامۆستایەكی بلیمەت لە زانستەكانی قورئان و تەفسیر، ڕۆژێك باوكی ڕەحمەتیمان بەو پێنج برایەمانی نەوت نوێژ بكەن، هەمیشە دەیوت: (لا یكلف اللە نفسا الا وسعها)، (ولا تزر وازرە وزر اخری)، هەروەعا دەیوت: لە تەمەنی یاسایی هەژدە ساڵ بە خوار هەر منداڵ و مێرد منداڵێك بە زۆر فەرزەكانی خودای پێكرا، هەتا ماوە لە ترسا خودای خۆشدەوێتو ئاشنای خۆشەویستی خودا نابێت.

هەر واش دەرچوو برایەك بوو بەمەلاو یەكێك تەنیا نوێژ دەكات و یەكێك هەتا ئێستاش مەی دەخواتەوە، گەورەترین خۆشەویستی و بەرزترین ئاستی پێكەوەژیانی ئاشتیانە و ڕێزو میهرەبانیش هەیە لە نێوان هەموو براكاندا .

حەسەن زیرەكی ڕەحمەتیش جوانترین گوزارشتی لە كەلتوری پێكەوەژیانی ئاشتییانەی كۆمەڵگەی كوردەواری كردووە، ئەوەتا دەفەرموێت: ڕۆژی جومعە پاش سەڵایە، دوو شت خۆشە لە دونیایە، ئیمان و ماچی لەیلایە)، واتە: ئەوەی ئیمانی دەوێت با بچێتە مزگەوت و لەگەڵ خودای خۆیدا ژوانی ئیمان بگرێت، ئەوەشی ناچێتە مزگەوت با ژوانی تەماشای چاوی لەیلاو ماچی لەیلا جێنزرگەی ژوانی بێ و هەردوو لاش دڵ و دەرون ئاسودەو بێبەڵابن.

ئەدی بۆچی ئێستا یا دەبێ مزگەوت هەڵبژێرێ، یان چاوی لەیلا ؟بۆ دەبێ ڕۆژی جومعە پاش سەڵایە یەكسەر مەیخانە بسوتێنرێ، گەورەترین و دڵسۆزترین دۆستی كورد بڕەنجێنرێت، تەنیا لەبەر ئەوەی وتی: (من دژی توندڕەوی ئاینی و ئیسلامیم).

ئەی توندڕەویی ئاینی چی پێنەكردین؟ ئەی داعش چەندی لێكوشتین و چەندی سەربڕی و چەند ژن و كچانمانی وەكو كەنیزەك لاقە نەكرد؟

ئەی ئەوەی ئێستا هەمان كۆمەڵگەی كوردەواری نییە؟ ئەدی هەر لە نالییەوە هەتا شێخ ڕەزاو حاجی و قانیع و ئەوانی دی، مەلاو زانای ئاینی و پێش نوێژ نەبوون ‌و دەیان شاكاری شیعرییان بە سنگ و گەردن و مەمك و شوێنی خەتەرناكی لەیلاكەیاندا نەگوتووە؟ ئەی ئەگەر مەجازیش بوبێت چەندین بەرزە شیعریان بە مەی و مەیخانەدا هەڵنەداوە؟ ئەدی ئێستا تۆ بڵێی مزگەوت بوبێتە ئاگری سوتێنەری مەیخانە؟ یاخود مەلاكان لە تەریقەتی شێخ ڕزاو وەعزەكانی مەلای جزیری و حەزرەتی نالی و …..هتد لایانداوە .

تۆ بڵێی سەدان ساڵ باب و باپیرانی ئێمەو مەلاكانی كۆمەڵگەی كوردەواری بەهەڵە خودا پەرستیان كردبێت و بەهەڵەش پێشنوێژیان كردبێت؟، یاخود ئاین و مەلاو پێشنوێژی و وەعزەكان گۆڕاون؟

تۆ بڵێی لەو حەوت ملیار مرۆڤەی سەرزەوی پێنج ملیار مەسیحی و جولەكەو ئاینەكانی دی بچنە دۆزەخ تەنیا لەبەر ئەوەی مسوڵمان نین و مەی دەخۆنەوەو دژی توندڕەوی ئاینین؟ ئەی پێمان ناڵێن چۆن دەتوانین سەدان ملیۆن مەیخانەو شوێنی مەساج لە جیهاندا بسوتێنین؟ چۆن كۆتایی بە كەلتوری سەربڕین و كوشتن و كاولكاری بهێنین كە بە ناوی ئاینەوە ئەنجامدەدرێن ؟

بۆ لێناگەڕێن (مەڕ بە پێی خۆی و بزن بە پێی خۆی) !

سەمەد زەنگەنە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا