په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌نیه‌ یاسای “قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی قوربانیانی چه‌كی كیمیایی” ده‌ربكات

پۆڵەتیك پرێس
سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان رایگەیاند، پەرلەمانی كوردستان دەتوانێت یاسایەك دەربكات تا ئەو كەسانەی بەچەكی كیمیایی زیانیان بەركەوتووە قەرەبوبكرێنەوە.

لەوبارەیەوە ئەیاد كاكەیی بۆ پۆڵەتیك پرێس-ی راگه‌یاند، تا ئێستا لەهەرێمی كوردستان یاسایەك نیە تایبەت بەقەره‌بوكردنەوەی ئەو كەسانەی بەهۆی چەكی كیمیایی ئەو وڵاتانەی چەكیان بەعێراق فرۆشتووە، قەرەبووبكرێنەوە.

وتیشی:”لەساڵی 2017 پڕۆژەیاسایەكمان داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان و تەواوی فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان تا كاربكرێت بۆ دەرچونی یاسایەك، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەكیان نەیانخستۆتە بەرنامەی كاركردنیاوە”.

ئەیاد كاكەیی ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر پەرلەمان ئەو یاسایە دەربكات دەبێتە پاڵپشتیەك بۆ ئەو سكاڵایانەی لەدادگاكان تۆماركراوە، لەسەر كەیسی قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتووان چونكە لەیاسای تاوانە نێودەوڵەتییەكانی عێراقدا، بەتایبەتی باسی قەرەبووكردنەوەی هاوڵاتیانی هەرێم نەكراوە.

بەوتەی سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان، یاسای ژمارە10 ی ساڵی 2005 ی عێراق تایبەت بەتاوانە نێودەوڵەتییەكان تایبەت نییە بەقەرەبووكردنەوەی بەركەوتووانی چەكی كیمایی، بەڵكو یاساكە دەڵێت ئەو كەسانە دەبێت داواكاری پێشكەشی دادگای باری كەسیی بكەن، دواتر بڕیار له‌قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كه‌یان ده‌درێت.

ئەیاد كاكەیی راشیگەیاند، بە ئامادەبوونی پارێزەرانی تایبەت بە کەیسی داواتۆمار کردن لە دژی فرۆشیارانی چەکی کیمیایی بە رژێمی لە ناوچووی بەعس، گفتوگۆیەکی کراوەیان لەپارێزگای هەڵەبجە لە بارەی بەرەوپێشچوون و هەنگاوەکانی تایبەت بە پرۆژە یاسای “بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانیانی تاوانە نێودەوڵەتیەکان لە هەرێمی کوردستان” ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی پەرلەمانیش كاری لەسەربكات دەست بەكۆكردنەوەی واژووكراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا