چیرۆكی شانۆییە كوردییە قەدەغەكراوەكەی توركیا

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
كاتێك منداڵێكی بچووك بووم، هەموو شەوێك كوڕە گەورەی ماڵە دراوسێیەكمان دەهاتە حەوشەی ماڵەكەیان‌و هەندێك رەفتاری نامۆی دەنواند، لە سەرەتادا هیچ بیرۆكەیەكم نەبوو چی دەكات! دواتر بۆم دەركەوت، لە تاریكی هەموو شەوێكدا شریتی پڕ لەموزیكی كوردی لە حەوشەكەیاندا دەناشت تا كەس نەیبینێت‌و لە رۆژی دواتردا شوێنەكەی هەڵدەكەنی و شریتەكەی دەردەهێنا تا بەنهێنی گوێ لە موزیكەكانی بگرێت، زمانی ئێمە بەو شێوەیە قەدەغەكرا.

مامۆستایەكمان لە قوتابخانەی سەرەتایی هەمیشە پێی دەوتین: قسەكردن بە زمانی كوردی كارێكی خراپە، ئەو كەسانەی بەزمانی كوردی قسە دەكەن بەهەمان شێوە كەسانی خراپن، ئەو كاتە هەستێكی ناخۆشم هەبوو، هاوڕێكانیشم بەهەمان شێوە بوون، كاتێك دەگەڕاینەوە بۆ ماڵەوە هەوڵمان دەدا وشەكانی دایك و باوكمان راستبكەینەوە، باوانی ئێمە كەسی باش بوون، هەرگیز پێمان وانەبوو كاتێك، كە قسە بە زمانی كوردی دەكەن ئیدی كەسی خراپ بن.

كاتێك زمانی دایك بەزۆر لە ئێمە زەوتكرا، هەموو منداڵانی كورد تووشی سەرسوڕمان بوون، ئەو بڕیارە تەنیا بەئازار نەبوو، بەڵكو بووە بەربەست لە بەردەممان، هەزاران منداڵی كورد بەگەمژە پێناسە دەكران، لەبەر ئەوەی تێنەدەگەیشتن لەو بابەتانەی لە قوتابخانە دەخوێندران، هەر ئەو بڕیارە بووەهۆی دابەشبوونی نێوان تاكەكانی خێزان و منداڵانی لە باو و باپیرانیان دوورخستەوە، پاشان هەستی شەرم هاتە ئاراوە، زۆرێك لە كوردەكان شەرمیان لە زمانەكەیان و تەنانەت لە خۆشیان دەكرد.

هەزاران منداڵی كورد بەگەمژە پێناسە دەكران، لەبەر ئەوەی تێنەدەگەیشتن لەو بابەتانەی لە قوتابخانە دەخوێندران

دوورخستنەوەت لە زمانەكەت، لەو جیهانەش دوورتدەخاتەوە، كە زمانەكە دروستی كردووە، ئێمە ئەو كاتە دركمان بەمە نەدەكرد، بەڵام ئێستا دەزانین سەرجەم منداڵانی كورد، دەوڵەمەند و هەژار، خوێنەوار و نەخوێنەوار، بەبێ جیاوازی هەمان بارگرانی بەڵام بە شێوازی جیاجیا دەگرنە ئەستۆ.

ئەوە گێڕانەوەیەكی نووسەری كورد نورجان بایسالە، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو، دەسەڵاتدارانی توركیا شانۆییەكیان قەدەغەكرد، كە بڕیاربوو بە زمانی كوردی و لە یەكێك لە تەختی شانۆكانی ئیستانبوڵ نمایش بكرێت، بە چەند سەعاتێك پێش بەرزكردنەوەی پەردەی شانۆكە و لەكاتێكدا ژمارەیەك جەماوەر لە هۆڵەكەدا كۆبوونەوە، پارێزگار وتی: ئەم شانۆییە بەهۆكاری ئەوەی بانگەشەی “تیرۆری” تێدایە قەدەغە دەكرێت.

ئەو شانۆییە كە ناوی “پیرۆ”یە، بە زمانی كوردی بەمانای بێئاگا دێت و بە وەرگێڕانی وشەش بە واتای بێ روخسار دێت، بیرۆكەكەی لە شانۆییەكی شانۆنوسی ئیتاڵی داریۆ فو بە ناوی “هۆرنز، ترامبیتس ئاند بارناچی” وەرگیراوە، ئەو شانۆییە لە ساڵی ١٩٧٠ و بەر لە دامەزراندنی پارتی كرێكارانی كوردستان كە توركیا هەمیشە هۆشداری لەبارەیانەوە دەدات نوسراوە.

دواتر داواكاری گشتی دەستیكرد بە لێكۆڵینەوە لە شانۆییەكە و بەیاننامەیەكی دەركرد تێیدا نوسرابوو: هێزە ئەمنییەكانمان گەیشتن بەو دەرئەنجامەی، بیرۆكەی سەرەكی شانۆییەكە بانگەشەی “تیرۆر” بووە، ئەو بیرۆكەیەی كە لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستانەوە دژی وڵاتەكەمان گەشەیپێدراوە، لە ئێستاشدا لێكۆڵینەوە لە بابەتەكە دەستیپێكردووە”.

هێزە ئەمنییەكانمان گەیشتن بەو دەرئەنجامەی، بیرۆكەی سەرەكی شانۆییەكە بانگەشەی “تیرۆر” بووە

سەرەتا ئەم شانۆییە بە زمانی توركی لە ساڵی ٢٠١٤ و لەژێر ناوی “یوزسوف” كە هەر بە مانای بێ ئاگا دێت، لەلایەن گروپێكی سەر بە دەوڵەتەوە نمایشكرا، دواتر و بۆماوەی چەندین ساڵ زۆرێك لە كۆمپانیا و كۆمەڵە كوردییەكان هەوڵیاندا بە زمانی كوردیش نمایش بكرێت.

ژانەری شانۆییەكە كۆمیدی سیاسییە و باس لە كرێكارێك و خاوەن كارەكەی دەكات، كە خاوەنی كۆمپانیای ئۆتۆمبێلی “فیات”ە، ناوەڕۆكی شانۆییەكە باس لە رفاندنی خاوەن كارەكە دەكات لەلایەن رێكخراوی لیوای سور، پاشان لە درێژەی شانۆییەكەدا ئەو ئۆتۆمبێلەی خاوەن كۆمپانیاكەی پێدەڕفێندرێت توشی رووداوی هاتوچۆ دەبێت.

ئەنتۆنیۆی كرێكار لە كۆمپانیای فیات، بە رێكەوت بەنزیك شوێنی رووداوەكەدا تێدەپەڕێت و خاوەن كارەكەی رزگاردەكات، پاشان چاكەتەكەی دەخاتە سەر رووخساری خاوەن كارەكەی و دەیباتە نەخۆشخانە، بەڵام دواتر بێئەوەی خۆی دەربخات، دەڕوات، دواتر لەڕێی پێناسەكەیەوە كە لە گیرفانی چاكەتەكەیدا دایناوە، خاوەن كارەكەی دەیناسێتەوە.

بۆ ماوەی چەندین ساڵ، ئەم شانۆییە بەشێك بووە لە ژیانی ئێمە لە توركیا، ئەو شانۆییە وێنای ژیانی ئێمە دەكات، ئێمە لە زمانەكەمان بێبەش كراوین، گۆرانییەكانمان نێژراون، گوندەكانمان سوتێنراون، ئێمە دەستمان لە وڵاتەكەمان بەردا و كەچی هێشتا ئەوەشیان پێپەسەند نییە، ئەوانەی كە هەموو شتێكیان لێبردین، دەیانەوێت روخساریشمان لێبسێنن.

بۆ ماوەی چەندین ساڵ، ئەم شانۆییە بەشێك بووە لە ژیانی ئێمە لە توركیا

هەفتەی رابردوو، گروپی “ژیانا نو- Jiyana Nu” كە گروپێكی شانۆیی سەربەخۆیەو دەیانویست بۆ یەكەمجار لەمێژووی هاوچەرخی توركیا شانۆیی پیرۆ بەزمانی كوردی پێشكەش بكەن، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە رێگەی نمایشكردنی كارەكەیان پێنەدرا و بڕیاری راگرتنی شانۆییەكەیان درا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا