سێ پێشنیار بۆ دورخستنەوەی مەترسییەكانی شەڕ لە هەرێم

پێشەكی
دەخوازم ئاماژە بەو ڕاستییە بدەم كە لەهەموو بوارەكاندا جیاوازی لە نێوان شەڕی گەلی كوردستان لە دژی تیرورستانی داعش و، شەڕی كوردو كورد هەیە.

یەكەم :شەڕی دژی تیرورستانی داعش بۆ پاراستن و دورخستنەوەی مەترسییەكانی سەر دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان بوو، بەڵام لەشەڕی كوردو كورد خوانەخواستە ئەگەر ڕووبدات، دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان دەخاتە مەترسییەوە.

دووەم:لەشەڕی دژی داعش سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان لەیەك سەنگەردا كۆكراونەتەوە وبۆ بەهۆی فەراهەمكردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی، بەڵام لەشەڕی كوردوكورددا مەترسی لەسەر یەكڕیزی نیشتیمانی لەنێوان پارچەكانی كوردستان دروست دەبێت و، دەرفەت بۆ دەست تێوەردانی دەرەكی لەكاروباری ناوخۆی هەرێم زیاتر دەبێت و، دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان دەكەونە مەترسییەوە و، تەنانەت مەترسی لەسەر پڕۆژەی ئەمریكا بۆئاشتەوای لە رۆژئاوای كوردستان دروست دەكات، دواجار مەترسی لەسەر ئایندەی ئیدارەی رۆژئاواش دروست دەكات.

سێیەم:شەڕی دژی داعش بۆ پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیانی هەرێم و رێگریكردن بوولە ئاوارەبوون و دەربەدەربوونی هاوڵاتیانی هەرێم ، بەڵام شەڕی كورد وكورد دەبێتە هۆی ماڵوێرانی و دەربەدەر بوونی خەڵكی دێهاتەكانی كوردستان و تەنانەت دەربەدەر بوونی هاوڵاتیانی هەندێ شاروچكەی هەرێمی كوردستان، ئەمەش كێشەی هەژاری و بێكاری و كێشەی شوێنی نیشتەجێبوون و رێژەی ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاتر دەكات.

بۆیە بۆ رێگریكردن لەو شەڕە، ئەم سێ پێشنیارە دەخەمەڕوو.
1_هەرچەندە رێگریكردن لە هەڵگیرسانی شەڕەكە ئەركی هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكانە، بەڵام جەماوەری كوردستان دەتوانێت روڵێكی باڵا لەو بوارەدا ببینێت، ئەویش بەدروستكردنی دیوارێكی جەماوەری (دیواری مرۆڤی) لەنێوان هێزەكانی هەرددلادا و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنیش دەتوانن روڵێكی ئەرێنی ببینن لە یارمەتیدان و رێكخستنی ئەو ئەركە پیرۆزومێژوییە، واتە وەك چون بەهۆی شەڕەكەوە زەرەرمەندی سەرەكی جەماوەری كوردستان دەبێت، بەهەمان شێوە دەكرێ جەماوەر یەكێك بێت لە كارتە بەهێزەكان بۆ رێگریكردن لە شەڕەكە.
2_ هەندێ سەرچاوەی میدیایی سەرقاڵی ژەنینی دەهوڵی شەڕن و پەیامی خۆیان بۆ جۆشدانی شەڕەكە تەرخانكردووە، بۆیە پێشنیاردەكەم كە وەزارەتی رۆشنبیری هەموو تواناو دەسەڵاتە یاساییەكانی خۆی بەكاربێنێت بۆ خاوكردنەوەی هەڵچون و گرژییە میدیاییەكان ، چونكە پێشتر هەندێ چالاكوان لەسەر ئەوە گیراون گوایە خەڵك هاندەدەن بۆ خۆپیشاندان و تێكدانی ئارامی هەرێمی كوردستان، كەوابێ دەبێ سنورێك بۆ ئەو كەناڵ و كەسانەش دابنێن كە پەیامەكانیان لەپێناو ئاراستەی شەڕو خوێن ڕشتنە. هەروەك چوارچێوەیێكی فەرمی هەبێت بۆ قسەكردن لەسەر رووداوەكان و هەموو فەرماندەیێك بۆی نەبێت لێدوان بدات، چونكە هەندێ كەس پەلە دەكەن لە لێدواندان ولێدوانەكانیان دەبێتە هۆی دروستكردنی مەترسی و گرژیێكی زیاتر .
3_ئەركی حزب ولایەن سیاسییەكانی كوردستانە، دەست بە كۆبوونەوە بكەن و بەرەیەكی هاوبەشی نیشتیمانی دروست بكەن بۆ رێگریكردن لەشەڕو خوێنڕشتن و ماڵوێرانی و دورخستنەوەی دەستی دەرەكی و چارەسەركردنی كێشەكان لەڕێی دان وستان و لەیەك تێگەیشت .

كات بەپەلەو لە دۆخێكی زۆر مەترسیداردا تێپەڕ دەبێت و، ئەگەر هەنگاوەكان خێراو كردەیی نەكرێن، ئەوا كارلەكاردەترازێت و نەهامەتیێكی دیكە بەسەر گەلەكەماندا دێت.

لەتیف نێروەیی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا