پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
كۆبونەوەی چوار سەرۆكایەتیەكەی عێراق لەگەڵ سەركردەی لایەنە سیاسییەكان كۆتاییهات و بڕیاردرا، حكومەت ژمارەیەك رێكار بۆ رێگریكردن لە دووبارەبونەوەی بۆردومانەكەی توركیا بگیرێتەبەر، جەختیش لەسەر پاراستنی سەروەری خاك و سەلامەتی ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی كرایەوە و بڕیاردرا حكومەتی عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایی نێودەوڵەتی سكاڵا لەسەر توركیا تۆماربكات.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئێوارەی پێنجشەممە، سەرۆكایەتیەكانی عێراق و سەركردەی هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق و كوتلە نیشتمانییەكانی عێراق و نوێنەرانیان لە كۆشكی حكومی لە بەغدا لەسەر بانگهێشتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران كۆبونەوەیەكیان ئەنجامدا، بۆ تاوتوێكردنی دوایین بارودۆخی ئەمنی كە بەهۆی دەستدرێژیی توركیاوە بۆ سەر زەوی و زارەكانی عێراق لە پارێزگای دهۆك لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە، لە ئەنجامدا ژمارەیەك هاوڵاتی عێراقی كۆتایی بەژیانیان هاتوە و برینداربون كە زۆربەیان ژن و منداڵ بون.
باس لەوەشكراوە، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەبەردەم ئامادەبواندا وردەكاریی بارودۆخی سیاسی و مەیدانی و پێشهاتەكان، هەروەها وردەكاری هێرشی ئەم دواییەی توركیا و بەدواداچونی حكومەت بۆ كەسوكاری شەهیدان و بریندارەكان، ئەو ڕێوشوێنانە خستەڕو كە لە ئاستە جیاوازەكاندا گیراونەتەبەر، بۆ بەرگریكردن لە سەروەری عێراق، هەروەها باسی لەو هەنگاوە ئەمنی و سیاسی و دیپلۆماسیانە كرد كە حكومەت گرتویەتیەبەر، ئاماژەی دا بەو سكاڵایەش كە عێراق پێشكەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتوەكان دەكات.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئامادەبوانی كۆبونەوەكە یەكڕیزی هەڵوێستی نەتەوەیی عێراقیان دوپاتكردەوە لە پاراستنی سەروەری عێراق و گیانی عێراقییەكان، سەرەڕای سەركۆنەكردنی دەستدرێژییەكانی توركیا، پشتیوانیان لە رێكارەكان بۆ تۆماركردنی سكاڵا لەسەر توركیا لەناوەندە نێودەوڵەتییەكان دەربڕی.