ئایا ئەردۆغان دوا هەڵبژاردنی تەمەنی سیاسیی خۆی دەدۆڕێنێت ؟

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

تورکیا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان نزیک دەبێتەوە کە لە 31ی ئادار بەڕێوەدەچێت، لەم هەڵبژاردنەدا لایەنە سیاسییەکان کێبڕکێ دەکەن بۆ دیاریکردنی داهاتووی وڵات و لە هەمان کاتدا ئایندەی سیاسی خۆیان، سەرجەم پارتەکان بەڵێنی زۆریان داوە بە هاووڵاتییان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە تایبەتیش قەیرانی ئابووری تورکیا.

ئەوەی هاووڵاتییانی تورکیای بێزارکردووە، قەیرانی ئابوورییە

ئەوەی هاووڵاتییانی تورکیای بێزارکردووە، قەیرانی ئابوورییە. حکوومەت لە دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماردا بە چەندین قۆناغی جیا جیا هەوڵی زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی داوە، بەڵام بەرزی هەڵاوسان لە تورکیا کێشەکانی چارەسەرنەکردووە ئەمەش هاووڵاتییانی بێزار کردووە بۆیە زۆرینەیان داوا دەکەن کێشەکان چارەسەربکرێت.

لە تورکیا، لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار؛ بابەتی کەمی مووچە و قەیرانی ئابووری زیاتر باسی لێوە دەکرێت، پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەردەوام بەڵێنی چارەسەرکردنی رەوشی ئابووری تورکیا دەدەن و رەخنە لە کەمی مووچەی فەرمانبەران دەگرن، ئێستا ئەو پرسە بووەتە بەشێک لە کەرەستەی بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و لایەنەکان دژی یەکتربە کاری دێنن.

چاوەکان لەسەر ئیستانبوڵ و ئەنقەرەن

دەستەواژەیەک لە سیاسەتی تورکیا هەیە، ئەوەی ئیستانبوڵ و ئەنقەرە بباتەوە، تورکیای بردووەتەوە. ئەمەش وایکردووە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا هەموو چاوەکان و کێبڕکێی قوڕسی لایەنەکانیش لە دوو گەورەترین شارەکەی ئەو وڵاتە بێت. لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2019، ئاکپارتی هەردوو شارەوانییەکەی بۆ جەهەپە لەدەستدا بەڵام لە 2023 ئەردۆغان هەر لە دەسەڵات بە براوە مایەوە.

لە کاتێکدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی چەند جارێک لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن ئاماژەی بەوەکرد کە ئەمە دوا هەڵبژاردنە بەشداری دەکات، بۆیە جارێکیتر کێبڕکێکان لە ئیستانبوڵ و ئەنقەرە گەرمتر بوونەوە و پرسیاری ئەوەش هاتە پێشەوە، ئایا ئەردۆغان دوا هەڵبژاردنی تەمەنی سیاسیی خۆی دەدۆڕێنێت یاخود هەموو کارێک دەکات بۆ سەرکەوتن و گێڕانەوەی متمانە بۆ راستکردنەوەی شکستەکەی پێشووی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەو دوو گەورە شارەوانییە.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیادا کە 14ی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات، ڕێژەی 35%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا رێژەی 10%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

زیاتر لە 61 ملیۆن کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لەم هەڵبژاردنەی شارەوانیی تورکیادا دەنگ دەدەن

لە بەرامبەیشدا، جەهەپە دوای شکستهێنانی کەمال کڵچدارئۆغلو لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار، کۆنگرەی ئەنجامدا و سەرۆکی پارتەکەی گۆڕی بەڵام پارتە هاوپەیمانەکانیش لەدەستدا، لەوانەش، ئیی پارتی، دەڤا، ئاییندە و سەعادەت و لەم هەڵبژاردنەش ئومێدی بە دەنگی کورد هەبوو، بەڵام دەم پارتیش بێ ئومێدی کرد لەوەی پشتگیری بکات لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان.

زیاتر لە 61 ملیۆن کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا کە 1.3 ملیۆنیان یەکەمجاریانە، لەم هەڵبژاردنەی شارەوانیی تورکیادا دەنگ دەدەن.

بەگوێرەی داتاکانی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە. لەنێو ئەو دەنگدەرانەدا ملیۆنێک و 32 هەزار و 610یان گەنجن و یەکەمجاریانە دەنگدەدەن. بۆ ئەم هەڵبژاردنە کە کاندیدی 34 پارتی سیاسی لە پارێزگا جیاوازەکاندا کێبڕکێ دەکەن، 206 هەزار سندووق دادەنرێت.

لە هەڵبژاردنی شارەوانیدا سەرۆکی شارەوانیی 81 پارێزگا هەڵدەبژێردرێن، بەجۆرێک 30 لەوانە گەورەشارەوانین و 51یان شارەوانین، هەریەک لە ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، ئامەد، رووها لە گەورەشارەوانییە دیارەکانن.

لە نێو پارێزگاکانیشدا سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکە و بازنەکان هەن، ئەو پارتەی سەرۆکی گەورەشارەوانی بباتەوە، بەڵام زۆرینەی بازنەکان و ئەنجوومەنی شارەوانیی نەبردبێتەوە، دەسەڵاتی تەواوی بۆ کارەکانی نابێت و پارتی رکابەر دەتوانێت بەشێک لە پرۆژەکانی پەک بخات.

گەورەشارەوانییەکان 23یان دەکەونە تورکیا، کە بریتین لە: ئەدەنە، ئەنقەرە، ئەنتالیا، ئایدن، باڵکئەسیر، بورسە، دەنیزلی، ئێکسیشەهیر، هاتای، ئیستەنبووڵ، ئیزمیر، مەڕەش، کایسەری، کۆجائەلی، کۆنیا، مانیسا، مێرسین، موغڵا، ئۆردو، ساکاریا، سامسون، تەکیرداخ و ترابزۆن. حەوتیشیان دەکەونە باکووری کوردستان کە پێکدێن لە: ئامەد، وان، مێردین، ئەرزەڕووم، دیلۆک، مەڵەتی، رووها.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا