پۆڵەتیك پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرچاوەیەكی سەربازی هێزەكانی سوریای دیموكراتی رایدەگەیەنێت، تۆمەتباركردنی توركیا بە دەستهەبون لە هێرشەكانی داعش بۆ سەر بەندیخانەی حەسەكە، بەڵگەدارەو “دورە لە تیۆرەی پیلانێگێڕی.”
ئەو سەرچاوەیە كە یەكێكە لە سەركردەكانی هەسەدە دەڵێت، دانپیانانی ئەوانەیان لە بەردەستدایە كە دەستگیركراون و هێرشەكەش هاوكاتە لەگەڵ داگیركردنی عەفرین لە ساڵی 2018 دا، جگە لەوەش لەم كاتەدا توركیا تۆپبارانی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستانی چڕكردوەتەوە.
پاش راگەیاندنی كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی بەندیخانەی حەسەكە، وتەبێژی هەسەدە وتی، پلانی هێرشەكە لە توركیاو عێراق و بیابانی سوریا داڕێژراوە.
باسی لەوەشكرد، 200 بۆ 300 ئەندامی داعش لە ناوچە جیاوازەكانەوە رویان لە حەسەكە كردوە، لەو ناوچانەش، سەرێ كانی و گرێ سپی هەیە كە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیادان.
فەرماندەیی گشتی هەسەدە سێ رۆژ دوای هێرشەكە رایگەیاند، بەڵگە هەیە لە زاری ئەوانەی دەستگیركران، كە لە سەرێ كانی و گرێ سپییەوە رویان لە حەسەكە كردوەو لەپەنای ژمارەیەكی تر كە لە شاری رومادی عێراقەوە هاتون.
داعشە دەستگیركراوەكان، شوێنی مانەوەی سەركردەكانیشیان لەو ناوچانەی رۆژئاوای كوردستان ئاشكراكردوە كە لەئێستادا بە دەست توركیاوەیە.
فەرماندەیی هەسەدە، ئەوەشی خستەڕو، هێرشەكانی توركیا لەمدواییانەدا بۆ سەر عەین عیساو تەلتەمەر و ئەبو راسین رێكەوت نییە.
هێزەكانی سوریای دیموكراتی، سەرلەئێوارەی رۆژی چوارشەممە 26-1-2022 كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی بەندیخانەی حەسەكەی راگەیاند كە ماوەی حەوت رۆژ بو بەندكراوەكانی ناوی یاخیبونیان راگەیاند.