نوسینی: فەرهەنگ گۆمەشینی
بەداخەوەم کە بە ووشەی ( بەداخەوە) دەست پێ دەکەم! پێویستە بە قووڵی و تێرامانێکی یەکجار جیاواز لەم دۆخە ھەستیارە بڕوانین و یاریە شاراوەو نھێنیەکان وەکو کامێراێ شاراوە مۆنتاژ نەکرێن ونەبنە فیلمی قوربەسەری و دوا ئەڵقەی کورد و ھەرێمەکەی، ناوچەکە ئاوساوە و پڕە لە کەف و کوڵ و یەکلایی کردنەوەی ململانێکان.
زۆر جیاوازین لە سوودان یەک شت نەبێ عینادی و کەلـلەرەقی و بێمنەتبوون لە کۆی دۆخ و پرس وگۆرانکاریەکان، لەیەک ئەچین لە عینادی و بەگوێی کەس ناکەین.
لەیەک ئەچین لە کەلـلەرەقی ئەوەی لەسوودان قەوما ھەمان تێرم و دید وسەرگەردانیە کە رێبەرانی ئەوێی تێکەوت و گەل و کۆی خەڵک و خاکی سوودانیان خستە گێژاوێکی ئێجگار سەخت ولەبن نەھاتوو.
لەیەک ئەچین لە بێمنەتبوونمان لە خەڵک و لە دۆستەکانیشمان و کاتێک خەبەرمان دەبێتەوەو بە ئاگا دێینەوە کار لەکار ترازاوە یا ترازێندراوە!
زۆر سەیرە چۆن عەقڵێکەو ووڵات و نیشتیمان بەرێوەبەرێ و نەڕوانێتە ھاوکێشە گەرمەکانی ناوچەکەو بەرژەوەندیە دژبەیەکەکان تادۆزینەوەی رێگا چارە بۆ گەل و میللەتەکەی و بە سەلامەتی بیگەیەنێتە کەنارە ئارامەکە ھەر ھیچ نەبێ بەکەمترین زیان!
زۆر سەیرە بچوکترین نموونە کە مرۆڤێکی ئاسایی سەر شەقام دەیبینێ و ھەستی پێ دەکا کە سەرچاوەی کۆی کێشەکان نادادپەروەریەو لە مناڵ و کوڕ و کچ و کەس و کاری بەرپرسەکان بپرسین :
من اين لك هذا؟
بۆ تۆ جیاوازیت لە عەوامی خەڵک؟
ئەوەی دەستت کەوتووە بە ئارەقەی نێوچەوانتەو ماندوو بوون و شەونخونیتە یان؟ ئەوەی ھەتە یا پێتە ئەنجامی داھێنانەکانتە یان نازی بابەو داھێنانەکانیەتی لە ھەدەرو بەتاڵان بردنی نیشتیمان و سەرچاوەکانی بۆت؟
بەڵێ نادادپەروەری یەکێکە لە نەخۆشیە کوشندە تۆقێنەرەکان و مەترسیدارترینە کەسەری ھەرچی حکومەت و دەوڵەتی دنیای کردووە بە قووڕدا و جگە لە زیانی گەورە بۆ خەڵک و گەل و میللەتەکانیان دواجار لە دووری دەیان ھێکتار لەو نیشتیمانەی کە وێرانیان کردووە سەریان ناوەتەوە و مردوون ، ئەوە ئەگەر لە دادگای گەل و خەلک نەجاتیان بووبێ!
دیسانەوە بەداخێکی قووڵی پڕلە داختر کاتێک کە کۆی پێشھاتەکان دەبەسترێنەوە بە لایەنی دەرەکی و پیلانگێری و ( موئامەرە) ی ئەوانی تر کە بە گوێیان نەکراو ناکرێ،،،
پوختەی قسە:
دەبێ بە زووترین کات بریار بدەن کە ئەم دۆخە مەترسیدارەو لە بەرژەوندی کورد نیەو شاعیرەکەی کورد ووتەنی : کە لێمان رۆی بە قەرنێ تر ناگەینەوە.
ئەگینا دەبێ نەوەی داھاتوومان بە ئێمەیشەوە بڵێین عاشت العراق العظيم من جنوبه الى الشمال الحبيب.
کەواتە دوای بارانی بەھارو شەستەو رەھێڵەی سروشتی دەبێ ئامادەبین بۆ شەپۆلە گەورە سیاسیەکەی کە ھەمووان لوول دەکات و رادەماڵێ
وسلام وعلی من اتبع الھدی